بابەتتەندروستی

گیاخۆرەکان ١٤% کەمتر لە گۆشتخۆرەکان تووشی شێرپەنجە دەبن

لێکۆڵینەوەیەکی زانستگەی ئۆکسفۆرد نیشانی دا: گیاخۆرەکان ، واتە ئەوانەی هیچ جۆرە گۆشتێک ناخۆن لەچاو ئەوانەی بەردەوام گۆشت دەخۆن، ١٤% کەمتر تووشی هەر چەشنە شێرپەنجەیەک دەبن.

لەوانەیە گیاخۆری وەک مۆد و چاولێکەری ببینن، بەڵام ئەمە شێوازێکی ژیانی تەندروستە کە هەر پەرە دەستێنێت. لێکۆڵینەوەکانی ڕابردوو پشتڕاستی کردووەتەوە کە گیاخۆری، مەترسیی تووشبوون بە زۆرێک لە نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە.

لێکۆڵەران زانیارییەکانی پتر لە ٤٧٢ هەزار بەشداربووی Biobankیان تاوتوێ کرد. بایۆبانکی بریتانیا کە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزرا، زانیارییەکانی تەندروستی و جینەتیکیی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی ڕاگرتووە و وەک بانکێکی زانیاری لەبەردەستی لێکۆڵەرانی بەشی تەندروستی دادەنێت.

ئەوان بەشداربووانیان بەپێی بەرنامەی خواردن کردە چوار دەستە: یەکەمیان کەسانێک بوون کە لە حەوتوودا پێنج جار یان زیاتر گۆشتیان دەخوارد. دووەم کەسانێک کە کەمتر لە پێنج جار لە حەوتوودا گۆشتیان دەخوارد، سێیەم کەسانێک کە تەنیا گۆشتی ماسییان دەخوارد و دەستەی چوارەم هیچ جۆرە گۆشتێکیان نەدەخوارد واتە گیاخۆرەکان.

هیچ یەک لە بەشداربووانی بایۆبانک لە کاتی دەستپێکی لێکۆڵینەوەکەدا، هیچ ئاسەوارێکیان لە شێرپەنجە نەبوو. هەموویان بۆ ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵ لەژێر چاودێری بوون.

لە دوای ١١ ساڵ، چەشنی جۆراوجۆری شێرپەنجە لەم کەسانەدا دەرکەوت: لە شێرپەنجەی کۆلۆنەوە تا شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا. هەروەها پشتڕاست کرا کە ڕێژەی شێرپەنجە لە گیاخۆرەکاندا لە هەموویان کەمتر و لە گۆشتخۆرەکاندا لە هەموویان زۆرتر بووە.

ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لەگەڵ ڕێژەی خواردنی گۆشت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە. واتە لەو کەسانەدا کە گۆشتی کەمتریان خواردووە، کەمتر شێرپەنجە دیتراوە. هەروەها لەو کەسانەدا کە تەنیا گۆشتی ماسییان خواردووە، ئەم ڕێژەیە کەمتریش بووە.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ماسیخۆرەکان لەچاو گۆشتخۆرەکان، ١٠% کەمتر تووشی شێرپەنجە دەبن.

هەروەها ماسیخۆرەکان لەچاو گۆشتخۆرەکان، ٢٠% کەمتر تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن، لە هەمان کاتدا گیاخۆرەکان ٣١% کەمتر تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن.

بۆ ئەو کەسانە کە ناتوانن خێرا واز لە گۆشتخواردن بهێنن و ببن بە گیاخۆر، گۆشتی ماسی جێگرەوەیەکی باشە بۆ پاراستنی تەندروستی.

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button