Uncategorized

گیا بەهارییەکان، بەسوودن یان خەساردەر؟

گەلی کورد هەر لە سەردەمی کۆنەوە تا ئەمڕۆ تێکەڵاوی چیا و سروشت بووە و ئەوینداری ڕاستەقینەی بەهارە. بەڵگە لەسەر ئەمەش زۆرە و لە چێشت و چەڵای بەهارییەوە بگرە تا هۆنراوە و گۆرانییەکانی بەهار، هێما و نیشانەکانی ئەم ئەوینەیان پێوە دیارە.
لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ توانەوەی بەفر و سەرمای زستان و هاتنی بەهار و سەردەرهێنانی گژوگیای بەهاری، پیاو و ژنی کوردەواری وەک نەریتی باب و باپیرانیان دەچنە شاخ و کێوەکان و دەکەونە کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری تا سفرە و خوانەکانیان بە خواردنە ڕەنگینە بەهارییەکان بڕازێننەوە. بەڵام ئاخۆ خواردنی گژوگیای بەهاران بەسوودە یان مەترسیدار و خەساردەر؟

چونکە گژوگیای سەر کێو و شاخەکان بەبێ دەستێوەردان و کوود و ماددە کیمیاییەکان بەشێوەی سروشتی شین دەبن، سەرچاوەی باشن بۆ ڤیتامینەکان و ئاسنی سروشتی.

ئەو خاڵەی کە لەسەر بەکارهێنانی گژوگیا بۆ جەستە گرنگە، هەبوونی فیبرە. کۆئەندامی هەرسکردنی مرۆڤ فیبر هەرس ناکات و ئەمەش کەڵکی تەندروستی بۆ ڕیخۆڵەکان دەبێت و هەروەها ڕێگرێکە لە قەبزبوون.
لەگەڵ خواردنی ئەو خۆراکانەی فیبریان تێدایە، مرۆڤ خێرا هەست بە تێربوون دەکات و ئەگەر کەڵکی دروست لەم دەرفەتە وەربگرین کەمخواردن و دابەزینی کێشی زێدەی لێ دەکەوێتەوە.

گژوگیاکان چۆن بەکار بهێنین تا هەموو ڤیتامینەکانیان بمێنێتەوە؟

سەرەتا دەبێت جوان بشۆردرێن و بۆ ئەوەیکە ڤیتامینی cییان لەدەست نەچێت، بە چەقۆ یان کێردێکی ئێجگار تیژ ورد بکرێن. تین و گەرمای کەمیشیان بگاتێ.

بۆ ئەوەیکە ببێتە ژەمێکی تەواو و بێکێشە، دەتوانین لەگەڵ هێلکە، گۆشت یان دانەوێڵەکان بەکاریان بهێنین.

بۆ ئەوەیکە بتوانین زۆرترین کەڵک لە ئاسنی نێو گژوگیاکان وەربگرین باشتر وایە ترشی لێ بشۆرێت. واتە تامەچێشتی سماقی پێ زیاد بکەین و ئەگەر بە شلکێنەیدا بکەین، پێویستە ئاولیمۆ یان ئاوقۆرەی لەگەڵ بخۆین.

تێبینی: خاتوونە دووگیانەکان و ئەو کەسانەی کە گورچیلەی ناساغیان هەیە بۆ بەکارهێنانی هەر چەشنە گیایەکی بەهاری، پێویستە لەگەڵ دوکتۆر یان پسپۆڕێکی خۆراک و خواردن ڕاوێژ بکەن.

نووسەر: ئەڤین سەعیدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

یارمەتی وەرگیراوە لە کتێبی:
Krause’s food & the nutrition care process

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button