بابەتتەندروستی

نان یان برینج؟ کامیان زیاتر دەبنە هۆی قەڵەوبوون؟

بە پێچەوانەی بیرکردنەوە و بڕوای باو، لە قەبارەی یەکساندا کالۆریی برینج لە کالۆریی نان کەمترە.

برینج لە چ دۆخێکدا زیاتر لە نان دەبێتە هۆی قەڵەوبوون؟

١_ بە زیادکردنی ڕۆن

هەرچی ڕۆنی زۆرتر زیاد بکرێتە سەر برینج ئاستی کالۆری بەرزتر دەبێتەوە بەڵام ئەگەر هیچ ڕۆنێکی پێ زیاد نەکەین ئەوە کالۆریی لە نان کەمترە.

٢- بنکڕ

ئەگەر لەگەڵ برینج بنکڕەکەشی بخورێت کالۆریی لە نان زیاتر دەبێت چونکە بەشێکی زۆری ڕۆنی زیادکراو بە برینج لە کاتی کوڵاندا لەبن مەنجەڵ یان دەفری هەڵگر کۆ دەبێتەوە.

٣- خێرا خواردن

لەو کاتەوە دەست بە خواردن دەکەن نزیکەی ٢٠ خولەک دەبات تا مێشک پەیامی تێربوونی لە کۆئەندامی هەرسکردنەوە پێ بگات و هۆکارەکانی کەمکردنەوەی ئیشتیها ئازاد بکات و ئێوە هەست بە تێربوون بکەن.
برینج خێراتر لە نان دەخورێت و بۆیە لە کاتێکی یەکساندا، ڕێژەی برینجی خوراو لە نان زیاترە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کالۆری.

بۆ نابێت برینج لە بەرنامەی خۆراکی ڕۆژانە بسڕینەوە؟

توانای برینج بۆ تێرکردن لە نان زیاترە و بۆ ماوەیەکی زیاتر تێر دەمێننەوە بۆیە ئەگەر برینج لە ناو بەرنامەی خواردنتان بسڕنەوە ڕەنگە ئەم دوو دۆخەتان بۆ بێتە ئاراوە:
یەکەم: ناچارن نانی زیاتر بخۆن تا هەست بە تێربوون بکەن.
دووەم: ناچار دەبن خۆراکی دیکە لەباتی برینج و وێڕای نان بخۆن تا تێر ببن.
لە هەر دوو دۆخەکەدا کالۆریی وەرگیراو کەم نابێتەوە تەنانەت لەو کاتەی برینجتان خواردووە کالۆریی زیاتر وەردەگرن.

چەند پێشنیار بۆ خواردنی نان:

١_ نانە سوێدارەکان زیاتر بخۆن چونکە تێربوون لێیان زۆرترە و ڕێژەی ڤیتامین و پێداویستییەکانیانی دیکەی تێدا زیاترە.
٢_ کالۆریی نانە وشکەکان لە بیر مەکەن، نانی لەم جۆرە، چونکە قەبارەیان کەمترە تێربوون لێیان کەمە و ڕەنگە بێ ئەوەی ئاگادار بن ڕێژەیەکی زۆرتان خواردبێت.

چەند پێشنیار بۆ خواردنی برینج:

١_ قەت هەوڵ مەدەن بە تەواوی لە ژەمەکانی خواردن بیسڕنەوە.
٢_ خواردنی بنکڕ کەم بکەنەوە.
٣_ کاتی خواردنی برینج لەسەرخۆ و هێدی بخۆن بە جۆرێک کە خواردنی ئێوە لانی کەم بیست خولەکی پێ بچێت.
٤_ ڕۆن بە برینجەوە زیاد مەکەن.

نووسەر: ئەوین سەعیدی
کارناسی ڕاوێژکاری خورد و خۆراکی دایک و منداڵ.
یارمەتی وەرگیراوە لە:
Krause’s food & the nutrition care process

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button