بابەتتەکنەلۆجیا

شیکردنەوەی ستارلینک

هەموو ئەو شتەی کە دەبێت سەبارەت بە کۆمپانیای ئینتەرنێتی سەتەلایتیی ئێلۆن ماسک بیزانیت

ئێلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا، کۆمپانیای پشکنینی بۆشایی ئاسمان، واتە سپەیس ئێکسە.

کۆمپانیایەکی ماسک بە ناوی ستارلینک بەتەمایە پەیوەندیی ئینتەرنێتی سەتەلایتیی کەرتی تایبەت کە لە ئاسمان دەخولێنەوە، بە نزیکەی هەموو کەس لە دنیا بفرۆشێت. لە مانگی جانیوەری، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە بەڕێکردنی سەرکەوتووانە، پرۆژەکە توانی ڕێژەی ١٠٠٠ سەتەلایت لە دەوری زەوی  تێپەڕ بکات، ئێستا، واتە لە مانگی جوون، سپەیس ئێکس دەڵێت زیاتر لە ١٨٠٠ دانەی بۆ دەوری زەوی بەڕێ کردووە. لە فێبریوەری، کۆمپانیای ماسک ئاشکرای کرد کە ستارلینک خزمەتگوزاری پێشکەشی پتر لە ١٠ هەزار کڕیار دەکات. خزمەتگوزارییەکە خەریکی پەرەپێدان بۆ کڕیاری زۆرتریشە، و ئەو خەڵکانە دەگرێتەوە کە هەنووکە دەستیان بە ئینتەرنێتی خێرا ڕاناگات.

سپەیس ئێکس دەڵێت چاوەڕوانە ستارلینک لە پاییزی ئەمساڵ بگاتە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە سەرانسەری دنیادا، ئەگەرچی ئاستی بەردەستبوون پەیوەستە بە پەسەندکرانی یاسایی لە هەر ناوچەیەک. لە کاتی وتاردان لە کۆنگرەی مۆبایلی جیهانی لە مانگی جوون، ماسک بە گوێگرانی گوت کە ستارلینک لە مانگی ئاگوست، جگە لە جەمسەری باکوور و باشوور لە هەموو شوێنێکی دنیا دەست دەکەوێت.

ئەو شێوە نوێیەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بێ گیروگرفت نییە. ئەندامانی کۆمەڵگەی زانستی سەبارەت بە ئاسەوارەکانی سەتەلایتە نەویفڕەکانی ستارلینک لەسەر دیمەنی شەوانەی ئاسمان، نیگەرانییان دەربڕیوە. لە هەمان کاتدا، کێبڕکێکارانی ئینتەرنێتی سەتەلایتی، لە ناویاندا ڤیاسات، هیوزنێت و پرۆژەی کویپەری ئەمازۆن سەرنجیان داوەتە هێزی پاڵنەری ستارلینک و باسی ڕێژەی بەرچاوی یاسای دەستوپێگر و هەوڵەکان بۆ خاوکردنەوەی خێرایی ئێلۆن ماسکیان کردووە.

باشە، وەک دەسپێک: ستارلینک چییە؟

لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە ستارلینک لقێکە لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس، هەروەها ناوی ڕایەڵەی پەرەئەستێنی ئەم کۆمپانیایە یان “کۆ ئەستێرەی” سەتەلایتی گەڕۆک لە دەوری زەوییە. گەشەکردنی ئەو ڕایەڵەیە لە ٢٠١٥ بە یەکەم نموونەی سەتەلایت کە لە ٢٠١٨ بەڕێ کرا بەرەو بۆشایی ئاسمان، دەستی پێ کرد.

