Close

بە بۆنەی ساڵیادی داهێنانی تۆڕی بەرینی جیهانی یان WWW

حەفتەی یەکەمی دەسپێکی کارم وەکوو توێژەری دوکتۆرا لە سێرن[1] بوو کە لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا لە هاوکارێک بیستم کە “تۆڕی بەرینی جیهانی[2]” یان WWW یان وێب لەوێ دەستی پێ کردووە. بەڵێ، لە سێرن!

زانیارییەکی زۆر ورووژێنەر بوو بۆم. لە سێرن کاری زۆر زۆر گەورەتر و ئاڵۆزتر لەوە دەکرێت. زۆرینەی خەڵک، سێرن بە بۆنەی توێژینەوە لەسەر فیزیکی بیردۆزی و سروشتیی تەنۆلکەکان دەناسن. بەڵام، وێب لە ژیانی ڕۆژانەی هەمووماندا زۆر کاریگەرە. ڕەنگە هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم، یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین داهێنانگەلی سێرن و تەنانەت داهێنانگەلی مرۆڤ لە مێژووی زانستدا داهێنانی وێب بووە. ئەم کورتەوتارە کە وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆ لە لاپەڕەیەک لە ماڵپەڕی سێرنە، تیشکێک دەخاتە سەر ئەوەی کە “تۆڕی بەرینی جیهانی” چۆن و بۆ لە سێرن دەستی پێ کردووە. لە درێژەی ئەم دەقەدا لەجیاتی “تۆڕی بەرینی جیهانی” کورتکراوەی “تۆڕ” بەکار دەبەم.

تۆڕ کەی و بە دەستی کێ لە دایک بوو؟

تیم بێرنێرز-لی[1]  زانستوانی بەریتانی، لە ساڵی ١٩٨٩دا، کاتێک کە لە سێرن کاری دەکرد، “تۆڕی بەرینی جیهانی”ی داهێنا. تۆڕ لە سەرەتادا بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە نیازی هاوبەشکردنی زانیاری، بە شێوەی خۆکار لەنێوان زاناستوانان لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە سەرانسەری جیهاندا، بیری لێ کرایەوە و پەرەی پێ درا.

سێرن تاقیگەیەکی دوورەپەرێز نییە، بەڵکوو شوێنی سەرەکی بۆ کۆمەڵگەیەکی بەرفراوانە و زیاتر لە ١٧٠٠٠ زانستوان لە زیاتر لە ١٠٠ وڵات لە خۆ دەگرێت. هەرچەندە ئەم کەسانە بەگشتی هەندێک کات لە شوێنی ڕاستەقینەی سێرن بەسەر دەبەن، بەڵام زۆرتر لە زانکۆ و تاقیگە نیشتمانییەکانی وڵاتەکانی خۆیان کار دەکەن. بۆیە ئامرازێکی پەیوەندیی متمانەپێکراو بۆیان زۆر گرینگە.

تۆڕ کەی و بە دەستی کێ لە دایک بوو؟تیم بێرنێرز-لی لە سێرن

تۆڕ چۆن دەستی پێ کرد؟

تیم بێرنێرز-لی یەکەم پێشنیارنامەی بۆ تۆڕی جیهانی لە مانگی مارچی ١٩٨٩ و دووەم پێشنیارنامەی خۆی لە مانگی مەیی ١٩٩٠ نووسی. دواتر، لە نۆڤەمبەری ١٩٩٠ لەگەڵ ئەندازیارێکی سیستەمی بەلژیکی بە ناوی ڕۆبێرت کایلیۆ، پێشنیارنامەیەکی بەڕێوەبردنیان فەرمی کرد کە لەوێ چەمکە سەرەکییەکانی خستە ڕوو و واژە و دەستەواژە گرینگەکانی تۆڕی پێناسە کرد. پێشنیارنامەکە باس لە “پڕۆژەیەکی سەروودەق[1]”  دەکات بە ناوی”تۆڕی بەرینی جیهانی” کە تێیدا “تۆڕ”ێک لە “بەڵگەنامەکانی سەروودەق[2]” دەتوانرێت لەلایەن “وێبگەڕە[3] کانەوە” سەیر بکرێت.

