بابەتتەندروستی

پیاوە نەزۆکەکان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکیان زیاترە

نەزۆکی لە پیاوەکاندا دەکرێت بە کێشەکانی دیکەی تەندروستییەوە ببەسترێتەوە. توێژینەوەیەک کە لەم دواییەدا لە گۆڤاری توێژینەوەی شێرپەنجەی مەمکدا بڵاو کراوەتەوە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شێرپەنجەی مەمک و نەزۆکی لە پیاواندا دەردەخات. توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە شێرپەنجەی مەمک لە نێرینەکاندا کەمتر باوە، بەڵام چانسی شێرپەنجەی مەمک لە پیاوە نەزۆکەکاندا بە بەراورد لەگەڵ ئەو پیاوانەی کێشەی بەپیتییان نییە دوو هێندەیه .

بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ تیمێک لە توێژەران لە پەیمانگای توێژینەوەی شێرپەنجە لە لەندەن یەکێک لە فراوانترین توێژینەوەکان لەسەر نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمکی نێر لە ئینگلیز و وێڵز ئەنجام دا. توێژەران لە درێژەی توێژینەوەکەیاندا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نزیکەی ١٩٩٨ تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک کردووە و داتای بەپیتییان بەراورد کردووە لەگەڵ داتاکانی زیاتر لە ١٥٠٠ پیاوی دیکەی کە تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوون.

دۆزینەوەکانی لێکۆڵینەوەکە چەندین وردەکاری گرنگی ئاشکرا کرد:
شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا ئەفسانە نییە بەڵکوو نهێنییە
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمک لە مێدا زۆرترن و لە هەر ١٠٠ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لە ئەمریکا ٩٩یان ژنن. شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا دەدۆزرێتەوە کە بە هۆکاری جینی و زاوزێوە بەستراوەتەوە. لەوانەیە بەهۆی جینی میراتیی و پیری و بەرکەوتنی تیشک و وەرگرتنی ئەلکول و ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان، ئەو نەخۆشییە لە جەستەی مێیینەدا دروست ببێت.

یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە تیشکی خستە سەر تێگەیشتنێکی هەڵەی باو سەبارەت بە نەخۆشییەکە و گوتی: لە پیاواندا، نەخۆشییەکە دەگمەنە و زۆر جار بە نهێنی دادەنرێت چونکە زانایان هێشتا دڵنیا نین لەوەی کە هۆکاری سەرهەڵدانی شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا چییه . دکتۆر مایکڵ جۆنز گوتی: شێرپەنجەی مەمک زۆر جار وەک شتێک بیر دەکرێتەوە کە تەنیا کاریگەریی لەسەر ژنان هەیە، بەڵام پیاوان دەتوانن نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەن.

نزیکەی ٨٠ پیاو هەموو ساڵێک بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە لە بەریتانیا ژیانیان لە دەست دەدەن لە کاتێکدا لە ئەمریکا زیاتر لە ٥٠٠ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکی نێر لە ساڵی ٢٠١٧دا گیانیان لەدەستداوە بەپێی خەمڵاندنێکی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، ئەمساڵ زیاتر لە ٢٧٠٠ حاڵەتی شێرپەنجەی مەمکی نێرین بە تەنیا لە ئەمریکا دەستنیشان کراوە.
➖کێشەی نەزۆکی لە نێرینەکاندا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە شێرپەنجەی مەمکەوە هەیە
هەرچەندە هۆکاری شێرپەنجەی مەمک لە نێراندا نازانرێت، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکەیاندا دکتۆر جۆنز و هاوکارەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسی شێرپەنجەی مەمک لە نێرینەکاندا کە کۆنیشان (سەندرۆم)ی «کلاینە فێلتێر»یان هەیە زیاترە، ئەم حاڵەتە جینەتیکییە کاریگەری خراپی لەسەر گەشەی باتوویی و بەرهەمهێنانی سپێرم لە پیاواندا هەیە. دۆزینەوەیەکی تر کە توێژەرەکانی سەرسام کرد ئەوە بوو کە ئەگەری شێرپەنجەی مەمک لە نێرینەکاندا لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی منداڵەکان کەم دەبێتەوە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا، ئەو پیاوانە کە منداڵیان نییە، زیاتر تووشی شێرپەنجە بوون. ئەم توێژینەوەیە کەسانی خێزاندار و تاک لە خۆ دەگرێت و پشکنینی تاکە کەسی بۆ مێژووی سەر جێیی سەبارەت بە بەپیتی بۆ هەر کامێکیان ئەنجام درا. لە کۆتاییدا، کاتێک توێژەران داتای پەیوەست بە بەپیتی نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک بە ١٥٩٧ پیاوی ئاسایی بەراورد کرد، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە «نەزۆکی پیاوان پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە پیاوان هەیە.»
سەرنجڕاکێشە، شێرپەنجەی مەمک تاکە نەخۆشی نییە کە بە نەزۆکی لە پیاواندا گرێ دراوە. هەندێک لە توێژینەوەکانی پێشوو تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە ئەو پیاوانەی کێشەی بەپیتیان هەیە زیاتر تووشی نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشیی گورچیلە دەبن.
دکتۆر جۆنز پێی وایە ئەو دۆزینەوەیان زۆر گرنگە کە نەزۆکی بە شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا دەبەستێتەوە، لە دوای توێژینەوەیەکی زیاتر دەتوانن زانیاری زیاتر لەبارەی هۆکاری بنەڕەتی شێرپەنجەی مەمک لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا ئاشکرا بکەن. نووسەرەکە گوتی، “توێژینەوەکەمان ئەوە نیشان دەدات کە پیاوانی نەزۆک لەوانەیە دوو هێندە زیاتر لەوانەی کە کێشەی بەپیتیان (منداڵبوون) نییە تووشی شێرپەنجەی مەمک بن. هۆکارەکانی پشت ئەم پەیوەندییە نادیارن و پێویستە لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی بنەڕەتی هۆرمۆنەکانی بەپیتی نێرینە لەسەر مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا بکرێت. هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی تێگەیشتن لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی شێرپەنجەی مەمکی نێر، و تەنانەت مێیینەش”.

 

Breast Cancer Research Journal گۆڤاری توێژینەوەی شێرپەنجەی مەمک
fertility بەپیتی
Institute of Cancer Research پەیمانگای توێژینەوەی شێرپەنجە
Hormonal Imbalance ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان

وەرگێڕ: شیما محەممەدی، خوێندکاری دکتۆرای دەرمانسازی

سەچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button