بابەتزانستە بنەماییەکان

فیزیکزانی لێهاتووی کورد «ئاوێنەی سیحراوی» دروست کرد.

گرنگیەتی و ڕۆڵی زانستە بنەڕەتییەکان لە پێشکەوتن و پەرەپێدانی مرۆڤ حاشاهەڵنەگرە. زانستگەلێک وەک فیزیک، کیمیا، بیرکاری و بوونەوەرناسی، گشت کات بۆ کۆمەڵگه و تاکەکانی سەرنجڕاکێش بووە و پێشکەوتە زانستییەکان لەو تەوەر و بابەتانەدا لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵک – لە ئاستی خوێندەواری و زانیاریی جۆراوجۆر – بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. سەرنجڕاکێشیی زانستە بنەڕەتییەکان بۆ خەڵکی سڤیل و ئاسایی لە هێنانە گۆڕی پرسیارە سەرەکییەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی شیاو و گونجاو بۆیان دەست پێ دەکات.

بەڵام هەڵوێستی ناڕەوای کاربەدەستان دەتوانێت ببێتە هۆکاری چوونە پەراوێزی زانست لە ناو کۆمەڵگەدا کە لە درێژخایەندا خەساری گەورەی لێ دەکەوێتەوە. بۆ وێنە گیروگرفتی سەرەکی وەک چەرمەسەریی دابینکردنی بژێوی ژیان و دۆزینەوەی کار و پیشەی شیاو بۆ خوێندەوارانی فیزیک، کیمیا، بیرکاری و…. بووەتە هۆکاری بەرەو پیر نەچوونی لاوانی لێهاتووی زانا و خوێندەوار بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا. دیارە پرسی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و شوێنەواری ئەوان لەو تەوەرەدا ناتوانین لەبەرچاو نەگرین.

ئێستا کە ساڵی ۲۰۲۲ لە لایەن یونسکۆ وەک «ساڵی جیهانیی زانستە بنەڕەتییەکان بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنە» نێودێر کراوە؛ وا باشە چالاکانی زانستی، ڕێکخراوە زانستییەکان و پەروەردە و بارهێنان و زانکۆکان بە ئاوەزی گشتی و دۆزینەوەی لەمپەر و کێشەکان لە سەر ڕێگەی گەشە زانستە بنەڕەتییەکان لە وڵات و ناوچەدا، کاربەدەستان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و لادانی لەمپەرەکانی سەر ڕێگای پەرەسەندنی زانست و تەکنۆلۆژیا هان بدەن و گرنگیەتی ئەو زانستە سەرەکییانە لە پەرەی هەمەلایەنە مسۆگەر بکەن و لەو ڕێبازەدا بتوانن بە پێشنیاری ڕێکارەکانی گونجاو، بەستەری گەشەپێدانی زانست لە وڵات و ناوچەدا دابین بکەن.

بابەتی دکتۆر سولەیمان ڕەسووڵی بەبۆنەی نوێترین دەستکەوتی زانستیی پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی

بەختەوەرانە لە وڵات و ناوچە، لاوی لێهاتوو و زانامان زۆرن بەتایبەت ئەو تاقمە کە لە دەرەوەی وڵات هەلومەرجی کار و چالاکیی زانستییان بۆ ڕەخساوە توانیویانە لێهاتوویی و کارامەیی خۆیان لە ئاستی جیهانی بسەلمێنن. بۆ وێنە لەم دوایەدا و بە پێی بابەتێکی زانستی کە لە گۆڤاری بایەخداری نیو ساینتیست چاپ و بڵاو بووەتەوە، گرووپی توێژینەوە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، فیزیکزانی لێهاتووی کورد و مامۆستای زانکۆی ئۆتاوای وڵاتی کەنەدا توانیویانە داهێنانێکی نوێ بۆ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا دەستەبەر بکەن.

«ئەو پەنجەرە و ئاوێنانەی کە بە کریستاڵە شلەکانەوە جێگیر کراون دەتوانن ئەو وێنانە بشارنەوە کە تەنیا کاتێک دەردەکەون کە جۆری گونجاوی ڕووناکیان بەسەردا بدرەوشێتەوە. تەکنیکەکە لە فێڵێکی ٤٠٠٠ ساڵەی کۆن بۆ دروستکردنی «ئاوێنەی سیحراوی» ئیلهام وەرگیراوە، ڕەنگە هەنگاوێک بێت بەرەو پەرەپێدانی نمایشی باشتر بۆ وێنەی سێ ڕەهەندی»
-سەرچاوە: لاپەڕەی ئینستاگرامی پ. کەریمی

شایانی ئاماژەیە پڕۆفیسۆر کەریمی ساڵی ٢٠٢٠ براوەی خەڵاتی هێرتزبێرگ (ئەنجوومەنی فیزیکزانانی کەنەدا) بووە و لە ساڵی ڕابردوودا لە کۆنفرانسی نەتەوەیی فێرکاریی فیزیکی ئێران لە پارێزگای ئیلام و لە کۆبوونەوەی سەرهێڵی ئەنجوومەنی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان زانیاریی نوێ و ناوازەی ئاراستەی بەشداربووان کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕاگواستنی زانست و زانیاری بۆ ناوخۆی ئێران وە ئەستۆ گرتووە.

Canadian Association of Physicists (CAP) Herzberg Medal

نووسەر: دکتۆر سولەیمان ڕەسووڵی

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button