 

تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٠، تیم بێرنێرز-لی، بۆ سەلماندنی بیرۆکەکانی، یەکەم ڕاژەکار[4] و وێبگەڕی تۆڕی لە سێرن دامەزراند و وەکاری خست. کۆدی تایبەت بە ڕاژەکاری تۆڕەکەی لەسەر کۆمپیوتەرێکی NeXT پەرە پێ دا. بۆ ئەوەی کە پێشگیری بکات لەوەی کە کۆمپیوتەرەکەی بەهەڵە نەکوژێتەوە، لەسەری بە ڕەنگی سوور نووسی:

“ئەم ئامێرە ڕاژەکارە. دایمەبەزێنە/مەیکوژێنەوە!”

 

ئەمە info.cern.ch ناونیشانی یەکەم ماڵپەڕ و ڕاژەکاری تۆڕی جیهانی بوو کە لەسەر کۆمپیوتەرێکی NeXT لە سێرن کاری دەکرد. ناونیشانی یەکەم لاپەڕە http://info.cern.ch/hypertext/WWW/TheProject.html بوو.

ئەم لاپەڕەیە پێبەستی تایبەت بە زانیارییەکانی سەبارەت بە خودی پڕۆژەکەی لەخۆ گرتبوو. وەکوو پێبەست بۆ پێناسەکردنی سەروودەق[5]، وردەکاریی تەکنیکی بۆ دروستکردنی ڕاژەکاری تۆڕ و پێبەست بۆ ڕاژەکارەکانی دیکە کە پاشتر لە بەردەست کەوتن.

داڕشتنی تۆڕ ڕێگەیەکی ئاسانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە بەردەستەکان دانا و ببوو بە لاپەڕەیەکی تۆڕی سەرەتایی کە بەسترابوو بە زانیاریگەلی بەسوود بۆ زانستوانانی سێرن، بۆ نموونە: کتێبی تەلەفۆنی سێرن و ڕێنماییەکان بۆ بەکارهێنانی کۆمپیوتەرە ناوەندییەکانی سێرن. لە ساڵانی سەرەتاییدا، بزوێنەری گەڕان[6] بوونی نەبوو و ئامرازی گەڕان پشتی بە وشە سەرەکییەکان بەستبوو.

 

وێبگەڕی سەرەتایی بێرنێرز-لی کە لەسەر کۆمپیوتەرەکانی NeXT کاری دەکرد، زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی وێبگەڕەکانی ئێستای هەبوو. جگە لەوەش، توانایی دەستکاریکردنی لاپەڕەکانی ڕاستەوخۆ لەناو وێبگەڕەکەی بوو –یەکەم توانایی دەستکاریکردنی تۆڕ. ئەم وێنەیە سکرینشاتێکە[7]  کە لەسەر کۆمپیوتەرێکی NeXT لە ساڵی ١٩٩٣ گیراوە و وێبگەڕەکە نیشان دەدات. وەک دەبینرێت جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەم پەنجەرانە و دەرکەوتنی وێبگەڕەکانی ئەمڕۆدا نییە.

تۆڕەکە بەرین دەبێت

لە سەرەتادا، تەنها چەند بەکارهێنەر دەستیان بە پلاتفۆرمی کۆمپیوتەری NeXT  گەیشتبوو کە یەکەم وێبگەڕ لەسەری دامەزرابوو. بەڵام زۆری نەخایاند کە پەرەپێدان لەسەر وێبگەڕێکی سادەتر کە دەیتوانی لەسەر هەر سیستمێک دامەزرێت، دەستی پێ کرد. ئەم پەرەپێدانە لەلایەن “نیکۆلا پیڵۆو[1]“ەوە، کاتێک کە خەریکی خوێندنەوە لە سێرن بوو، ئەنجام درا.

لە ساڵی ١٩٩١دا، بێرنێرز-لی یەکەم نەرمامێری WWWی بڵاو کردەوە کە بریتی بوو لە وێبگەڕێکی “line-mode”، نەرمامێرێکی ڕاژەکاری تۆڕ و کتێبخانەیەک[1] بۆ گەشەپێدەران. لە مانگی مارچی ١٩٩١دا، ئەم نەرمامێرە کەوتە بەردەستی ئەو کارمەندانەی کە لە کۆمپیوتەرەکانی سێرن کەڵکیان وەردەگرت. چەند مانگ دواتر، لە ئاگوستی ١٩٩١دا، بێرنێرز-لی نەرمامێری WWWی لە کۆڕە هەواڵنێرەکانی ئینتێرنێت ڕاگەیاند و سەرنجی خەڵکی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا.

