بابەتتەکنەلۆجیا

بەلەمێکی خەیاڵی لە مێتاڤێرسدا بە ٦٥٠ هەزار دۆلار فرۆشرا!

بەلەمێک کە لە دنیای خەیاڵیی مێتاڤێرسدا بۆ کایەی سەرهێڵی “The Sandbox” دروست کرابوو،  بە نرخی ٦٥٠ هەزار دۆلار فرۆشرا.

لەو کاتەوە کە “جەک دۆرسی” یەکەمین تویتی خۆی بە نرخی نزیکەی ٣ ملیۆن دۆلار فرۆشت، سامانە دیجیتاڵییەکان بایەخێکی زۆریان بە خۆیانەوە بینیوە.

کایەی “Sandbox” وەک هەموو کایەکانی دیکەیە کە دەتوانیت هاوکات هەم کایە بکەیت، هەم داهاتێکت لەو کایەیە هەبێت. بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە هەر شتێک لەم دنیایەدا دروست بکەیت و پێی زیاد بکەیت ئەوە هی تۆیە، نەک هی خاوەنی پلەتفۆڕمی کایەکە.

بەلەمی گەورەی خۆشگوزەرانی بە ناوی “مێتافلاور” لە دنیای خەیاڵیی خۆیدا خاوەنی دیسکۆ، سەکۆی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر، گۆمی مەلە، سێ ڕووبەری میوانداری و هەندێک تایبەتمەندیی دیکەیە.

ئەم بەلەمە بە نرخی ١٤٩ ئێتێریوم واتە ٦٥٠ هەزار دۆلار فرۆشراوە. بەلەمێک کە قەت چاوتان پێی ناکەوێت و ناتوانن بەسەریدا بڕۆن! ئێستا خەڵک خەریکی دروستکردن و کڕین و فرۆشتنی سامانەکانی خۆیان لە دنیای مێتاڤێرسن کە دواتر بتوانن قازانجی لێ بکەن. بۆ نموونە لەم دواییەدا سامانی خەیاڵیی “شەقامی مۆد” بە نرخی ٢.٤ ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

ئەگەر پێتان وایە  مێتاڤێرس بڵقێکە کە بەمزووانە دەتەقێت، ئەوا ئێوە تەنیا نین. گۆڤاری “Futurism” کڕینی ئەم بەلەمە یان هەر سامانێکی لەم شێوەیە، بە ڕێگەیەک بۆ ئاگرتێبەردانی پارە دەزانێت!

ئایا تۆ لەم دنیا خەیاڵییەدا کڕین و فرۆشتن دەکەیت؟!

 

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

 

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button