بابەتتەندروستی

بۆ چی ئافرەتان زیاتر تووشی شەقیقە دەبن؟

ئازاری درێژخایەن یەکێکە لە نەخۆشییە لاوازکەرەکانی مرۆڤ. هەوڵی گەورە دەدرێت بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمە گەردیلەیی و خانەییەکان کە بنەمای فیزیۆلۆژیای نەخۆشیی گواستنەوەی ئازارن. بە تایبەتی جێگەی سەرنجە کە هەندێک جۆری ئازاری درێژخایەن وەک شەقیقە، تا سێ هێندە لە ژناندا زیاتر لە پیاوان بڵاو دەبێتەوە.
توێژەران باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە هۆرمۆنی ئیسترۆجین و هۆرمۆنەکانی تر کە یارمەتیی گەشەکردن و پاراستنی تایبەتمەندییەکانی جەستەی مێیینە دەدەن هۆکار بن بۆ زیاتربوونی بڵاوبوونەوەی شەقیقە لە خانماندا.

توێژینەوەیەک کە لە کتێبی «سنوورەکان لە زانستە زیندووەکانی گەردیلەیی» بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆرمۆنە ڕەگەزییەکان وەک ئیسترۆجین کاریگەرییان لەسەر خانەکانی دەوروبەری دەماری سێ جومگە و خوێنبەرە لێک بەستراوەکان لە سەردا هەیە، ئەم دۆزینەوە ڕێگەیەکی نوێی بەڵێندەر بۆ زانایان بۆ چارەسەریی نەخۆشیی شەقیقە دەردەخات.

پێ دەچێت هەندێک لە هۆرمۆنەکان (وەک هۆرمۆنی تێستۆستێرۆن- هۆرمۆنی نێرینە) مرۆڤ لە بەرامبەر شەقیقە بپارێزن، هەندێکی تریش (وەک پرۆلاکتین) وا دیارە شەقیقە خراپتر دەکەن.

هەندێک هۆرمۆن پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ دیاریکردنی ڕۆڵەکەیان. بەڵام ئیسترۆجین بەردەنگێکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە ڕوودانی شەقیقە. بۆ یە کەم جار وەک هۆکارێک بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری شەقیقە لە کاتی سووڕی مانگانە لە ژناندا و پەیوەندیی هەندێک جۆری شەقیقە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە سووڕی مانگانە لە ئاستی هۆرمۆنەکاندا دەستنیشان کرا. ئێستا بەڵگەکانی تیمی توێژینەوەکە ئەوە نیشان دەدات کە ئیسترۆجین و گۆڕانکاری لە ئاستی ئیسترۆجین، خانەکانی دەوروبەری دەماری سێ جومگە هەستیار دەکەن بە هاندەرەکان.

سەرەڕای ئەوەش، فێرێ-مۆنتیێ و هاوکارانی لە دۆزینەوەکانی ئێستایاندا داهاتوویەکی بەڵێندەر بۆ دەرمانی شەقیقە دەبینن. ئەوان پێداگرن لە بەردەوامبوون لە توێژینەوەکانیان بە بەکارهێنانی مۆدێلی پێش کلینیکی، لەسەر بنەمای مرۆڤ (نەک ئاژەڵ) کە باشتر ڕەنگدانەوەی نەخۆشە ڕاستەقینەکانن.

شەقیقە Migraine
ئازاری درێژخایەن Chronic pain
گەردیلەیی Mulecular
خانەیی Cellular
ئیسترۆجین Estrogen
«سنوورەکان لە زانستە زیندووەکانی گەردیلەیی» Frontiers in Molecular Biosciences
هۆرمۆنە ڕەگەزییەکان Sex hormones
دەماری سێ جومگە Trigeminal nerve
خوێنبەرە لێک بەستراوەکان Connected blood vessels
تێستۆستێرۆن Testosterone
پرۆلاکتین Prolactin
هاندەرەکان Incentives
فێرێ-مۆنتیێ Ferrer-Montiel
پێش کلینیکی pre-clinical

وەرگێڕ: شادی خووسرەوی

سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button