بابەتمێشک

ڕوانگەیەکی نوێ لە گرفتی کۆمەڵایەتیی گیرۆدەبوون

زۆر جار، بەتایبەت بەساڵاچووەکانمان سەبارەت بە مرۆڤی ئالوودە بە ماددە هۆشبەرەکان، بڕیاری گشتی دەدەن و پسپۆڕ و پزیشکە فێرخوازەکانیش ئەو حوکمانە پشتڕاست دەکەنەوە و  بڵاوی دەکەنەوە. بەڵام گەشەی زانستەکانی دەروونناسی، پزیشکیی دەروونی و بایولۆجی ئەم حوکمانەیان ڕەت کردووەتەوە و لەجیاتی ئەوانە زانیاریی دیکەیان داناوە. بۆ نموونە لە یەکێک لەو حوکمە گشتییانەدا باسی ئەوەی دەکرد کە گیرۆدەیی نەخۆشییەکی درێژخایەن و سەرهەڵدەرەوەیە کە هەر دەڕوات و دەگەڕێتەوە و نەخۆش قەت چاک نابێت. نەخۆشی لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە خۆی بەسەر مرۆڤی گیرۆدەدا دەسەپێنێت؛ بە جۆرێک کە ناتوانێت بەرانبەر بەو هەستە بەرگە بگرێت و پێش بە خۆی بگرێت. بەڵام ئەزموون و زانستی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی کە زۆر خاڵی بەنرخی زاتیی مرۆڤ لەم ڕوانگەیەدا ڕەچاو نەکراوە، خاڵگەلێک وەک هەست و سۆزی مرۆڤ، ئازادی و جەبر و چێژخوازیی مرۆڤ. بە واتایەکی دیکە، ڕوانگەی زانستیی وردبینانە یان گشتبینانە بوو بە هۆکاری لەدەستدان و لەبیرچوونەوەی زۆربەی ڕاستییەکان. هەر بۆیە مرۆڤ لە سەرگەردانیی گشتبینیدا، کەوتە داوی وردبینی و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە توانای هەڵبژاردنی مرۆڤ نەبینرێت.

توانای هەڵبژاردنی مرۆڤ یەکێکە لەخاڵە بەهێزەکانی ئەم بوونەوەرە و بە درێژایی مێژوو و لە کلتوورە جیاوازەکاندا بایەخی پێ دراوە. بۆ وێنە لە کلتووری ئینگلیزیدا دەوترێت:

take less from what you like best
ئەمە خۆی نیشان دەدات کە مرۆڤ دەتوانێت هەڵبژێرێت. یان لە زمانی عەرەبیدا دەوترێت:
خیرالامور اوسطها
لە زمانی خۆشماندا کاتێک دەوترێت ئەمڕو ئەو کارە دەکەم و سبەی کارێکی تر، بە مانای توانای مرۆڤە لە هەڵبژاردندا.

ئەمڕۆکە وادیارە کە زانستی وردبین بە ڕێژەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، زانستی دەروونناسی و فەلسەفە دەتوانێت هەڵەکانی ئێمە ڕاست بکاتەوە و ڕێگەیەکی دروستمان نیشان بدات. توێژەران و پسپۆڕانی بواری گیرۆدەیی، سروشتی ئەم نەخۆشییە لەژێر سروشتی مرۆڤ بەگشتی شی دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە بابەتەکە زۆر ئاسانە. هەموو مرۆڤەکان کاتێک دەرفەتی هەڵبژاردنی جۆراوجۆریان هەبێت، بژاردەیەک هەڵدەبژێرن کە ئاسانتر بێت و خۆشییەکی زۆرتر ساز بکات و بیر لە سبەینێ و ڕۆژەکانی دواتر ناکاتەوە. کاتێک ئەم بژاردەیە ماددەی هۆشبەر و خۆشییە سەیروسەمەرەکانی دوای کەڵکوەرگرتن لێی ببێت، زۆربەی بژاردەکانی تر دەکەونە پەراوێزەوە. زۆربەی دروونناسەکان و پزیشکەکانی دەروونی و کەسانێک کە بەتایبەتی لە بواری ماددە هۆشبەرەکاندا چالاکن، ئەو خاڵە گرنگەمان وەبیر دەهێننەوە کە هەر لە بنەڕەتدا مرۆڤ گیرۆدەی هەڵبژاردە گەمژانەکەی خۆیەتی و هیچ پەیوەندییەکی بە ماددەی هۆشبەر و شتی ترەوە نییه. مرۆڤ لە بڕیارەکانیدا کاتی ئێستا یان نزیکترین داهاتوو ڕەچاو دەکات.