[1] مەبەست لە کتێبخانە لە زانستی کۆمپیوتەردا، کۆمەڵەیەک لە فایل و بەرنامەیە کە دەتوانرێت لە کۆدی بەرنامەنووسین دا بە کار بێت یان، بە زمانی خودی زانستوانەکانی کۆمپیوتەر، بانگهێشت بکرێت.

تۆڕەکە بەرین دەبێت

سکرینشاتێک کە لەسەر کۆمپیوتەرێکی NeXT لە ساڵی ١٩٩٣ گیراوە و وێبگەڕەکە نیشان دەدات.

تۆڕ جیهانی دەبێت

لە سایەی هەوڵ و تێکۆشانی پاوڵ کونز و لوییس ئادیس، یەکەم ڕاژەکاری تۆڕ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دەسامبەری ١٩٩١دا، جارێکی تر لە تاقیگەیەکی فیزیکی تەنۆلکەکان واتە ناوەندی خێراکەری هێڵی ستانفۆرد[1] هاتە سەر هێڵ. لەم قۆناخەدا لە بنەڕەتدا تەنها دوو جۆر وێبگەڕ هەبوو. یەکێکیان وەشانی پەرەپێدانی ئەسڵی بوو کە ئاڵۆز بوو بەڵام لەسەر ئامێرەکانی NeXT بەردەست بوو. ئەوەی تریان وێبگەڕی “line-mode” بوو کە دامەزراندن و کارپێکردنی لەسەر هەر پلاتفۆرمێک ئاسان بوو، بەڵام بەهێز و بەکارهێنەرپەسەن نەبوو. ڕوون بوو کە تیمە بچووکەکەی سێرن نەیانەتوانی هەموو ئەو کارانەی کە بۆ پەرەپێدانی زیاتری سیستمەکە پێویستن، ئەنجام بدەن. بۆیە بێرنێرز لی داخوازییەکی لە ئینتەرنەت ڕاگەیاند بۆ ئەوەی کە پەرەپێدەرانی تریش بەشدار بن. چەندین کەس وێبگەڕگەلێکیان بۆ سیستمی ئیکس-ویندۆ[2] نووسی. لەنێو ئەمانەدا ئەوانەی کە جێگەی سەرنج بوون بریتین لە: MIDAS لەلایەن تۆنی جانسن[3] لە ناوەندی ستانفۆرد، Viola لەلایەن پەی وەی[4] لە بڵاوگەی تکنیکی ئۆرەیلی بووکز و Erwise لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی تەکنۆلۆژیای هێلسینکی.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرنامەکانی سەرژمێریاری[1]  (NCSA) لە زانکۆی ئیلینۆیس یەکەم وەشانی وێبگەڕی مۆزایکی[2] بڵاو کردەوە. ئەم نەرمامێرە لە ژینگەی سیستەمی ئیکس-ویندۆ کاری دەکرد. لە کۆمەڵگەی توێژینەوەدا بەناوبانگ بوو و کارلێکی دۆستانەی لەسەر بنەمای ویندۆ پێشکەش دەکرد. دوای ماوەیەکی کەم NCSA هەروەها وەشانگەلێکی بۆ ژینگەکانی پیسی و مەکینتۆش بڵاو کردەوە. هەبوونی وێبگەڕێکی بەکارهێنەرپەسەن و متمانەپێکراو لەسەر ئەم کۆمپیوتەرە بەناوبانگانە کاریگەرییەکی دەستبەجێی لەسەر بڵاوبوونەوەی تۆڕ هەبوو.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە کۆتایی هەمان ساڵدا یەکەم پڕۆژەی وێبی خۆی بە ناوی “وایز[3]”  پەسەند کرد کە سێرن وەک یەکێک لە هاوبەشەکانی بوو.

لە ٣٠ی ئاپریڵی ١٩٩٣، سێرن کۆدی سەرچاوەی تۆڕی بەرینی جیهانیی بە شێوەیەکی بێبەرامبەر لەبەردەست خست و بەم جۆرە کردی بە نەرمامێرێکی بێبەرامبەر. تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٣ زیاتر لە ٥٠٠ ڕاژەکاری تۆڕی ناسراو هەبوون، و تۆڕی جیهانی ١%ی ترافیکی ئینتەرنێتی پێک دەهێنا کە لەو ڕۆژانەدا زۆر بوو (ئەو ٩٩%ی ماوە بریتی بوو لە دەستگەیشتن لە دوورەوە، ئیمەیڵ و گواستنەوەی فایلەکان). ساڵی ١٩٩٤ “ساڵی تۆڕ” بوو. یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی وێبی جیهانی بە دەستپێشخەریی ڕۆبەرت کایلیۆ لە مانگی مەی‌دا لە سێرن بەڕێوەچوو. ٣٨٠ بەکارهێنەر و پەرەەپێدەر بەشدارییان تێدا کرد، و بە “دارستانی تۆڕ” ستایش کرا.

