بابەتتەندروستی

چ کاتێک لە ڕۆژ بۆ وەرزشکردن گونجاوترە؟

ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی فیتزرۆی ئوسترالیا نیشان دەدات ڕەنگە وەرزشکردن لە کاتی ئێواراندا بە بەراورد لە گەڵ وەرزشکردن لە کاتی بەیانیاندا بۆ تەندروستیی مرۆڤ بە سوودتر بێت. هەروەها دەرکەوتووە که وەرزشکردن لە کاتی ئێواراندا باشتر دەتوانێت شەکرە و چەوریی خوێن دابەزێنێت.

ئەو توێژینەوە نوێیە بە پێچەوانەی زۆربەی توێژینەوەکانی بەر لە خۆی کە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا سەبارەت بە کاریگەریی وەرزشکردن لەسەر لەشی مرۆڤ کەمتر بەهایان بە پەیوەندیی خواردن و نووستن لەگەڵ وەرزشکردن داوە، سەرنجی خۆی خستووەتە سەر کاریگەریی کاتی وەرزشکردن لەسەر میتابۆلیزمی لەشی مرۆڤ.

ئەم توێژینەوەیە لەسەر ٢٤ پیاوی ئۆسترالی که وەرزشیان نەدەکرد و تووشی قەڵەوی بوون تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە. لە پرۆسەی توێژینەوەکەدا، ئەو ٢٤ کەسە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەبێ ئەوەی کە وەرزش بکەن خواردنی چەوریان پێ درا. دوای ئەو قۆناغە و بەر لە دەستپێکرنی قۆناغی دووەم پشکنینی خوێنی بەشداربووان کرا و ئەنجامەکە نیشانیدا کە کۆلیسترۆڵ و چەوری خوێنی ئەوان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە ئەوەش خۆی ئەگەری گیرانی دەمارەکان و وەستانی دڵ یەکجار دەباته سەرێ.

لە قۆناغی دووەمدا، بەشداربووان بەسەر ٣ دەستەی ٨ کەسی دابەش کران. لەو قۆناغەدا، بەپێی پیلانی توێژینەوەکە، دەستەی یەکەم بەیانیان کاتژمێر ٦:٣٠ و دەستەی دووەم ئێواران کاتژمێر ٦:٣٠ وەرزشیان پێ کرا؛ هەروەها دەستەی سێیەم وەکوو دەستەی کۆنتڕۆڵ بە گشتی وەرزشیان پێ نەکرا.

لە کۆتاییدا دوای ٥ ڕۆژ وەرزشکردن، واتا قۆناغی دووەمی توێژینەوەکە، دەرکەوت ئەو کەسانەی که ئێواران وەرزشیان کردووە له کۆنترۆڵکردنی چەوریی خوێن و دابەزاندنی مەترسیی لەسەر دڵ و دەمارەکانیان سەرکەوتووتر بوونە و هەروەها شەوانەش له کاتی نووستندا شەکرەی خوێنیان له ئاستێکی گونجاوتردا بووە.

بەڵام ئەو توێژینەوە بەو مانایە نیە که وەرزشکردن لە کاتی بەیانیاندا بێکەڵکه. به پێچەوانه بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە که زۆربەی خواردنەکانی چەور و شیرینن و هەروەها جموجووڵیشی کەمە، هەر کاتێک دەرفەتی هەبێت پێویستە وەرزش بکات.

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە: www.nytimes.com

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button