بابەتمێشک

“ژیانی دووانە” چیمان پێ دەڵێت؟

دووانە هەمیشە بۆ ئێمە جێگەی سەرسووڕمان بووە. بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا بەشێکی زۆر لە مشتومڕەکان لەسەر ئەوە بووە کە بزانرێت ئاخۆ جینەکان زۆرتر کار دەکەنە سەر دووانە یان ژینگە. نانسی سیگاڵ  لە ساڵی ١٩٩١دا ناوەندی “توێژینەوە لەسەر دووانە”ی  لە شاری کالیفۆرنیادا دامەزراند. ئەو دامەزراوەیە لە دووانە دەتوێژێتەوە و تا ئێستا زۆرتر لە ٢٠٠ وتاری زانستییان بڵاو کردووەتەوە.

دووانە دوو جۆری وێکچوو و وێکنەچوویان هەیە. دووانە وێکچووەکان هەر وەک دیارە تەواوی تەختەی جینەکانیان هاوبەشە و لە یەک دەچن بەڵام وێکنەچووەکان بە لای زۆرەوە پەنجا لە سەدی جینەکانیان هاوشێوەیە. لە دەیەی ١٩٨٠دا بایۆلۆژی زۆر لە بڕەودا بوو و وایاندەزانی سەرچاوەی هەڵسوکەوت لە جین و بایۆلۆژیدا ‌هەڵکەوتووە. بەڵام ئێستا زانست لەو چەقبەستووییەی ئەو ساڵانە تێپەڕیوە. ئێستا زۆر هۆکاری دیکەش لەسەر کردار و ڕەوشتی دووانە بە کارتێکەر دەزانن. ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە؟ “چ فاکتەر گەلێکی ژینگەیی پێش لەدایکبوون و دوای لەدایکبوونی منداڵ، جینەکان چالاک دەکەن؟” هەر لێرەدا دووانە وێکچووەکان بە هانامانەوە دێن. ئێمە دەزانین ئەوان لە ڕووی بایۆلۆژی و جینەوە زۆر لەیەک دەچن، ئیدی بۆ یەکیان تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبێت و ئەوی دی نا؟ ئەگەر لە دووانە یەکیان تووشی شیزۆفرێنیا ببێت ئەگەری تووشبوونی ئەوی تر تەنیا چل لە سەدە. واتە ژینگەی ئێمە دەتوانێت شێوازی کارکردنی جینەکان بگۆڕێت. نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش باسی سکات کێڵییە. سکات لەگەڵ براکەی مارک دووانەی وێکچوون و هەردووکیان کەشوانن. کاتێک سکات ویستی بەبێ براکەی بۆ یەک ساڵ کەشوانی بکات و زەوی بەجێ بهێڵێت، چەند تاقیکردنەوەی جینی و خوێنییان لەسەر هەردوو برا ئەنجام دا تاکوو ئاگاداری کارتێکەریی ژینگە لەسەر مرۆڤ ببن. کاتێک سکات گەڕایەوە زەوی، تاقیکردنەوەکان پیشانیان دا کە ئەم دووانە لە ڕووی کرۆمۆسۆمەوە لەیەک جیاوازن واتە کرۆمۆسۆمەکانی سکات زۆرتر لەوانەی مارک دەژین! بەڵام دوای چەند ساڵ سکات شێرپەنجەی پرۆستاتی گرت و چاک بووەوە. بەدوای ئەودا مارکیش هەر ئەو بەڵایەی بەسەردا هات. ئەگەرچی توێژەران دەڵێن ئەو نموونەیە زۆر دەگمەن بووە بەڵام بەجوانی کارتێکەریی ژینگە و بایۆلۆژی لەسەر مرۆڤ پیشان دەدات. واتە دووانەکان لە یەکدی وەردەگرن و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە.

هەڵەیەکی بەرچاو ئەوەیە کە وا دەزانین دووانە وێکچووەکان سەد لە سەد لەیەک دەچن. توێژینەوەکان پیشانیانداوە ئەوان لە ڕەنگی چاو، بەرزیی باڵا، کێش و هتددا جیاوازن. لە ڕاستیدا، دووانە زۆر وێک دەچن، بەڵام جیاوازیی ئەوان زۆرترە لەوەی خەڵک بیری لێ دەکەنەوە. هەر ئەوە ئەوانی تا ئەو ڕادەیە جێی سەرنجی کۆمەڵگە و ئاکادێمیسییەنەکان ڕاگرتووە.

 

چۆن لەگەڵ دووانە هەڵسوکەوت بکەین؟ 

 

دووانەش وەکوو هەموو تاکەکانی تری کۆمەڵگە پێیان خۆشە خاوەن کەسایەتیی تایبەتی خۆیان بن. بەو هۆیە وا باشترە دایک و باوکەکان جلوبەرگی جیاواز لەبەر دووانەیان بکەن؛ قژیان جیاواز بۆ کورت بکەنەوە، تا خەڵک بیانناسنەوە و بە “دووانە” یان ” ئەتۆ کامەیانی؟” بانگیان نەکەن. زۆر جاریش دووانەکان پێیان خۆشە بۆ شایی و بەزمەکان وەکوو یەک جل لەبەر بکەن، هیچ عەیبی نییە؛ بەڵام پێشیان بڵێن بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمەڵگە ڕابکێشن پێویست نییە وەکوو یەک بن.

 

توێژینەوەکان پیشانمان دەدەن وا باشترە دووانەکان لە قوتابخانەدا لەیەک هەڵنەبڕێن؛ دیارە ئەوە ناکۆکیی زۆریشی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام پێکەوەبوونی ئەوان ناخۆشییەکان دەخاتە پەراوێزەوە. 

 

وشە سەرەکییەکان:

Twin:دووانە

Identical twins: دووانەی وێکچوو

Fraternal twins: دووانەی وێکنەچوو 

Astronaut: کەشوان

Trigger: هەڵگیرساندن

 

ئامادەکار: ئەمیر عەبدوڵڵاپوور

پێداچوونەوەی زانستی: مسلم ئەحمەدی 

پێداچوونەوەی زمانی: مسلم ئەحمەدی 

 

سەرچاوە: 

بەشێک لە کتێبی Segal, N.L. and Montoya, Y.S., 2018. Accidental brothers: The story of twins exchanged at birth and the power of nature and nurture. St. Martin’s Press.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button