بابەتژینگە

ئایا ئێمە بەشێک لە سروشتین یان جیا لەوین؟ ڕوانگەی ئێوە گرنگە.

بیر لە ڕووبارێک بکەنەوە. ئێستا وێنا بکەن کە ئەم ڕووبارە دەناسن. ڕەنگە نزیک ماڵتان بێت یان لە شوێنێک کە سەردانتان کردبێت. هەنگاوێک بەرەو پێش بڕۆن: ئەم ڕووبارە ئێستا سەرچاوەی ئاوی کۆمەڵگەی ئێوەیە. لەبەر ئەم ڕووبارەیە کە لە حەوشەکەتان تەماتەی ئاوداری لێیە. لەم بەینەدا کە خەریکی بیرکردنەوە لەم بابەتەن، ئایا هەستتان بە پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ ڕووبارەکە کرد؟

بەپێی توێژینەوەکانی زانایانی دەروونناسی و زانستەکانی ژینگە لە زانستگەی باکووری ڕۆژهەڵات (ویلایەتی ئیلینۆیز) ئەم خۆڕاهێنانە دەبێتە هۆی ئەوەیکە زیاتر ئاگاداری ژینگە و ڕووبارەکە بن و پێشگیری لە پیسبوونی بکەن یان هەوڵی خاوێنکردنەوەی بدەن. جان کۆڵی، ڕاهێنەری دەروونناسیی ئەم زانستگەیە و یەکەمین نووسەری گوتاری دەرچووی گۆڤاری “لەند” دەڵێت: ئەمە بەڕاستی گرنگە. چۆنیەتیی فام و تێگەیشتن و نواندنەوەی ئەو شتانەی مرۆڤ بەرامبەر بە جیهان دەیزانێت.

ئەوەی ئێمە دەمانویست نیشانی بدەین ئەمە بوو کە خەڵک تا چ ڕادەیەک پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت بە دوولایەنە یان یەکلایەنە دەزانن؟ ئەمەش لێکەوتەگەلێکی وەک هەڵسوکەوت و بەڕێوەبردنی بەرپرسانەی سەرچاوەکانی هەبوو.

ئەو کەسانەی هەستیان زیاتر بە پەیوەندیی دوولایەنە و بەرامبەر کردبوو، ئەگەری زیاتری وەگەڕخستن و هەڵسوکەوت و بەڕێوەبردنی بەرپرسانەی سەرچاوەکانیان هەبوو.

بڕایان هێڵموت مامۆستای زانستی دەریایی و ژینگە دەڵێت: ڕێگەی چارەسەری کێشەکانی ژینگە، زۆر کات لە بواری ئەنجامەوە ئاڵۆز و دژوار نین. ئەوەی دژوارە ڕازیکردنی خەڵک و بەقەناعەتگەیشتنیانە.

هەر بۆیەش “کۆڵی” و “هێڵموت” و هاوکارانیان بڕیاریان دا تاقیکارییەک بۆ چەند پرسیار سەبارەت بە خاوەندارێتی و بەرپرسیاری بەرامبەر بە ژینگە ئەنجام بدەن. ئەوان لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاین کەڵکیان وەرگرت کە لەوێدا ڕووبارێکی خەیاڵیی پیس لە نزیک شارێک نیشان درابوو و پرسیار کرابوو کە خەڵک تا چ ڕادەیەک بەرامبەر بە زیندووکردنەوە و پاکوخاوێنیی ڕووبارەکە بەرپرسن و مرۆڤەکان چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ سروشت هەیە و پێچەوانەکەشی؟

هێڵموت دەڵێت: بۆمان دەرکەوت کە زۆربەی خەڵک لەوە تێگەیشتن کە مرۆڤەکان چۆن لەسەر ڕووبارەکە شوێنەوار دادەنێن بەڵام کەمتر کەسێک ئاگاداری شوێنەواری ڕووبارەکە لەسەر مرۆڤ بوو و ئەم پرسە پەیوەندی بە تێچوونی پارە و کات و داهات و … هەبوو.

بیر لەمە بکەنەوە کە چۆن کاتێک بیرکردنەوە لە ڕووبارێکی گشتی بۆ ڕووبارێک لە جیرانەتی و نزیکی خۆمان گۆڕا، شێوازی بیرکردنەوەی ئێمەش بەرامبەری دەگۆڕێت.

کۆڵی دەڵێت: بۆیە گرنگە ڕوانگەی خەڵک بەرامبەر بە پرسەکانی ژینگە وەک کۆمەڵێک بێت کە خۆیان بەشێک لەوین تا جیهان بە شێوەیەکی جیاواز ببینن و سروشت وەک بەشێک لە خۆیان کە شایانی پاراستنە، بپارێزن.

stewardship: هەڵسوکەوت و بەڕێوەبردنی بەرپرسانەی سەرچاوەکان

وەرگێڕ: فریا ڕەش ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button