بابەتزانستە بنەماییەکان

ڕێژەی دانیشتووانی چین ڕوو لە کەمبوونەوەیە.

دابەزینی خێرا کاریگەریی بەربڵاوی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت.
گەورەترین گەلی جیهان خەریکە بچووک دەبێتەوە.
زیاتر لە یەک لەسەر شەشی دانیشتووانی جیهان نیشتەجێی چینن.
دوای ماوەی چوار دەیە کە ژمارەی دانیشتووانی چین لە ٦٦٠ ملیۆنەوە گەیشتووەتە ١.٤ ملیار کەس، ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانەکەی ڕووی لە دابەزین کردووە، کە ئەمە یەکەمین جارە لە دوای قات و قڕیی گەورەی ١٩٥٩-١٩٦١.
بەپێی دوایین ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانیی ئاماری چین، ژمارەی دانیشتووانی چین لە ١.٤١٢١٢ ملیارەوە بۆ تەنیا ١.٤١٢٦٠ ملیار لە ساڵی ٢٠٢١دا زیادی کردووە – کە دەکاتە زیادبوونی تەنیا ٤٨٠،٠٠٠ کەس لە ماوەی ساڵێکدا – ئەمەش لە چاو دە ساڵ لەمەوبەر کە ساڵانە ٨ ملیۆن کەس زیاد دەبوو، دابەزینێکی بەرچاوی کردووە.
ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێوشوێنە توندەکانی دژە کۆڤید، دوودڵی لە منداڵبوونی ساز کردبێت بۆ بنەمالە چینییەکان و دابەزینی ڕێژەی دانیشتووانی ئەم وڵاتەی خێراتر کردبێت.
ڕێژەی منداڵبوون لە ژنانی چینیدا (سکوزا بۆ هەر ژنێک) لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ٢.٦ بووە، بۆ ئەوەی لەدایکبووان جێی مردووەکان بگرنەوە، ئەم ڕێژەیە دەبێت ٢.١ بێت واتا لەو سەردەمەدا ئەم ڕێژەیە لە چین لە ئاستی پێویست یەکجار زیاتر بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لەنێوان ١.٦ بۆ ١.٧دا بووە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا بووەتە ١.٣ و لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ ١.١٥ دابەزیوە.
وەک پێکگرتنێک، لە ئوسترالیا و ئەمریکا، ڕێژەی مامناوەندی منداڵبوون بۆ هەر ژنێک ١.٦ منداڵە. لە ژاپۆن، کە ئەویش بەرەو پیربوونێکی خێرا دەچێت، ئەم ڕێژەیە ١.٣یە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦دا چین وازی لە سیاسەتی یەک منداڵ هێنا و ساڵی ڕابردوو سیاسەتی سێ منداڵی هێنایە ئاراوە و بە بانگەشە و هاندانێکی زۆرەوە پشتگیریی لێکرد.
تێڕوانینەکان جیاوازن سەبارەت بەوەی بۆچی ژنانی چینی سەرەڕای هاندانەکانی دەوڵەت، ئامادە نین منداڵیان ببێت.
یەکێکیان بریتییە لە ڕاهاتن بە خێزانە بچووکەکان. هۆیەکی تریان بریتییە لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان؛ هەروەها، زیادبوونی تەمەنی هاوسەرگیریش هۆکارە، کە لەدایکبوون دوا دەخات و ئاواتی منداڵبوون کەم دەکاتەوە. جگە لەوەش، لە چین ئەو ژنانەی ئێستا لە تەمەنی منداڵبووندان، ژمارەیان کەمتره لەوەی کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا.
لە ساڵی ١٩٨٠ەوە کە دەسەڵاتی چین ڕێگەی بە هێنانی تەنیا یەک منداڵ دەدا، زۆرێک لە هاوسەرەکان منداڵی کوڕیان هەڵدەبژارد. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بۆ هەر ١٠٠ کچی لەدایکبوو، ١٠٦ کوڕ لە دایک دەبێت بەڵام لە چین ئەو ڕێژەیە بۆ ١٢٠، و لە هەندێک پارێزگادا بۆ ١٣٠ کوڕ بەرز بووەتەوە.
کۆی ژمارەی دانیشتووانی چین لە ساڵی ڕابردوودا بە نزمترین ڕێژەی دوای قاتوقڕی گەشەی کردووە کە تەنیا ٣٤ کەس بوو لە هەر ١٠ هەزار کەس.
پێشبینییەکان کە لەلایەن دەستەیەک لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شانگهای ئامادە کراون، باس لەوە دەکەن کە ئەمساڵ – بۆ یەکەم جار لەدوای قاتوقڕییەکە – لە هەر ١٠ هەزار کەس، ٤٩ کەس کەم دەبێتەوە.
خاڵی وەرچەرخان دە ساڵ زووتر لە چاوەڕوانییەکان هاتووەتە ئاراوە.
ساڵی ٢٠١٩ ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی چین پێشبینیی کرد کە ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠٢٩دا بگاتە لووتکە بەرانبەر لەگەڵ ١.٤٤ ملیار کەس. ڕاپۆرتی ئاسۆی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ پێشبینیی کرد کە ئەم لووتکەیە ساڵی ٢٠٣١-٢٠٣٢، ڕوو دەدات و ئاپۆرەی چین دەگاته ١.٤٦ ملیار کەس.
تیمی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شانگهای پێشبینی دەکات لەدوای ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی دانیشتووانی چین بە مامناوەندی ساڵانە ١.١٪ داببەزێت و وا چاوەڕوان دەکات کە ئاپۆرەی چین لە ساڵی ٢١٠٠دا بۆ ٥٨٧ ملیۆن کەس داببەزێت، کە لە نیوەی ئەوەی ئێستا هەیە کەمترە.
بنەمای ئەو پێشبینییانە ئەوەیە کە کۆی ڕێژەی منداڵبوونی ژنانی چین لەنێوان ئێستا و ٢٠٣٠دا لە ١.١٥وە بۆ ١.١ داببەزێت، و تا ساڵی ٢١٠٠هەر لەو ئاستەدا بمێنێتەوە.
ئەم دابەزینە خێرایە کاریگەریی بەربڵاوی لەسەر ئابووریی چین دەبێت.
ژمارەی دانیشتووانی چین لە تەمەنی کارکردن (لە تەمەنی ١٦ ساڵ تا تەمەنی خانەنشینی) لە ساڵی ٢٠١٤دا گەیشتە لووتکە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢١٠٠ بۆ کەمتر لە یەک لەسەر سێی ئەو لووتکەیە کەم ببێتەوە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی بەساڵاچووانی چین (تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتر) هەر بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات و لە نزیک ساڵی ٢٠٨٠ ژمارەی بەساڵاچووانی چین لە ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە تەمەنی کارکردندا تێبپەڕێت.