لەو کاتەوە، سپەیس ئێکس زیاتر لە ١٠٠٠ سەتەلایتی ستارلینکی لە توێی دەیان بەڕێکردنی سەرکەوتووانەدا  گەیاندووەتە شوێنی مەبەست لە ئاسمان. لە مانگی جانیوەری، سپەیس ئێکس لە یەکەم ئەرکیدا لە ساڵی ٢٠٢١ و لە ناوەندی فەزایی کەنەدی، بە کەڵکوەرگرتن لە هاژەکی فاڵکۆن ٩ کە دەتوانێت پاش جێبەجێکردنی ئەرکەکەی لە بۆشایی ئاسمان لەسەر زەوی بنیشێتەوە، ٦٠ سەتەلایتی دیکەی خستە سەر ڕێچکە. لە ئەرکەکانی دواتردا، کە لە نوێترینیاندا لە ٢٦ی مانگی مەی، ٦٠ سەتەلایتی دیکەش خرانە سەر ڕێچکە و بەو شێوەیە کۆی “کۆ ئەستێرەکە” گەیشتە ١٧٣٧، ئەگەرچی هەندێکیان نموونەن یان کار ناکەن و بەشێک لە ڕایەڵەکە نین.

ستارلینک

ئەو سەتەلایتانە دەتوانن ماڵی من بە ئینتەرنێتەوە ببەستنەوە؟

بەڵێ، ئەوە مەبەستی سەرەکییە.

هەر وەک کۆمپانیاکانی دیکەی ئینتەرنێتی سەتەلایتی وەک هیوزنێت یان ڤیاسات، ستارلینک دەیەوێت خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت پێشکەش بکات، بەتایبەت بۆ خەڵکی دەرەوەی شار و شوێنی دیکەی دنیا کە ‌هێشتا دەستیان بە ئینتەرنێتی خێرا ڕاناگات.

بە گوتەی ماڵپەڕی ستارلینک، “ستارلینک بۆ ئەو شوێنانەی دنیا دڵخوازە کە پەیوەندیگرتن لەوێ ئالنگاری بووە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژێرخانی تەکنیکی لەو شوێنانە، ستارلینک دەتوانێت ئینتەرنێتی خێرا بۆ ئەو شوێنانە دابین بکات کە ئەو خزمەتگوزارییە لەوێ جێی متمانە نەبووە یان هەر بوونی نەبووە.”

ئەوەی پێویستە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت ئەوەیە کە ساجێکی سەتەلایتیی بچووک لە ماڵەکەتەوە بەرەو ئاسمان دانێیت و بە تەلی تایبەت بە ڕاوتێرەکەتیەوە گرێ بدەیت. تەنانەت ئەپێکی تایبەتی ستارلینک بۆ ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس هەیە کە بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی ڕاستیی بەهێزکراو (Augmented Reality) یارمەتیی کڕیار دەدات تاکوو باشترین شوێن بۆ دانانی وەرگرەکەی بدۆزێتەوە.

خزمەتگوزاریی ستارلینک جارێ تەنیا لە بەشێک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و دەرەوەی وڵات دەست دەکەوێت، بەڵام کۆمپانیاکە بە خۆهەڵنانەوە دەڵێت پتر لە ١٠ هەزار کڕیاری هەیە و ئەو شوێنانەی کە خزمەتگوزارییەکەی لێ دەست دەکەوێت لەگەڵ زیاتر بوونی ڕێژەی سەتەلایتەکان زیاتر دەبن. ستارلینک هیوادارە وردەوردە سەرجەم هەسارەی زەوی بە سیگناڵی وایفای خێرا داپۆشێت.

خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک چەندە خێرایە؟

بە گوێرەی ماڵپەڕی ستارلینک، “بەکارهێنەران دەتوانن تا چەند مانگی داهاتوو چاوەڕوانی خێرایی دراوە لە زۆربەی شوێنەکان لەنێوان ٥٠ بۆ ١٥٠ میگابایت لە چرکەدا و RTT  (کاتی ناردن و گەڕانەوەی سیگناڵێک) لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ میلی چرکە ببن. لەگەڵ بەڕێکردنی سەتەلایتی زیاتر، وێستگەی زۆرتر لەسەر زەوی دادەمەزرێنین و نەرمەواڵەی پەیوەندیگرتنەکەمان باشتر دەکەین، خێرایی دراوە، RTT و ماوەی بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکەمان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر دەکەین.” لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات کە لە چەند ماوەی کورتدا هیچ پەیوەندییەک نابێت.

