بابەتتەندروستی

پەیوەندی لەگەڵ فێرخوازان، مامۆستاکان باشتر دەکات.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، پەیوەندیی ئەرێنی مامۆستا و فێرخواز دەبێتە هۆی پێشکەوتنی خوێندنی فێرخوازان وەکوو: وەرگرتنی نمرەی باشتر لە وانەکان و تاقیکارییەکان.

“کریستین بێرگێن” مامۆستای توێژینەوە لە کۆلێژی فێرکاری و پەرەپێدانی مرۆیی لە زانکۆی میسۆری، توێژینەوەیەکی ئەنجام داوە و دەڵێت: پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و فێرخواز هەڵسوکەوتی فێرخوازەکان دەگۆڕێت و ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆمان دەرکەوت کە بنیاتنانی ئەم هەڵسوکەوتە ئەرێنییە لە ڕاستیدا دەبێتە هۆکاری فێرکردنێکی باشتریش. ئەمە هەڵسوکەوتی مامۆستاش دەگۆڕێت.
دەستکەوتە نوێیەکان سوورن لەسەر گرنگیی نیشاندانی “کارامەییگەلی نەرم” یان هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان لە ژوورەکانی وانەگوتنەوە لەلایەن مامۆستاکانەوە.
کارامەییگەلی نەرم وەکوو: دلۆڤانی، دڵنەوایی و سەرپەرشتی خەڵکانی دیکەیە لە بەراورد لەگەڵ فێرکاریی کارامەییگەلی باوی ئاستەنگ وەکوو: خوێندن، نووسین و ژماردن.

کریستین بێرگێن لەبارەی فێرکاری و فێربوونەوە پێمان دەڵێت: فێرخوازان کاتێک هەست دەکەن مامۆستاکەیان گرنگییان پێ دەدات، حەزێکی زۆرتریان بۆ فێربوون هەیە و لەم حاڵەتەدا زۆرتر لە ژوورەکانی وانەگوتنەوەدا بەشداری دەکەن.

بێرگێن بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە، داتای ڕاپرسی لە تۆڕی کاریگەریی فێرکارانی تاوتوێ کرد کە سیستمێکی گەشە و هەڵسەنگاندنی مامۆستایانە و زیاتر لە ٢٨٠ ناوچەی خوێندنگەکانی سەرانسەری میسۆری بەکاری دەهێنن. لەم ڕاپرسییەدا داوایان لە فێرخوازانی پۆلەکانی چوار هەتا دە کرد تاکوو مامۆستاکانیان لە چوار شێوەی فێرکاری کە زۆر پەیوەندیدارە بە پێشکەوتنی خوێندنی فێرخوازانەوە، هەڵبسەنگێنن: داگیرسانی بەشداریکردنی مەعریفی، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی گرفتەکان و پرسیارەکان، یارمەتیدانی فێرخوازان لە درێژایی بەدواداچوونی بابەتێک بۆ بابەتێکی دیکە و سەرنجڕاکێشکردن و گرێدراوکردنی بەرنامە وانەییەکان.
لەم ڕاپرسییەدا پرسیاری دیکەی پێکهێنانی پەیوەندی لە فێرخوازان دەپرسرا. وەکوو: ئایا پێیان وایە مامۆستاکەیان گرنگییان پێ دەدات؟ ئایا مامۆستاکەیان بۆ فێرخوازەکانی دیکە لەبەردەستدایە؟ وە ئایا لە فێربوون لە مامۆستاکەیان چێژ وەردەگرن؟

دەرەنجامەکەی ئەمە بوو کە ئەو فێرخوازانەی هەڵسوکەوتێکی ئەرێنیی زیاتریان لەگەڵ مامۆستاکەیاندا هەبوو، گوتیان: مامۆستاکانیان لە شێوەگەلی فێرکاری بە کاریگەرییەکی زیاتر پەیوەندیدار لەگەڵ پێشکەوتنی خوێندنی فێرخوازان کەڵک وەردەگرن.
بێرگێن دەڵێت: گەلێ جار بەڕێوەبردنی ئەم شێوازە فێرکارییە بە کاریگەرییەکی باشەوە، ئەستەمە. چونکە هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆری دەوێت و زۆر جار ئەم دیاردەیە لە ژوورەکانی وانەگوتنەوەدا ڕوو نادات. ئەم لێکۆڵینەوەیە نیشانمان دەدات کە یەکێک لە ڕێگەکانی چالاککردنی شێوازەکانی فێرکاری بە کاریگەرییەکی باشەوە، باوکردنی هەڵسوکەوتی دڵسۆزانەی مامۆستا و فێرخوازە.

بێرگێن دەڵێت: من بۆیە هۆگری هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بووم، چونکە لێکۆڵینەوەکان نیشانمان دەدەن کە ئەم هەڵسوکەوتانە دەبنە هۆی دەرەنجامگەلێکی جۆراوجۆری ئەرێنی لە خوێندنگەکان و لە ژیانماندا. بۆ نموونە: وەرگرتنی نمرەی باش لە وانەکان و تاقیکارییەکان، هەڵسوکەوتگەلێکی شادتر، خۆشویستنی زیاتر لەلایەن هاوتەمەنەکان و هەست بە وەرگرتنێکی باشتر لە خوێندنگەکاندا.
ئەو دەڵێت: ئامانجی ئێمە باوکردنی هەڵسوکەوتگەلێکە کە یارمەتیی منداڵان دەدات تا ببن بە کەسانێک کە حەزمان لێیە کاریان لەگەڵ بکەین، لە تەنیشتیان بژین و منداڵەکانمان زەماوەندیان لەگەڵ بکەن.

مامۆستاکان نەتەنیا بە فێرکارییەکانیان لە وانەکانی خوێندنگە، بەڵکوو بە فێرکردنی ئەوەیکە منداڵان چلۆن کەسانێکی کۆمەڵگەوەخۆگر بن، ڕۆڵێکی تایبەت لە پەروەردە و گەشەی منداڵاندا دەگێڕن.

وەرگێڕ: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button