بابەتژینگە

کاربۆنی خەزنکراوی ناو دارە مردووەکان

ڕێژەی کاربۆنی خەزنکراوی ناو دارە مردووەکان نزیکەی 8 لەسەدی کۆی کاربۆنی دارستانەکانی جیهانە.

شیبوونەوەی دارە مردووەکان زیاتر لەلایەن ئاووهەوا و کۆمەڵەی شیکەرەوەکانی تر وەکوو زیندەوەری میکرۆسکۆپی و مێرووەکان کە دەستیان هەیە لە ورووژاندنی ڕێژەی شیبوونەوەدا، ئەنجام دەدرێت. لە پێوەری جیهانیدا، هێشتا سەبارەت بە پشکی مێرووەکان لە کرداری شیبوونەوەی دارە مردووەکان و دەردانی کاربۆندا تێگەیشتنێکی لاواز هەیە. ئێمە لێرەدا ئاماژە بە تاقیکردنەوەیەکی مەیدانیی شیبوونەوەی دار لە ٥٥ ناوچەی دارستانیی ٦ وڵات دەکەین کە لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت ڕێژەی شیبوونەوەی دارە مردووەکان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەڵدەکشێت. بەهێزترین کاریگەریی پلەی گەرمی لە کاتی بارینی بەخوڕ دەبینرێت. بارین لە پلەی گەرمیی نزمدا نەرێنیانە و لە پلەی گەرمیی بەرزدا ئەرێنیانە لەسەر ڕێژەی شیبوونەوە کاریگەری دادەنێت. مێرووەکان کرداری شیبوونەوە لە دارستانە گەرمەسێرەکان خێراتر دەکەن (٣.٩%ی تێکڕای بارستەی لەدەستچووی ساڵانە).

لە دارستانە مامناوەندی (لە ڕووی پلەی گەرمییەوە) و باکوورییەکان، کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکان بە لاوازی بەدی کران، ئەمەش ٠.٩ و -٠.١ لەسەدی تێکڕای بارستەی لەدەستچووی ساڵانە دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ئێمە کرداری شیبوونەوە کە بەپێی ئەزموون بەدەست هاتووە دەخەینە سەر هێڵکارییەکی جیهانیی تایبەت بە کاربۆنی دارە مردووەکان کە لە داتای ئەزموونی و هەڵسەنگاندن لە دوورەوە پێکهاتووە و خەمڵاندنی بڵاوبوونەوەی ساڵانەی ١٠.٩ ± ٣.٢ پێتاگرام کاربۆن لە دارە مردووەکان بەدەست دەهێنێت، ئەوەش لە ٩٣ لەسەد لە دارستانە گەرمەسێرەکان سەرچاوە دەگرێت. لە ئاستی جیهانیدا، دەشێت کاریگەریی ڕایەڵەیی مێرووەکان لەسەددا ٢٩ی تێکڕای کاربۆنی دارە مردووەکان بێت کە ئەوەش ئاماژە بە گرنگییەکی کرداریی مێرووەکان دەدات لە شیبوونەوەی دارە مردووەکان و سووڕی کاربۆندا.

وەرگێڕ: سامان ئیبراهیمی

چاودێری زانستی: سەعدی کیانی

چاودێری زمانی: سەعدی کیانی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button