 

نرخی ستارلینک چەندە؟

ستارلینک دەستی کردووە بە وەرگرتنی داواکاریی کڕیاران لە پڕۆگرامی سەرەتایی کۆمپانیاکە بە نێوی “باشتر لە هیچ.” تێچووی مانگانەی خزمەتگوزارییەکە ٩٩ دۆلارە، لەگەڵ باج و مزی دیکەدا. جگە لەوە ٥٠٠ دۆلار بۆ کەرەستەی پێویست واتە ساجی سەتەلایتی و ڕاوتێر کە دەبێت لە ماڵەکەتدا دایمەزرێنیت.

ستارلینک دەڵێ بە گوێرەی سەرە (نورە) دەجووڵێتەوە، واتە هەر کەس زووتر بێت زووتر خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکرێت و هەندێک لە داواکارن دەبێت شەش مانگ چاوەڕوان ببن تاکوو داواکارییەکەیان جێبەجێ ببێت. ٩٩ دۆلار لە مانگێکدا پارەیەکی زۆرە، بەتایبەت کە خێراییەکەی ناگاتە پەیوەندی لە ڕێگەی فیبرەوە، بەڵام ماسک گومانی لەوەدا نییە کە ئەو نرخە گونجاوە بۆ خەڵکێک کە هێشتا دەستیان بە ئینتەرنێتی خێرای جێمتمانە ڕاناگات.

لەو دواییانەدا، سەرۆکی سپەیس ئێکس، گوین شاتوێڵ، لە کۆبوونەوەیەکی تەکنەلۆجیای سەتەلایتیدا گوتی ستارلینک هیچ بەرنامەیەکی بۆ زیاتر کردنی خێرایی یان داشکانی نرخەکە نییە، مەبەست ئەوەیە کە نرخی خزمەتگوزارییەکە هەتاکوو ڕوون و ئاشکراتر بمێنێتەوە باشترە. جگە لەوە، شاتوێڵ گوتی چاوەڕوانە لە ساڵانی داهاتوودا ئەو ٥٠٠ دۆلارە کە بۆ دابینکردنی ساجی سەتەلایت و ڕاوتێرەکە پێویستە، کەمتر بکرێتەوە.

ستارلینک لە کوێ دەست دەکەوێت؟

لە ئێستادا، خزمەتگوزارییەکە تەنیا لە باکووری وڵاتە یەکگرتووەکان، شوێنە هاوسنوورەکانی کەنەدا، بەشێک لە بەریتانیا و چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی دیکە دەست دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ بەڕێکردنی سەتەلایتی زۆرتر ئەو ناوچانەی کە خزمەتگوزارییەکە دەیانگرێتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوتر دەبن. جارێ هێشتا ماویەتی، پێش ئەوی ستارلینک بتوانێت بانگەشەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە سەرانسەری جیهاندا بکات پێدەچێت پێویستی بە ناردنی ١٠ هەزار سەتەلایت بۆ سەر ڕێچکە یان لە بۆشایی ئاسمان هەبێت (سپەیس ئێکس ئاشکرای کردووە کە دەیەوێت ٣٠ هەزار سەتەلایت بخاتە ناو کۆئەستێرەکەی). هەنووکە لە باشترین حاڵەتدا تەنیا ٪٢٠ی ئەو ڕێژەیەی ناردووە و ناوچەی داپۆشراو لەنێوان ٤٥ بۆ ٥٣ پلەی باکووری گۆی زەوییە.

باشە بۆچی سەتەلایت؟ فیبر باشتر نییە؟

فیبر، یاخود ئینتەرنێت بە کابلی فیبر کە لەژێر زەوی نێژرابێت، خێرایی بەڕێکردن و دابەزاندنی دراوەی ئەوتۆی هەیە کە بێگومان لە هی سەتەلایت زۆر خێراترە، بەڵام هەروەها کە کۆمپانیایەکی وەک گووگڵ دەتوانێت پێت بڵێت، دابینکردنی ژێرخانی ئینتەرنێتی فیبری بۆ هەموو ماڵێک شتێکی ئاسان نییە. کەس ناڵێت بەڕێکردنی سەتەلایت بۆ بۆشایی ئاسمان کارێکی ئاسانە، بەڵام لەوێدا کێبڕکێیەکی کەمتر هەیە و بەربەستی کەمتر، بەڵام بە هەموو پێوانەیەک پێدەچێت خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی سەتەلایتی وەک هی ستارلینک زۆر خێراتر لە ئینتەرنێتی فیبری بگاتە کۆمەڵگە بێ ئینتەرەنێتە خێراکان. بە گوێرەی لێکدانەوەیەکی ئەم دواییانەی کۆمیسیۆنی گەیاندنی فیدڕاڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ستارلینک دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی تەلەفۆنیش.

لەبیرتان نەچێت کە ئێمە باسی ئێلۆن ماسک دەکەین. سپەیس ئێکس تەنیا کۆمپانیایەکە کە خاوەنی هاژەکی ئەوتۆیە و دەتوانێت بارەکەی بباتە بۆشایی ئاسمان و بێتەوە لەسەر زەوی بینشێتەوە و جار لەدوای جار بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی لێ وەربگیرێت. ئەوە تایبەتمەندییەکی گەلێک بەکەڵکە لە کێبڕکێ لەسەر بۆشایی ئاسماندا. جگە لەوە، ماسک لە ٢٠١٨ گوتی ستارلینک یارمەتیی دابینکردنی سامانی پێویست بۆ سپەیس ئێکس بۆ خولیای لەمێژینەی دروستکردنی بنکەیەک لە سەر هەسارەی مەریخ دەکات.

سروە ئەمین ساڵەحی

ئاخۆ ستارلینک بۆ متمانە پێ کردن دەبێت؟

لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی لایەنی وەک فەست کۆمپانی و سی ئێن بی سی ئاشکرای دەکەن کە یەکەم کڕیارانی خزمەتگوزاریی ستارلینک لە خزمەتگوزارییەکە ڕازین، ئەگەرچی کۆمپانیاکە هۆشداریی دەدا کە لە کاتی تاقیکاریدا “ماوەی کورتی بێ پەیوەندی ڕوو دەدەن.”

ماڵپەڕی DownDetector.com کە چاودێری بەسەر پسانی خزمەتگوزارییەوە دەکات، لە ٢٠٢١ چوار پچڕانی خزمەتگوزاریی ڕاگەیاندووە، یەک جار لە مانگەکانی جانیوەری، فێبریوەری و ئاپریلدا و تازەترینیان لە ٦ی مانگی مەیدا. لە بەراورددا ئەو ماڵپەڕە هیچ پچڕانی خزمەتگوزاریی کۆمپانیای هیوزنێتی لە ساڵی ٢٠٢١ ڕانەگەیاندووە و یەک دانەی کۆمپانیای ڤیاسات لە مانگی فێبریوەریدا.

ئەوە بەڕاستی یەکێک لە خاڵە نەرێنییەکانی ئینتەرنێتی سەتەلایتییە. بە گوێرەی وەڵامی پرسیارە باوەکان لە ماڵپەڕی ستارلینک، وەرگرەکە (ساجەکە) دەتوانێت ئەو بەفرەی کە بەسەریدا دەبارێت، بیتوێنێتەوە؛ بەڵام ناتوانێ هیچ لەگەڵ بەفری دەوروبەر و بەربەستی دیکە بکات کە پێش بە دیار بوونی سەتەلایت لە ساجەکە دەگرن.

لە بەشی پرسیارە باوەکاندا نووسراوە: “ئێمە پێشنیار دەکەین ساجەکە لە شوێنێک دانێن کە بەفر و بەربەستی دیکە نەبێتە هۆی شاردنەوەی لە سەتەلایتەکان. بارانی بەخوڕ و با دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئینتەرنێتی سەتەلایتی هەبێت کە لەوانەیە خێراییەکە دابەزێنێت یان لە کاتی دەگمەندا پەیوەندییەکە بپچڕێنێت.”

سی نێت – ڕەی کریس

لە ئینگلیزییەوە: کەمال حەسەنپوور

پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە

 

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button