بابەتگەردوونناسی

سیانەی ڤینۆسی: ئاژانسی فەزایی ئەورووپا لەگەڵ ناسا تیمێکیان بۆ ناردنی کەشتییەکی ئاسمانیی تر بۆ ڤینۆس پێک هێناوە

سیانەی ڤینۆسی: ئاژانسی فەزایی ئەورووپا لەگەڵ ناسا تیمێکیان بۆ ناردنی کەشتییەکی ئاسمانیی تر بۆ ڤینۆس پێک هێناوە

ئێنڤیژن (EnVision) بە مەبەستی بەدەستهێنانی دیمەنێکی گشتگیر لە هەسارەی خوشکی زەوی، ڤینۆس، لە خولگەی ڤینۆسدا دەسووڕێتەوە. لەوانەیە ڤینۆس خوشکی زەوی بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دووانەی زەوی نییە! لە کاتێکدا کە زەوی هەسارەیەکی ناوازەیە، پەرەسەندنی ڤینۆس بە ئاقارێکی مەرگبارتردا تێپەڕیوە. بەڵام زانایان هێشتا بەتەواوی نازانن بۆچی هەسارە دراوسێکەمان لە ڕابردوودا ئەو گۆڕانکارییە ئاووهەواییە زەق و بەرچاوەی بەخۆوە بینیوە، وێڕای ئەوەی هەردوو هەسارەکە کەم تا زۆر ئەندازە و پێکهاتەیەکی یەکسانیان هەبووە. ئاژانسی فەزایی ئەورووپا بەهیوایە بە یارمەتیی ئێنڤیژن، خولگەڕە پلان بۆ داڕێژراوەکەی خۆی، بگاتە بنی ڕابردووە ڕەمزاوییەکەی ڤینۆس. ئێنڤیژن بەشێک لە پلانی خەونی گەردوونیی ئاژانسەکەیە، کە لەلایەن کۆمیتەی بەرنامەی زانستیی ئاژانسی فەزایی ئەورووپاوە هەڵبژێردراوە. پلانی خەونی گەردوونی سووڕی پلاندانانی ئێستای ئەو ئاژانسە بۆ کاروبارە زانستییە فەزاییەکانیانە.

ئێنڤینژن بە کۆمەڵێک ئامراز پۆشتە کراوە، لەوانە: قووڵاییپێوێک بۆ دیاریکردنی چین و توێژەکانی ژێر زەوی، ڕادارێک بۆ کێشانی نەخشەی ڕووی ڤینۆس کە لەلایەن ناساوە ئامادە کراوە، تاقیکردنەوەیەکی زانستیی ڕادیۆیی بۆ پشکنینی پێکهاتەکانی ناوەوە و گۆڕەپانی ڕاکێشانی هەسارەکە و چەندین شەبەنگپێو بە مەبەستی کۆڵینەوە لە بەرگەهەوای داخ و شێداری ڤێنۆس. لە ئێستادا ئاژانسی فەزایی ئەورووپا پلانی وایە لە سەرەتای ٢٠٣٠ەکاندا ئێنڤیژن بهاوێژێت بۆ ڤینۆس. ئەو خولگەڕە، تاکە کەشتیی فەزایی نوێ نابێت کە لە هەسارەکە دەکۆڵێتەوە. هاوکات دوو ڕاسپاردەی دیکەی ناسا (DAVINCI+ و VERITAS) بەرەو خولگەی ڤینۆس بەڕێ دەکرێن. تۆماس زوربوشەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری زانستیی ناسا، لە ڕاگەیاندنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:” ئێنڤیژن لە ئامرازە پەرەپێدراوەکانی هەر دوو ئاژانسەکەمان بە باشترین شێوە کەڵک وەردەگرێت. کۆمەڵگەی زانستی، لەگەڵ ڕاسپاردە لێکۆڵینەوەییەکانی ناسا لە ڤینۆسدا، کۆمەڵە داتایەکی بەهێز و یارمەتیدەری نوێی دەست دەکەوێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی پێکهاتنی ڤینۆس و چۆنیەتیی گۆڕانکاریی بەرگەهەوا و ڕووی ڤینۆس بە تێپەڕبوونی کات. بەڵام بۆ ئەوەی خولگەڕەکە نزیکی ڤینۆس ببێتەوە، چەند هەنگاوی تر پێویستە. ئێستە کە ئەم خولگەڕە دەستنیشان کراوە، “قۆناغی پێناسە”ی وردتر دێتە ئاڕاوە کە تێیدا دیزاینی هەردوو سەتەلایتەکە و ئامرازەکانی داهاتووی یەکلایی دەکرێتەوە. پاشان دەبێت پێش ئەوەی ڕێکەوتی هەڵدانی کۆتایی دیاری بکرێت، گرێبەستکارێکی بواری پیشەسازی، ئێنڤیژن دروست بکات و تاقیی بکاتەوە.

پاش هاویشتنی خولگەڕەکە تەنیا سەفەرێکی کورتی پازدە مانگە هەتا هەسارەکە دەمێنێتەوە. گیونتەر هاسنگەر، سەرپەرشتی زانستیی ئاژانسی فەزایی ئەورووپا، دەڵێت: “سەردەمێکی نوێی کۆڵینەوە لە دراوسێ هەرە نزیک و لەهەمان کاتدا جیاوازەکەمان لە کۆمەڵەی خۆردا چاوەڕێی ئێمە دەکات.”

وەرگێڕ: سامان ئیبراهیمی

چاودێری زانستی: ئارمین شەریفی

چاودێری زمانی: مسلم ئەحمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button