بابەتتەندروستی

حەبی ڕێگری لە منداڵبوون بۆ پیاوان لە ڕێگەدایە!

لەوانەیە حەبی ڕێگری لە منداڵبوون بۆ پیاوان ساز بکرێت.
هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری دژە دووگیانی بۆ پیاو، لەمێژ ساڵە دەست پێ کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، تیمێک لە توێژەرانی زانکۆی شارە دووانەکانی مینێسۆتا ڕاگەیەنراوێکی سەرسووڕهێنەریان لە کۆبوونەوەی بەهارەی کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکی خستە ڕوو.

“گوندا ئای جۆرج” کیمیازانی پزیشکی و سەرۆکی تیمەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژی چوارشەممەدا گوتی: کاریگەریی دەرمانەکە لە تاقیکردنەوەدا لەسەر مشکەکان نزیکەی نەوەد و نۆ لەسەت (٩٩٪) بووە کە ئەم بەرگرییە بۆ پیاوان بە دەرمانی هاوشێوە بۆ ژنان دادەنێت کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٦٠دا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا پەسەند کرا.

توێژەران جۆرێک لە ڤیتامین ئەی (A)یان کردە ئامانج نەک تێستۆستێرۆن.

هەوڵەکانی پێشوو بۆ دروستکردنی دەرمانی بەرگری لە منداڵبوون بۆ پیاوان، هۆرمۆنی تێستۆستێرۆنی ڕەگەزی نێرینەیان دەکردە ئامانج. بەڵام ئەم هەوڵانە بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانییەوە وەک خەمۆکی، زۆربوونی کێش، زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها زۆربوونی LDLی خوێن پەک خرانەوە.
بۆیە توێژەرانی بەشدار لەم لێکۆڵینەوەیە نوێیەدا لەبری ئەوەی سەیری تێستۆستێرۆن بکەن، شتێکی تریان تاقی کردەوە.

کاریگەرییەکانی ڤیتامین ئەی لەسەر بزۆکیی پیاوان، بوو بە نیشاندەری ڕێگە بەرەو ئامانجی دۆزینەوەی هۆکاری دژە دووگیانی.

جۆرج دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە زانراوە کە بێبەشکردنی مشکی نێر لە ڤیتامین ئەی دەبێتە هۆی ئەوەیکە نەزۆک بن.

بە لەبەردەستبوونی ئەم زانیارییە هەوڵ درا بۆ دۆزینەوەی ماددەیەک کە بتوانێت ئەو تایبەتمەندییەی ڤیتامین ئەی کە پەیوەندی بە توانایی بوونەوەرییەوە هەیە، دابخرێت.

ئەم تایبەتمەندییە لە YCT529 دۆزرایەوە. بەڵام دۆزینەوەی ئەو پێکهاتەیە کارێکی ئاسان نەبوو. چونکە جەستە، ڤیتامین ئەی بە شێوە جیاوازەکانی خۆی بۆ هەموو جۆرە ئەرکە بنەڕەتییەکان وەک دروستکردنی خانەی سپیی خوێن و دروستکردنەوەی ئێسک بەکار دەهێنێت.

توێژینەوەکانی پێشوو وای لە توێژەران کرد کە تیشک بخەنە سەر جۆرێکی دیاریکراو لە ڤیتامین ئەی بە ناوی ترشی ڕیتینۆیک کە گرنگە بۆ گەشە و گەورەبوونی ئاوڵەمە.

وا دەردەکەوێت کە مرۆڤ سێ جۆری وەرگری ترشی ڕیتینۆیک (RARs)ی هەیە. توێژەران پێشتر پێکهاتەیەکیان دۆزیوەتەوە کە وا دەکات خانەکانی لەش هیچیان وەرنەگرن. بەڵام جۆرج و تیمەکەی جەختیان سنووردار کردەوە لەڕێگەی بەئامانجگرتنی تەنیا ئەو وەرگرانەی کە لە ڕاستیدا بەرپرسیارن لە بزۆکی.

وشەکان:
زانکۆی شارە دووانەکانی مینێسۆتا: University of Minnesota Twin Cities
گوندا ئای جۆرج: Gunda I. Georg
بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمان: FDA
ترشی ڕیتینۆیک: retinoic acid
بزۆکی: fertility

وەرگێڕان: شیما محەممەدی و شیوا شاداب
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button