Close

کەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دەبێت بە شارستانییەتی جۆری-l ؟

چەندین شێواز بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوتی پێشکەوتنی شارستانییەتی مرۆڤ هەیە:

گەشەی جەماوەری، سەرهەڵدان و ڕووخانی ئیمپراتوورییەکان، توانایی تەکنیکیی ئێمە بۆ  گەیشتن بە ئەستێرەکان. بەڵام شێوازێکی سادە، هەژمارکردنی ئاستی وزەیەکە کە مرۆڤەکان لە هەر سەردەمێکدا ئیشی پێ دەکەن. بەپێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، توانایی ئێمە لە بەرهەمهێنانی وزە یەکێک لە هەرە بەکەڵکترین شارەزاییەکانمان بووە. ئەگەر گریمانە بکەین کە شارستانییەتگەلێک لە هەسارەکانی تر هەمان شارەزاییەکانی ئێمەیان هەبێت، ڕادەی بەکارهێنانی وزە پێوەرێکی باش دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتی تەکنیکییان. ئەو بیرۆکەیە بنەمای پێوەری کارداشێڤە.

ئەستێرەفیزیکزانی ڕووسی نیکۆلای کارداشێڤ ئەو پێوەرەی لە ساڵی ١٩٦٤دا پێشنیار کرد.

ئەو، شارستانییەتەکانی لە سێ دەستەدا پۆلێنبەندی کرد: شارستانییەتی هەسارەیی، شارستانییەتی ئەستێرەیی، شارستانییەتی گەلەئەستێرەیی.

١. شارستانییەتی جۆری-l(شارستانییەتی ئاستی هەسارەیی): دەتوانێت کۆی گشت ئەو وزەیە کە لە ئەستێرەکەیانەوە دەگات بە هەسارەکەیان کۆ بکاتەوە و کەڵکی لێ وەربگرێت.

٢. شارستانییەتی جۆری-ll (شارستانییەتی ئاستی ئەستێرەیی): دەتوانێت کۆی گشت ئەو وزەیە کۆ بکاتەوە کە لە ئەستێرەی دایکەوە (ئەو ئەستێرەیە کە هەسارەکەیان بە دەوریدا دەخولێتەوە) بەرهەم دێت.

٣. شارستانییەتی جۆری-lll (شارستانییەتی ئاستی گەلەئەستێرەیی): ئەو شارستانییەتە دەتوانێت کۆی گشت ئەو وزەیە کە لە گەلەئەستێرەکەیەوە(گەلەئەستێرەیەک کە تێیدا دەژین) بۆی دێت کۆ بکاتەوە و کەڵکی لێ وەرگرێت.

 

هەڵبەت ئەو بیرۆکەیە زۆرتر بە هۆی کاڕڵ ساگان باو کرا کە پێوەرێکی بێپسانەوەی بۆ ئەندازەگرتن پێشنیار داوە بەجێی تەنیا سێ جۆری تایبەتی شارستانییەت.

ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئێمەی مرۆڤ بەپێی ئەو پێوەرە چ جۆر شارستانییەتێکین و چەندە پێشکەوتووین؟

هەرچەند مرۆڤ ڕادەیەکی زۆر وزە دەستەبەر دەکات، بەڵام ئێستاش شیاوی ئەوە نییە کە تەنانەت لە ئاست شارستانییەتی جۆری یەکیش پۆلێنبەندی بکرێت.

بە شێوەی مامناوەندی نزیک ١٠١٦ وات وزەی هەتاوی دەگات بە زەوی و مرۆڤ ئێستا  لە ١٠١٣ واتی ئەو وزە کەڵک وەردەگرێت. بەپێی پێوەری ساگان، ئێمە دەبین بە شارستانییەتێکی ٠.٧٣ و ئەوە واتە ئێمەی مرۆڤ ئێستاش نەبووین بە یەک(جۆری-l). ئەو ئاستە بۆ کۆمەڵێک پریمات کە تازە پەرەی سەندووە خەراپ نییە، بەڵام پرسیارێکی سەرنجڕاکێش ساز دەکات.

 

قەت بۆی هەیە ئێمەش ببین بە یەک؟

ئێمە نەمانتوانیوە گشت ئەو تیشکەی خۆر کە دەگات بە زەوی بگرینەوە و ئێستاش تەنیا یەک هەسارەی ژیانهەڵگرمان هەیە.

ئەو پرسیارە لە وتارێک کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە تاوتوێ کراوە. وتارەکە چاوێک بەسەر سێ سەرچاوەی سەرەکیی وزەدا دەخشێنێت، سووتەمەنی فۆسیلی، وزەی ناوکی و وزە جێگرەوەکان، و تێیدا شیانی هەر کامیان بۆ گەشەسەندن هەژمار کراوە. سەرەتا گەیشتن بە شارستانییەتی جۆری-l زۆر هاسان دێتە بەرچاو. بەرهەمهێنانی وزە بکە بە یەکەم پێشترێتی مرۆڤایەتی و بە ئامانجەکەت بگە! بەڵام هەر کام لە سەرچاوەکانی وزە بەربەست و گرفتی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ گەشەسەندنی زۆرتر. بۆ وێنە بە هەر ڕاەیەک زۆرتر سووتەمەنی فۆسیلی دەسووتێنین، کاردانەوەی زۆرترمان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت. ئەگەریش لەناوچوو بیت ناتوانیت ببیت بە شارستانییەتی جۆری-l.

بەم پێیەش ئەو تیمە بە جیاوازییەکی زۆر بەرتەسکتر هەر سەرچاوەیەکی وزە تاوتوێ دەکەن و هاوسەنگیان لە ئاست گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پیسکەریی ژینگەیان بەپێی تێبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە  لێکدەدەنەوە.

ئەوان تێگەیشتوون کە تەنانەت بە هەبوونی کۆسپەکانیشەوە مرۆڤایەتی دەتوانێت بگات بە ئاستی شارستانیەتی جۆری-l. بەڵام خاڵی نەرێنی ئەوەیە کە بە هەموو تەکنەلۆجیا و دەستکەوتەکانی مرۆڤیشەوە، لە باشترین حاڵەتدا ساڵی ٢٣٧١ دەگات بەو ئاستە.

 

وشەکان:

Civilization: شارستانییەت

Population growth:    گەشەی جەماوەری

Calculate: هەژمارکردن

Kardashev Scale: پێوەری کارداشێڤ

Astrophysicist: ئەستێرەفیزیکزان

Nikolai Kardashev: نیکۆلای کارداشێڤ

Planetary civilization:    شارستانییەتی هەسارەیی

Stellar civilization:   شارستانییەتی ئەستێرەیی

Galactic civilization: شارستانییەتی گەلەئەستێرەیی

Galaxy:   گەلەئەستێرە

Carl Sagan: کاڕڵ ساگان

Continuous scale:   پێوری بێپسانەوە

Primates:پریمات

Sunlight: تیشک

Habitable planet:   هەسارەی ژیانهەڵگر

Nuclear: ناوکی

Renewable: جێگرەوە

Potential: شیان، شیانێتی

Priority:  پێشترێتی

International Energy Agency: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە

 

وەرگێڕان: فاڕووق ئەحمەدی

چاودێری زمانی: محەمەد محەمەدی

 

سەرچاوە

Related Posts

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .