بابەتزانستە بنەماییەکان

خەڵاتی نۆبڵی وێژە

خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ساڵی ٢٠٢١ به عەبدوڕەزاق گورنه، ڕۆماننووسی زەنگباری گەیشت.

ئەم خەڵاته بە هۆی ” شوێندانەریی سەرسەختانە و دڵسۆزانەی ئەو له بەرهەمەکانی کۆڵۆنیزم و بەسەرهاتی پەنابەران لە ناو کلتوورەکان و وڵاتەکان” پێی بەخشرا. عەبدوڕەزاق گورنه، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ و گەورەبووی دووڕگەی زەنگبار لە ئۆقیانووسی هینده بەڵام لە کۆتایی ٦٠ەکانەوە وەک پەنابەرێک گەیشتە بەریتانیا. گۆرنە تا کاتێک کە لەم دواییانەدا خانەنشین کرا، مامۆستای وێژەی ئینگلیزی و پۆستکۆڵۆنیزم لە زانکۆی کێنت له شاری کانتێربوری بووه و زۆرتر سەرنجی داوەتە سەر بەرهەمی نووسەرانێک وەک وۆل سۆینکا، نگۆگی واسیۆنگ و سەلمان ڕوشدی. گورنه ١٠ ڕۆمان و هەندێک کورتەچیرۆکی بڵاو کردووەتەوە. باسی تەنگوچەڵەمەی ژیانی پەنابەران لە هەموو بەرهەمەکانیدا دیارە. ئەو کە زمانی دایکیی خۆی سواحیلی بووه، لە تەمەنی ٢١ ساڵی و لە کاتی دەربەدەری، نووسین به ئینگلیزیی دەست پێ کرد و ئەو زمانه بووەتە ئامرازی وێژەی ئەو. ئەمەگداریی گورنە بۆ نواندنەوەی ڕاستی و بێزاریی ئەو لە ئاسانکردن و کورتکردنەوه زۆر بەرچاوه. ئەمەش وای کردووه وەک مرۆڤێکی ڕەمزاوی و سەرسەخت بێته بەرچاو؛ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە دڵسۆزانه و بێبڕانەوە دوای چارەنووسی ئەو پەنابەرانه دەکەوێت. ڕۆمانی ئەو خۆ لە پاتەوەبوون دوور دەخاتەوە و ڕوانگەی ئێمە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا ڕوون دەکاتەوە که بۆ زۆر کەس لە جیهاندا نامۆیه. له دنیای وێژەی گورنەدا، هەموو شتێک لە گۆڕانکاریدایه: بیرەوەریەکان، ناوەکان و پێناسەکان. ئەوەش بە هۆی ئەوەیە که چیرۆکەکانی هیچ کات ناتوانن بە کۆتایی بگەن. گەڕانێکی بێکۆتایی کە لە بیرۆکەی پڕ لە ئاواتی ئەو سەرچاوە دەگرێت و لە هەموو بەرهەمەکانیدا بەرچاو دەکەوێت، چ کاتێک کە کتێبی “ژیانی دوای مەرگ”ی لە ساڵی ٢٠٢٠ نووسی و چ کاتێک کە وەک لاوێکی پەنابەری ٢١ ساڵه دەستی بە نووسین کرد.

Literature وێژه

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button