 

لە ساڵی ١٩٩٤دا، وردەوردە چیرۆکی تۆڕ کەوتە سەر میدیاکان. کۆنفرانسێکی دووەم کە ١٣٠٠ بەشداربوو بوو، لە مانگی ئۆکتۆبەر لە ئەمریکا بەڕێوە چوو، کە لەلایەن NCSA و لیژنەی تازە پێکهێنراوی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تۆڕ[4] ڕێکخرابوو. تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٤، وێب ١٠ هەزار ڕاژەکاری هەبوو – کە ٢٠٠٠یان بازرگانی بوون – و ١٠ ملیۆن بەکارهێنەر. هاتوچۆ(ترافیک) یەکسان بوو لەگەڵ ناردنی تەواوی بەرهەمە کۆکراوەکانی شکسپیر لە هەر چرکەیەکدا. تەکنەلۆژیاکە بۆ ئەوەی پێداویستییە نوێیەکان دابین بکات، بەردەوام گەشەی پێ دەدرا.

پێوانەی کراوەبوون

 

خاڵێکی بنەڕەتی ئەوە بوو کە تۆڕ وەک پێوانەیەکی کراوە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەمووان بەکاری بهێنن و کەس نابێت لە سیستەمێکی موڵکایەتی/خاوەندارێتیدا[1] قفڵی بکات. بەم مەبەستە، سێرن پێشنیارنامەیەکی بە ناوی “وێبکۆر[2] ” بە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشکەش کرد. ئامانجی پڕۆژەکە پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی نێودەوڵەتی بە هاوکاریی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچوستس[3] (MIT)  لە ئەمریکا بوو. لە ساڵی ١٩٩٤ بێرنێرز-لی سێرنی بەجێ هێشت و پەیوەندی بە MIT گرت و کۆمەڵەی نێودەوڵەتی وێبی جیهانیی[4] (W3C)  دامەزراند. لە هەمان کاتدا، بە ڕەزامەندیی پڕۆژەی[5] LHC، سێرن بڕیاری دا کە پەرەپێدانی زیاتری وێب چالاکییەکی لە دەرەوەی ئەرکی سەرەکیی تاقیگەکەیە. هاوبەشێکی نوێی ئەوروپی بۆ W3C پێویست بوو.

لە ساڵی ١٩٩٥ کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بۆ بەئەستۆگرتنی ڕۆڵی سێرن، ڕووی لە “دامەزراوەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ توێژینەوە لە زانست و کۆنترۆڵەکانی کۆمپیوتەر[6]” و دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لە زانکۆی کیۆی ژاپۆن لە ئاسیا کرد. وردەوردە تا ساڵی ٢٠١٨، زیاتر لە ٤٠٠ ڕێکخراوە میواندار و ئەندامی تۆڕ لە سەرانسەری جیهان بوون.

 

وەرگێڕ: پەریسا خاتری

چاودێری زمانی: ئەستێرە چابووک

 

سەرچاوە

[1] Proprietary system

[2] WebCore

[3] Massachusetts Institute of Technology (MIT)

[4] International World Wide Web Consortium (W3C)

[5] The Large Hadron Collider: گەورەترین و بەهێزترن خێراکەرەوەی تەنۆلکە لە جیهان کە لە سێرن نیشتەجێیە

[6] French National Institute for Research in Computer Science and Controls

[1] The National Center for Supercomputing Applications

[2] Mosaic

[3] WISE

[4] IW3C2

 

[1] The Stanford Linear Accelerator Center (SLAC)

[2] X-Window

[3] Tony Johnson

[4] Pei Wei

 

[1] Nicola Pellow

[1] Hypertext project

[2] Hypertext documents

[3] Browser

[4] Server

[5] Hypertext

[6] Search Engine

[7] Screenshot

[1] Tim Berners-Lee

[1] CERN: European Council for Nuclear Research

[2] World Wide Web

Related Posts

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .