بابەتتەندروستی

خەسارەکانی گیاخۆری

لە جیهانی ئەمڕۆدا گیاخۆری (خواردنی گژوگیا) لایەنگرێکی زۆری هەیە. کۆمەڵێک لەبەر تەندروستی و تاقمێک لەبەر پاراستنی ژینگە و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان کەوتوونەتە شوێن گیاخۆری و ئاستی بەکارهێنانی بەرهەمە گۆشتییەکانیان دابەزاندووە. لەم بابەتەدا دەچینە سەر باسی خەسارەکانی گیاخۆری.

بەگشتی لێکۆڵینەوە لە بواری گیاخۆریدا هێشتا کەمە و توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەدا پێویستە، بەڵام پێداچوونەوەیەکی سیستەماتیک لەسەر ٢٠ توێژینەوە و ٣٧١٣٤ بەشداربوو، دەریخستووە کە کەسانی گیاخۆر ئاستی پڕایی ماددە کانزاییەکانی ئێسکیان (BMD) لەچاو کەسانی ئاسایی کەمترە و هەروەها ڕێژە و ئەگەری شکانی ئێسکیان زیاترە.

چەندین هۆکار لەسەر “BMD” و مەترسیی شکانی ئێسک، بوونیان هەیە کە هەندێکیان بریتین لە هۆکارە بۆماوەییەکان و شێواز و ستایلی ژیان کە لەنێوانیاندا چالاکیی جەستەیی و ڕژێمی خواردن وەک گرنگترین هۆکارەکان هەژمار دەکرێن. هەندێک لە ماددە بژیەنەکان وەک کالسیۆم و ڤیتامینی دی بۆ تەندروستی و پارێزرانی ئێسک گرنگن.
ماددە بژیەنەکانی دیکە وەک پڕۆتین، ڤیتامینی بی ١٢، کانزای ڕۆح (زینک) و ئۆمێگا ٣یش، لە تەندروستیی ئێسکەکاندا دەور دەگێڕن.
چونکە ئەم ماددە بژیەنانە زیاتر لە بەرهەمە گۆشتییەکاندا بوونیان هەیە، گیاخۆرەکان ڕەنگە هەڕەشەی زیاتریان لەمەڕ دابەزینی “BMD” و هەڵچوونی ڕێژەی شکانی ئێسک لەسەر بێت.

پێداچوونەوەیەکی سیستەماتیکی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی لەسەر ٩ لێکۆڵینەوەدا، دەریخستووە کە گیاخۆرەکان لەچاو خەڵکی ئاسایی ڕێژەی “BMD” کەمتریان هەیە. لە ڕاستیدا زۆربەی توێژینەوەکانی ئەم دواییانە پیشاندەری ئەوەن کە ڕێژەی “BMD” گیاخۆرەکان کەمترە.

توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی چاپ و بڵاو کراوەتەوە دەریخستووە کە ئەگەرچی گیاخۆرەکان مەترسیی نەخۆشینەکانی دڵیان کەمتر لەسەرە، بەڵام ئەگەری جەڵتەی مێشک تێیاندا زیاترە.

کەمبوونی هەندێک لە ماددە بژیەنە پێویستەکان وەک بی ١٢ و ئۆمێگا ٣ و هەندێک ئامینۆئەسید، کاریگەرییان لەسەر جەڵتەی مێشکدا هەیە.

وەرگێڕ: ئەڤین سەعیدی
کارناسی ڕاوێژکاریی خواردنی دایکان و منداڵان
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوەکان

Am J Clin Nutr 2009:90:943-50. Printed in USA. O 2009 American Society for Nutrition
OThe Authorts). 2018. Published by Oxford University Press on behalf of the International Life Sciences Institute. All rights reserved.

Tong TY, Appleby PN, Bradbury KE, Perez-Cornago A, Travis RC, Clarke R, Key TJ. Risks of ischaemic heart disease and stroke in meat eaters, fish eaters, and vegetarians over 18 years of follow-up: results from the prospective EPIC-Oxford study. bmj. 2019 Sep 4;366:14897.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button