بابەتتەندروستی

سابوونی سروشتی و سابوونی کیمیایی

هەزاران ساڵە کە مرۆڤ به تێکڵاوکردنی بەرد یان خۆڵی قەلیاو (سۆدیۆم کاربۆنات یان پۆتاسیۆم کاربۆنات) لەگەڵ چەوری و پیوی ئاژەڵ، سابوون دروست دەکات و بەکاری دەهێنێت. ئەگەرچی لە هەندێک شوێن وەک ئیسپانیا لەجیاتی چەوریی ئاژەڵ له ڕۆنی زەیتوونیش کەڵک وەرگیراوە. بەڵام ئەمڕۆکه به تێکڵاوکردنی سۆدیۆم هایدرۆکساید لەگەڵ هەر چەشنە چەورییەکی ئاژەڵ یا ڕۆنی گیایی، سابوون بەرهەم دەهێنرێت.

لە سەدەی بیستەمدا، وردەوردە سابوونه کیمیاییەکان هاتنه گۆڕێ کە لەچاو سابوونی دەستکرد، زۆر باشتر کەفیان درووست دەکرد، هەرزانتر بوون و هێزێکی زۆرتری پاککردنەوەشیان هەبوو. لە سەرەکیترینی ئەوان، ئەو پاککەرەوانە بوون کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی سولفات دروست دەکران کە بریتی بوون لە “سۆدیۆم لۆریل سولفات” یان “سۆدیۆم لۆریل ئێتر سولفات”. پێکهاتەکانی سولفات دەبنە هۆی هەستیاری و ورووژاندنی پێست و بۆ چاو و سییەکان مەترسییان هەیە. هەروەها بۆ ماسی و ئاوژییەکانی دیکه وەک مادەی ژەهراوی پێناسە کراون.

لە پرۆسەی دروستکردنی سابوونی سروشتی، مادەی گلیسیرین دەخولقێت که سوودی زۆری بۆ پێست هەیه و دەبێته هۆی شێداری و نەرمبوونی پێست و هەروەها بەرگری دەکات له هەستیاری و وشکیی پێست. جگە لەوەش به پێوەزیادکردنی ڕۆنی گیایی وەک ڕۆنی زەیتوون، بادام، ناوکی ترێ و هەروەها شیلەی سروشتیی گوڵ، وەک گوڵی بەیبوون و هێرۆ و بۆنی نەعنا و دارچین و مێخەک که پێکهاتەی دژەهەستیارییان تێدایه، ئەو سابوونانه ڕەنگ و بۆنێکی سروشتی دەگرن و لەوەش زیاتر سوودیان دەبێت.

ئامادە کردن: سیامەند ئیلخانیزادە
پێداچوونەوەی زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە:
Surfactants in Cosmetics

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button