بابەتتەندروستی

ئەو کەسانەی کە لە مەترسیی کەمبوونی ڤیتامینی بی ١٢دان، گیاخۆرەکانن!

کەمبوونی ڤیتامینی بی ١٢ دەبێتە هۆی زیادکردنی کێش.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لە نێوان ئاستە نزمەکانی ڤیتامینی بی ١٢ و قەڵەوبوون، گوشاری خوێن، نەخۆشییەکانی شەکرە و سەندرۆمی مێتابۆلیک لە نموونە جۆراوجۆرەکاندا پەیوەندی هەیە.

ڤیتامینی بی ١٢ یان کۆبالامین ڤیتامینێکی توێنراوی نێو ئاوە کە جەستە توانای سازکردنی نییە، بۆیە دەبێت لە ڕژێمی خۆراکی یان تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە دابینی بکات.

ڤیتامینی بی ١٢ چەند ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەیە، وەک: پێویستە بۆ سازکردنی دی ئێن ئەی و وەبەرهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هەروەها وەبەرهێنانی وزە و تین و گوڕ.
بۆیە کەمبوونی ئەم ماددە بژیەنە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی گرنگی لەسەر تەندروستی هەبێت.

کەمبوونی ڤیتامینی بی ١٢ ڕەنگە پڕۆفایلی لیپیدی نەخوازراو و نەخۆشینەکانی دڵ و دەمارەکانی لێ بکەوێتەوە. لە توێژینەوەکانی نێو تاقیگەدا کە لەسەر مشکەکان ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە ئاستی نزمیی بی ١٢ دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی چەوری لە خانەکانی چەوری و دیسلیپیدۆمی مشکەکان. ئەو کەسانەی زیاتر هەڕەشەی کەمبوونی ئەم ماددەیەیان لەسەرە بریتین لە: کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی جگەرە دەکێشن یان نۆشەمەنیی ئاڵکۆڵی زۆر دەخۆنەوە و هەروەها ئەو کەسانەی ڕژێمی گیاخۆرییان هەیە.

بە پارێزێکی دروست و لەژێر چاودێریی پسپۆڕ و کەڵکوەرگرتن لە تەواوکەرە خۆراکییەکان دەکرێت ئەم خەسارانە کەم بکرێنەوە یان نەمێنن.

وشەکان:
Metabolic syndrome: سەندرۆمی مێتابۆلیک
Cobalamin: کۆبالامین
Nutritional supplements: تەواوکەرە خۆراکییەکان
Red blood cell /RBC: خڕۆکەی سوور
Lipid profile unfavorable (HDL, LDL, Triglycerides): پڕۆفایلی لیپیدی نەخوازراو
Dyslipidemia: دیسلیپیدۆم

وەرگێڕ: ئەڤین سەعیدی
کارناسی ڕاوێژکاریی خواردنی دایکان و منداڵان
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

Nutrients. 2020 Jul; 12(7): 1925.
Published online 2020 Jun 29. doi: 10.3390/nu12071925
PMCID: PMC7400011
PMID: 32610503

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button