بابەتتەندروستی

ئایا خواردنەوەی ئەلکول دەبێته هۆی بەرزبوونەوەی کارامەیی مێشک؟

ئاخۆ لەشی ئێمە کەمیی ئەلکولی هەیە و دەبێت به خواردنەوە دابینی بکەین؟

چیرۆکی فیلمی (Another Round) تا چ ڕادەیەک ڕاسته؟ بەسەرهاتی چوار مامۆستای قوتابخانەیەک له کۆپنهاگ کە بڕیار دەدەن لە ڕۆژدا ڕێژەی ئەلکولی خوێنیان ببەنە ئاستی ٠.٠٥% تا مێشکیان بگەشێتەوە و کارامەییان بچێته سەرترەوە.

ئاخۆ ئەگەر لە کاتی کارکردندا بە ڕێژەیەکی کەم ئەلکول بخۆینەوە، چ دەقەومێت؟

ڕێژەی خەستیی ئەلکول لەناو خوێندا بۆ هەموو کەس یەکسان نییه. ڕەگەز، کێش، خێرایی خواردنەوە، چەشنی ئەلکول و ڕەوشی تەندروستیی جەرگ دەبن بە هۆکاری جیاوازیی ئەو ڕێژەیە؛ بەڵام پیاوێکی ٧٠ کیلۆیی به خواردنەوەی ٥٠٠ میل ئاوجۆ یان ٢٥٠ میل شەراب دەگاته ئاستی ٠.٠٥%ی ئەلکول.

لەشی مرۆڤ بەو هۆیەوە کە وەک ژەهرێک مامەڵە لەگەڵ ئەلکولدا دەکات، تێدەکۆشێ بە هەناسەکێشان، عارەقکردنەوە یان میزکردن ئەو ژەهره لە خۆی دوور بخاتەوە. کەواته ڕاگرتنی ئاستی ٠.٠٥% دژوار دەبێت و دیسان دەبێت ئەلکول بخورێتەوە.

دەگوترێت وەرگرتنی ڕێژەیەکی کەمی ئەلکول “لەوانەیه” ئاسەوارێکی ئەرێنی هەبێت؛ بۆ نموونه متمانەبەخۆیی زیاد دەکات و یارمەتی دەدات مرۆڤ کۆمەڵایەتیتر بێت. بەڵام لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە خواردنەوەی ئەلکول لە کاتی کارکردن، چالاکی و دەستوبردی مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی مێشک و جەستە کەم دەکاتەوە.

هەڵبەت ئەو تاقیکارییانەی لەسەڕ خواردنەوەی ئەلکولدا لەسەر مرۆڤەکان کراوە، هەموو لە بارودۆخی کۆنترۆڵکراودا بووە. واتە بەشداربووان دوای خواردنەوەی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئەلکول، وەڵامی لێکۆلەرەکانیان داوەتەوە. لەوانەیە مرۆڤ نەتوانێت ئەم بارودۆخه لە ماڵەوە ڕابگرێت و لە خواردنەوەی ئەلکولدا زێدەڕۆیی بکات. هەروەها ئەگەر مرۆڤ لە دەستپێکدا ئاسەواریکی ئەرێنی لە خواردنەوەی ئەلکولدا ببینێت، دواتر بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو هەستە هەر جارێک دەبێت ڕێژەی خواردنەوەکە بباتە سەرترەوە.

ئەوەی کە دەگوترێت خواردنەوەی ڕێژەیەکی کەمی ئەلکول قازانجه، تەنیا قسەی بەرهەمهێنەرانی خواردنەوەکانه و بنەمای زانستیی نییه. لێکۆلەران دەڵێن هیچ “ئاستێکی تەندروست” بۆ خواردنەوەی ئەلکول نییه.

شاراوه نییه کە خواردنەوەی ئەلکول هۆی سەرەکیی شێرپەنجه، نەخۆشییەکانی جەرگ و مێشکه و زیانێکی زۆر له پێگەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ دەدات.
وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە
سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button