بابەتتەکنەلۆجیا

بەگەڕخستنی تەکنەلۆجیا لە پێناو سەرخستنی خوێندن

بەگەڕخستنی تەکنەلۆجیا لە پێناو سەرخستنی خوێندن

پەککەوتنی ڕەوتی خوێندن بە هۆی فایرۆسی کۆڤید-١٩ لە سەرانسەری جیهان پەستانێکی نوێی لەسەر تەکنەلۆجیا دروست کرد، بە جۆرێک کە ڕێگەی نوێ و ئاسانکاریی تەکنیکی بۆ بەستنەوەی فێرخواز و هۆڵەکانی خوێندن هێنایە ئاراوە.

لە هەندێک وڵاتدا ئەمە خاوتر دەبینرێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە پاراستنی ژیان، تەزووی کارەبا و ئاویان بە بەردەوامی بۆ دەستەبەر نەکراوە. تۆ کاتێک ڕایەڵەیەکی کۆمپیوتەرت دەبێت کە گرفتی تەزووی کارەبات نەبێت، ناکرێت ئەم گەڕەکە سەرهێڵ بن و منداڵەکانی بخوێنن، ئەوی تریش چاوەڕێی سەرەی کارەبا بێت. لەم کاتەدا هەبوونی سیستمێکی دیجیتاڵ بۆ فێرخوازان نادادی پێوە دیار دەبێت. جێگرەوەی ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ کاغەز و چاپی سەر وەرەقە.

ڕاستە بەربەست زۆرن بۆ وانەی دیجیتاڵ و خوێندن لە ماڵەوە، بەڵام دەکرێت وەکوو ژێرخانێکی بەهێزیش بۆ زۆر بارودۆخی نالەبار، ئەم سەکۆیە دابمەزرێندرێت و کاری بۆ بکرێت. هیچ شتێک بێ پلە و قۆناغ تێپەڕ نابێت، تۆ ناتوانیت لە ماوەیەکی کورتدا ببیتە خاوەن سیستمێکی دیجیتاڵ و بێهەڵە، سیستمێک کە خواستەکانی خوێندن بپێکێت دەبێت بە چەند قۆناغێک دروست بکرێت و تاقی بکرێتەوە.

وەکوو کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە ئەڵمانیا بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی ژوورەکانی خوێندن، پۆلەکان کران بە دوو بەشەوە ، هەر بەشەو هەفتەیەک سەردانی قوتابخانەی دەکرد، ئەوانەی لە ماڵەوە بوون، بەشی هەفتەیەک ڕاهێنان و ئەرکی ڕۆژانەیان پێ دەسپێردرا. لە ئەنجامدا قوتابی سەرکەوتووانە خوێندنی ساڵێکی تەواو دەکرد و هاوکات کەمێکیش دەگەڕایەوە کەشی خوێندن. دیارە بۆ زۆر شوێنی تریش ئەم دابەشکردن و شێوە هاتوچۆیە باشتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو قوتابخانەیەک شیکاریی دیجیتاڵی پێشکەش دەکرد، مامۆستاکان لەسەر بەرنامەی خوێندنی دیجیتاڵ وانەکانیان دەوتەوە، ئەگەرچی هاتن و بەشداری لە سەرەتادا تۆپزی (زۆرەملێ) نەبوو، چوونکە ئامارێک لەبەر چاوی بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان نەبوو کە کێ توانای سەرهێڵبوونی هەیە و کێ ئینتەرنێت و ئامێری تەواوی هەیە بۆ چوونە ناو سیستمی خوێندنی سەرهێڵ. کاتێک دەرکەوت ٩٠٪ بەرەوژوور گرفتی نییە، ئەو کات کرا بە تۆپزی و ١٠٪ی تریش بە بەردەستخستنی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر هاوکاری کران.

لە ڕاستیدا دەیان ئامراز و نەرمامێر هەیە کە هەموو ڕاژەکان و بەشەکانی قوتابخانەی تێدایە، هەر هەموویان تاقی کراونەتەوە و هەندێکیشیان سەرچاوەکراوە (open source) و بێبەرانبەرن ، دەکرێت ڕاستەوخۆ زمانی کوردییان بۆ زیاد بکرێت و دابمەزرێنرێت. هەندێکیشیان بە پارەیەکی کەم دەتوانرێت بەشی نوێیان لەسەر دابنرێت و بەگوێرەی ڕێسا و خواستی شێوەی خوێندن دەستکاری بکرێن. Team (تیم)، Zoom (زووم) و هەندێک نەر‌مامێری تر بەخێرایی بوون بە شیکارێک بۆ زۆرینەی دامودەزگاکان و لە بواری خوێندنیشدا ڕۆڵێکی باشیان گێڕا بۆ دروستکردنی ژووری خوێندن لە کۆمپیوتەردا.

سیستمێکیش بە خواستی خوێندنی وڵات دروست بکرێت، ئەوا بێگومان دەبێت هەموو ئامزار و ڕاژەیەکی تێدا بهۆنرێتەوە و ئامادە ببێت، لەم حاڵەتەدا بێگومان کات و پارەی زۆرتری پێویستە.

تەکنەلۆجیا چەندین ئاسانکاری بۆ خوێندن دابین کردووە و تەنیا لە خوێندنی سەرهێڵ قەتیس نەماوە، بەڵکوو بۆ هەموو هەنگاو و پێداویستییەکی مامۆستا و فێرخواز بەرنامە و سیستمی ئەلیکترۆنی دروست کراوە. مامۆستا پێویستە بە هەنگاوی داڕێژراو ئەو جۆرە ئامراز و سیستمانە بە فێرخوازان بناسێنێت و ڕاهێنانیان پێ بکات. ئەمە بۆ خۆی هەنگاوێکە کە بەرکەوتن و ناسینی سیستمەکان ئاسان دەکات، هەروەها دواتر بڕیاردان بۆ دیجیتاڵکردن وەڵامدانەوەی ئەرێنیی دەبێت .

ڕەوتی دیجیتاڵکردن تەنیا بە دابینکردنی سیستمێکی بەڕێوەبردنی قوتابخانە و وانەی سەرهێڵ کۆتایی نایەت، بەڵکوو ئەوە بەشێکە لە سیستمەکە و ڕاهاتن و بەگەڕخستنیان بنچینەیە بۆ تەواوکاریی سیستمی ئەلیکترۆنی، کە دواتر لەگەڵ پەروەردە و بەشەکانی تری ڕێکخستنی کاری قوتابخانەکان لە ڕایەڵەیەکدا کۆ دەبنەوە.

ئامادەکردن: ئاراس نووری

پێداچوونەوەی زانستی: سەعدی کیانی

پێداچوونەوەی زمانی: سەعدی کیانی

سەرچاوە:
هەفتەیەک لە قوتابخانە و هەفتەیەک لە ماڵەوە (https://www.news4teachers.de/2020/04/eine-woche-in-der-schule-die-naechste-zu-hause-laeuft-so-der-unterricht-in-den-naechsten-monaten-meidingers-konzept-im-detail/)

وەکوو (odoo, Veyon, edmodo و هیتر)

خوێندنی سەرهێڵ لە سەردەمی کۆرۆنادا (https://arasn.blogspot.com/2020/03/blog-post.html)

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button