بابەتزانستە بنەماییەکان

گواستنەوەی کارەبا بەبێ تەل!

 

کۆمپانیایەکی نیوزیلاندی دەیەوێت گواستنەوەی کارەبا لەناو هەواوە تاقی بکاتەوە.

لە پشتی تاقیگە پێشووەکەی نیکۆلا تێسلا لە واردەنکڵایف لە لانگ ئایلەندی نیویۆرکدا، بنچینەگەلێک هەیە؛ ئەویش پاشماوەی بورجێکی ٥٧ مەترییە کە تێسلا وەکوو بەشێک لە تاقیکردنەوەیەک بۆ گواستنەوەی زانیاری و کارەبا بەبێ تەل بە مەودای دوورەوە، لە ساڵی ١٩٠١دا دەستی بە کردنەوەی کرد. هەروەک پێشبینیی کرد، ڕاگواستنەوە بەبێ تەل کاریگەریگەلێکی هەبوو کە دنیای دەگۆڕی، بەڵام ئەو سەرکەوتوو نەبوو کارەبا بۆ مەودایەکی زۆر دوور بگوازێتەوە. لە ئەنجامدا، لە ماوەی پێنج ساڵدا کارەکە ڕاگیرا و پاشان بۆ دانەوەی قەرزەکانی بورجەکەی هەڵوەشاندەوە. تێسلا کە کەسێکی پێشەنگ بوو کە پەرەی بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی تەزووی نۆرەکی دا، تا ڕادەیەک ناوی ون بوو.
هەر بەم شێوەیە مایەوە هەتاکوو ناوی تێسلا لەلایەن ئیلان ماسکەوە وەکوو براندی کۆمپانیایەکی ماشینی کارەبایی زیندوو کرایەوە. وا دیارە ئێستا خەریکە خەونەکەی تێسلا بۆ گواستنەوەی بەبێ تەلی کارەباش دێتەوە گۆڕێ. ئیمرۆد، کۆمپانیایەکی نیشتەجێی ئاوکلاندە کە لەگەڵ پاوێرکۆدا (دابەشکەرێکی کارەبای نیووزیلاندە)، بۆ پەرەپێدانی سیستەمێک بۆ بەکارهێنان لە دامودەزگایەکی تاقیکاریی بەستراودا هاوکاری دەکات. لە پرۆژەیەکی جیاوازیشدا، پلانی وایە لە کێڵگەیەکی هەتاوی لە دوورگەی باکوورەوە بۆ ڕاژەخوازێک بە دووریی چەندین کیلۆمەتر، وزە بگوازێتەوە.
ئامانج گواستنەوەی کارەبا بە شێوەی گورزە تیشکێکی باریک لە مایکرۆوەیڤە. ئەمە بەسەر دوو کەموکوڕیی بنەڕەتیی پلانەکەی تێسلادا سەردەکەوێت. یەکێکیان ئەوە بوو کە چۆن بەهای ئەو کارەبایە کە خەڵک بەئاسانی لە هەواوە وەری دەگرن، هەژمار بکرێت، ئەوەی دیکەیان پێویستیی زاڵبوون بەسەر یاسای بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەییدا بوو، کە دەڵێت هێزی سیگناڵ لەگەڵ مەودای تێپەڕبووی دووجادا پەیوەندیی پێچەوانەی هەیە. دەرەنجامی یاساکە ئەوەیە کە هێزی سیگناڵ تەنانەت لە مەودایەکی کورتیشدا بەتوندی دادەکشێت. گواستنەوەی کارەبا بە شێوەی گورزە تیشکێکی باریک، لەجیاتیی تیشکدانەوە لە هەموو ئاراستەکاندا، لە کەمکردنەوەی ئەو کێشەیەدا یارمەتیدەرە.