بەڵام ئەمە تەنیا یەکێکە لە گریمانەکانی گیرۆدەبوون. گریمانەیەکی تر کە باسی لێوە کراوە و بە ڕادەی گریمانەی پێشوو بەنرخ و گرنگە، گریمانەی خۆچارەسەرکردنە (addicion as self medicaion). لێرەدا باس لەوە دەکرێت کە مرۆڤ بۆ هەڵاتن لە ئێش و ئازاری جەستەیی و دەروونی بە جۆرێک بیر لە چارەسەرکردنی خۆی دەکاتەوە و گرنگ نییە بۆی کە ئەم کارە بە کەڵکوەرگرتن لە ماددەی یاسایی بیکات یان نایاسایی. دەرمانە نۆێکانی دەروونناسی باس لەم دیاردەیە دەکەن کە دەبێت هیوا لە ڕەنج و ژاندا بدۆزرێتەوە (ڕوانگەیەکی وەکوو تیۆریی ACT).

پسپۆڕانی بواری گیرۆدەبوون لەو باوەڕەدان کە تێگەیشتنی دروونناسانە و مرۆڤانه لە کردەوەی گیرۆدەیی، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی مرۆڤی ئالوودە، وەک کەسێکی مەترسیدار سەیر نەکرێت و دەست لە خراپ سەیرکردنیان هەڵبگیرێت و ناوناتۆرەی سووکیان لێ نەنرێت کە جارجار بۆخۆشیان لەسەر خۆیانی دادەنێن. بەم شێوەیە یارمەتیی ئەو کەسانە و بنەماڵەکانیان بدەین.

گەرچی نەخۆشیی گیرۆدەیی بە ڕواڵەت نیشانەکانی نەخۆشیی جەستەیی دەردەخات بەڵام بەڵگە کلینیکاڵ و زانستییەکان ئەو دیاردەیە رەت دەکەنەوە. گیرۆدەبوون نەخۆشی نییه بەڵکوو ناڕێکییەکە کە بنەڕەتی لە گرفتە دەروونییەکاندایە، بە جۆرێک کە ئەم گرفتە دروونییانە کارێک دەکەن کە ماددەی هۆشبەر یان کردارگەلێکی پەیوەندیدار بەمە بە ڕێژەیەکی زۆر دڵلاوێن و دڵڕفێن بن. کەواتە ئەگەر پێشتر لە مرۆڤی ئالوودەمان دەپرسی کە ” ماددە هۆشبەرەکە چیت لێ دەکات؟”، ئەو جار دەبێت لێی بپرسین کە ” ماددە هۆشبەرەکە چیت بۆ دەکات؟”، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت حاڵم خۆش دەکات و ئێش و ئازارم لەبیر دەباتەوە.
خاڵێکی گرنگ لەم نێوەدا جەختکردن لەسەر ئەوەیە کە پێویستە زیاتر کەڵک لە زانستە دەروونناسییەکان وەربگیردرێت. زانستێک کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن و پێشبینیی کرداری گیرۆدەیی.

ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ڕوانگەی ناڕاست لە هزر و گوتار و کرداری خەڵک و چینی خوێندەواردا زۆر دەبینرێت. دروشم دان و سەبارەت بە بابەتی جۆراوجۆر حوکمی گشتی دان بەشێکە لە کرداری ئێمە. ئەم شێوە هەڵسوکەوتە گەرچی نانوئاوی بۆ هەندێک کەس تێدایە بەڵام لە ئاکامدا ئێش و ئازار و کۆمەڵگە چارەسەر ناکات، بەڵکوو گەورەتریشیان دەکات.

لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین بەکار بردنی ماددەی هۆشبەر تەنیا نیشانەیەکە. نیشانەیەک لە گرفتێکی دەروونی کە دەتوانیت کاتی بێت یان ساڵەهای ساڵ درێژەی هەبێت و جاروباریش بۆ تەواوی تەمەن بێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە کەمتر لە ١٦ لەسەدی ئالوودەبووان هەتاکوو دوایین ساتی ژیانیان ماددە بەکار دەبەن. وێنەیەک لە مرۆڤە سەرکەوتووەکان کە پێشتر گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بوون ئەمانەن:

جۆرج بووش سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژگارێک کحوولی (ئەلکولی) بووە.

ئۆپێرا وینفڕی بەناوبانگترین پێشکەشکاری ئەمریکا هۆگری کۆکایین بووە.

دەنیێڵ ڕادکڵیف کە ڕۆڵی هەری پۆتەری دەگێڕا کاتی خۆی کحوولی بووە.

زیگمۆند فرۆید بەکارهێنەری کۆکایین بووە.

ئامادەکردن: ناسر ڕەسوولییان
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە:
پێشەکیی کتێبی: “اعتیاد: اختلال انتخاب، مولف: جین ام ھیمن، مترجم علی نیکزاد، انتشارات رسانە تخصصی، ۱۳۹۶” وەڕگێڕان لە:
Heyman, Gene M., Addiction: a disorder of choice. Harvard university press, 2009.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button