بەساڵاچووان لە لاوەکان یەکجار زۆرتر دەبن:
لە ئێستادا ١٠٠ کەس لە تەمەنی کارکردندا هەن بۆ پشتگیریکردن لە هەر ٢٠ کەسی بەساڵاچوو، بەڵام تا ساڵی ٢١٠٠، ١٠٠ چینی لە تەمەنی کارکردندا دەبێت پشتگیری لە ١٢٠ چینیی بەساڵاچوو بکەن!

بە مامناوەندی ساڵانە ١.٧٣٪ لە ڕێژەی دانیشتووانی چین کە لە تەمەنی کارکردندان کەم دەبێتەوە، ئەمەش وەک هەڕەشەی گەشەی ئابوورییەکی زۆر کەمتر دێتە ئەژمار، مەگەر کارامەیی بەرهەمهێنان بە خێرایی پێش بکەوێت.
بە زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، کە بەهۆی کەمبوونی هێزی کارەوە ڕوو دەدات، بڕیارە بەرهەمهێنانی کەم قازانج لەسەر بنەمای کاری چڕ لە چینەوە، بۆ ئەو وڵاتانەی کە کرێکاریان زۆرە وەک ڤێتنام، بەنگلادیش و هیندستان بگوازرێنەوە.
هەر ئێستاش تێچووی کرێکاری بەرهەمهێنان لە چین دوو هێندەی ڤێتنامە.
پێویستییەکی زۆرتر بە ئاگالێبوون، لە پەنای بەرهەمهێنانێکی کەمتر
لە هەمان کاتدا کە کرێکاران بە تەمەنی خانەنشینی دەگەن، داواکاری بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پزیشکی و چاودێریی بەساڵاچووان زۆرتر دەبێت.
سەنتەری توێژینەوەی سیاسەت لە زانکۆی ڤیکتۆریا چاوەڕوانیی ئەوە دەکات کە بەبێ گۆڕانکاری لە سیستەمی خانەنشینیی چین، پارەی مووچەی خانەنشینی پێنج هێندە گەشە دەکات؛ لە ٤٪ی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بۆ ٢٠٪ی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢١٠٠.
بۆ وڵاتانی هەناردەکەری سەرچاوە وەک ئوسترالیا، ئەم گۆڕانکارییانە بەو مانایەیە کە ئەوان دەبێت لەجیات چین، زۆربەی سەرچاوەکانیان بۆ وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی دیکە وەک ڤێتنام و بەنگلادیش بنێرن.
بۆ هاوردەکەرانی کاڵا وەک ئەمریکا، بڕیارە سەرچاوەی کاڵاکان وردە وردە لە چینەوە بەرەو ئەو وڵاتانەی لە بەرهەمهێناندا جێگەی چین دەگرنەوە، وەک هیندستان، بگۆڕێت.
China’s National Bureau of Statistics نووسینگەی نیشتمانیی ئاماری چین
Shanghai Academy of Social Sciences ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شانگهای
United Nations Population Prospects ئاسۆی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان
low-margin, labour-intensive manufacturing بەرهەمهێنانی کەم قازانج لەسەر بنەمای کاری چڕ
Center of Policy Studies at Victoria University سەنتەری توێژینەوەی سیاسەت لە زانکۆی ڤیکتۆریا

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: هاوڕێ حوسەینی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button