گواستنەوەی گورزەیی کارەبا، وەکوو پرۆسەکەی ئیمرۆد، پێشتر تاقی کراوەتەوە بەڵام زۆرتر بۆ بەکارهێنانی سەربازی، یاخود بۆ بەکارهێنان لە فەزادا. ناسا (ئاژانسی فەزایی ئەمریکا) لە ساڵی ١٩٧٥دا مایکرۆوەیڤی بۆ ناردنی ٣٤ کیلۆوات کارەبا بە مەودای ١.٦ کیلۆمەترەوە بەکار هێنا؛ ڕیکۆردێک کە هێشتا نەشکێنراوە. ئەگەرچی هەرگیز بۆ بەکارهێنانی بازرگانی پەرەی پێ نەدراوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکەی ئیمرۆد بە هۆشیارییەوە و بە گواستنەوەی ڕادەیەکەوە دەست پێ دەکات کە گرێگ کوشنیر (دامەزرێنەری کۆمپانیاکە) بە “چەند کیلۆواتی کەم” بە مەودای ١.٨ کیلۆمەترەوە ناوی دەبات. پاشان بەرەبەرە هەم کارەباکە و هەم مەوداکە زیاد دەکرێت. ناجێگیری یەکلاییکەرەوە ئەو کارامەییەیە کە دەتوانرێت کاری پێ بکرێت. بەپێی قسەکانی کوشنیر، لە ئێستادا کارامەیی نزیکەی ٦٠٪ـە، کە ئەو پێی وایە بۆ بەکردەوەییکردنی بازرگانیی گواستنەوەی گورزەیی کارەبا لە هەندێک هەلومەرجدا، وەکوو دەستڕاگەیشتن بە ناوچە دوورەدەستەکان بەبێ سەرفکردنی پارەیەکی زۆر بەسەر هێڵە کارەباییە پڕتێچووەکانەوە، بە ڕادەی گونجاو باشە. بەڵام ئیمرۆد بۆ باشترکردنی بابەتەکە دوو فەنی دیکەی بە دەستەوەیە. یەکێکیان کردنەکاری ڕیلەیە، ئەوەی دیکەیان تاموخوێکردنی وەرگرەکان بە میتاماددەکانە.
ڕیلە، کە ئامێرێکی ناچالاکە کە کارەبا بەکار ناهێنێت، وەکوو لێنز کار دەکات و گورزە مایکرۆوەیڤەکان کۆجێ دەکاتەوە و بە کەمترین خەساری گواستنەوەوە هەناردەیان دەکات. هەروەها ئەگەر پێویست بێت، دەتوانێت بە ئاراستەیەکی دیکەدا بەڕێیان بکات. ئەمە واتە پێویست نییە ڕاگوێزەر و وەرگر بەسەر هێڵی دیتنی یەکترەوە بن.
میتاماددەکان پێکهاتەگەلێکن کە داگری بڕێکی کەم لە کانزا گەیێنەرەکان و پلاستیکە ناگەیێنەرەکانن، کە بە شێوەیەک ڕێک خراون کە دەبێتە هۆی کارلێکیان لەگەڵ تیشکدانی ئەلیکترۆمەگناتیسی بەتایبەت وەکوو مایکرۆوەیڤەکان. ئەمانە پێشتر لە ئامێرە بزرکەرەکاندا کە یارمەتیی کەشتییە جەنگییەکان و باڵافڕە سەربازییەکان دەدەن تاکوو خۆیان لە ڕادارەکان حەشار بدەن، بەکار براون. بەڵام دەکرێت بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی کارامەتر شەپۆلە ئەلیکترۆمەگناتیسییەکان بکەن بە کارەبا، لە ئانتینێکی وەرگریشدا بەکار ببرێن.

بڵاوبوونەوەی مایکرۆوەیڤە بەهێزەکان بەناو هەوادا هەندێک مەترسیی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا فڕنی مایکرۆوەیڤ بە شەپۆلگەلێکی هاوشێوە چێشت گەرم دەکاتەوە. ئیمرۆد دەڵێت: چونکە چڕیی کارەباکە بە ڕێژە کەمە، ڕانانی کورتی گورزەتیشکەکانی نابێت ببێتە هۆی زیانگەیشتن بە خەڵک یان ئاژەڵەکان. سەرەڕای ئەمەش بۆ خۆبواردن لە هەڵکەوتەکان، گورزەتیشکەکان بە شتێک بە ناوی پەردەی لەیزری دەوروبەریان دەگیرێت. پەردەی لەیزری، گورزەتیشکێکی لەیزریی کەمهێزە کە زیاناوی نییە. بەڵام ئەگەر بە هۆی دەستتێوەردانی شتێک وەکوو پەلەوەرێک یان کۆپتەرێکی نزم (کە لە نیوزیلانددا بۆ کۆکردنەوەی مەڕەکان بە کار دێت)، پەردەیەک جووڵە بکات، خێرا دەبێتە هۆی پچڕانی کارەبا و گواستنەوەی مایکرۆوەیڤ بەشێوەی کاتی دەپچڕێت و باترییەکانی لایەنی وەرگر لە ماوەی پچڕانەکەدا دەبنە جێگرەوە.
ئەگەر گواستنەوەی گورزەیی کارەبا سەرکەوتوو بێت، ئیمرۆد بەتەنیا خاوەنی گۆڕەپانەکە نییە! چونکە ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە بەسەر ئەم بیرۆکەوە کار دەکەن. ترانسفێرفای کە لە وڵاتی سنگاپووردایە خەریکە پەرە بە سیستەمێک دەدات کە گورزە شەپۆلی ڕادیۆیی بۆ گواستنەوەی کارەبا بۆ ئامێرگەلێکی وەرگری تایبەت دروست دەکات کە بە گشتی لەچاو مایکرۆوەیڤەکان لەرەیەکی کەمتریان هەیە. ئەمە بیرۆکەیەکی کورتماوەیە کە بۆ ئامێرە کارەباییەکانی ناو کارخانەکان و ماڵەکان داڕێژراوە. پاوێرلایت تەکنۆلۆجیز کە کۆمپانیایەکی ئەمریکاییە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدا بۆ گواستنەوەی کارەبا بۆ بنکە دوورەدەستەکان و هەروەها بۆ کارەباگەیاندن بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کاتێکدا کە بە ئاسمانەوەن، لەسەر بەکارهێنانی لەیزەرەکان کاری کردووە. هەروەها کۆمپانیاکە هەر وەک “پیشەسازییە قورسەکانی میتسووبیشی” کە کۆمپانیایەکی ئەیندازیاریی ژاپۆنییە، چاوی لە بەکارهێنانە بازرگانییەکانیشە. بەتایبەت میتسووبیشی ئاواتگەلێکی مەزنی هەیە و لە تەنیشت بەکارهێنانە پیشەسازییەکانی سەر زەویدا، خەریکە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا بۆ ناردنی کارەبا لە سەتەلایتە جێگیرەکانەوە کە لەگەڵ پەنێلە هەتاوییەکاندا یەکخراون بۆ سەر زەوی، دەکۆڵێتەوە. ئەمەش گواستنەوەی تا زیاتر لە ٣٥٠٠٠ کیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت.

wireless: بێتەل
alternating current: تەزووی نۆرەکی
beam: گورزەتیشک
power-beaming: گواستنەوەی گورزەیی کارەبا
law of radiative propagation: یاسای بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەیی
efficiency: کارامەیی
relay: ڕیلە
metamaterial: میتاماددە
geostationary satellite: سەتەلایتی جێگیر

ئامادەکردن: ئارمین شەریفی
پێداچوونەوەی زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە: https://www.economist.com/science-and-technology/2021/02/25/electricity-can-be-transmitted-through-the-air

Feb 25th, 2021

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button