بابەتتەندروستی

ڕۆژی جیهانیی ئێلمێر، فیلی ڕەنگاوڕەنگ

(٢٧تا ٢٩ی مانگی مەی) جەژنی ٣١ ساڵەیی ئێلمێر، فیلی ڕەنگاوڕەنگە. ئێلمێر ئەو فیلە جوان و خۆشەویستەیە کە وانەی قبووڵکردنی خۆمان و جیاوازییەکانمان فێر دەکات. ئێلمێر فێرمان دەکات کە ڕێز دابنێین بۆ جیاوازییەکانی یەکتر. وەکوو ئێلمێر، فیلی ڕەنگاوڕەنگی کەسایەتیی کتێبی «ئێلمێر» کە پێستی لە چل پارچە دروست بووە. هەموو ساڵێک ئەم ڕێوڕەسمە لە کتێبخانە و باخچەی ساوایانی دنیادا بەرز ڕادەگیرێت و منداڵان، میوانی سەرەکی و تایبەتی ئەم ڕێوڕەسمەن کە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و شاد لەبەر دەکەن و کتێب دەخوێنن و یاری دەکەن و خۆشحاڵن.

بۆ چی ئێلمێر؟

یەکەمین کتێبی ئێلمێر لە ساڵی ١٩٦٨ی زایینی بڵاو بووەوە. نووسەری کتێب «دەیڤید مەک کی» دەڵێت: ڕۆژێک لەگەڵ هاوسەر و کچەکەم پیاسەمان دەکرد. هاوسەرەکەم ئەمریکی- ئەفریقییە و هەر بەم هۆکارەوە کچەکەم پێستێکی ڕەشی هەیە. هەر لەم کاتەدا بوو کە لەو بەر شەقامەوە کوڕێک کە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بوو تۆمەتێکی ڕەگەزپەرستانە دەدات لە کچەکەی. مەک کی دەڵێت شتێک لە مندا دروست بوو و هەر ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە «ئێلمێر» فیلی ڕەنگاوڕەنگ بخولقێت. فیلێک کە وەکوو فیلەکانی دیکە خۆڵەمێشی نییە و جیاوازە. دوای ماوەیەک ئەم کتێبە بە زمانەکانی دیکەی دونیا وەرگێڕایەوە تا منداڵان لەگەڵ قبووڵکردنی یەکتر، قبووڵکردنی جیاوازییەکان و ڕێزنان بۆ کەسانی دیکە ئاشنا بکات. ئێلمێر ئەمڕۆکە تەنیا فیلێک بە ڕەنگێکی جیاوازەوە نییە، بەڵکوو هێمایەکە لە قبووڵکردنی جیاوازییەکان. جیاوازی لە ڕواڵەتدا، زاراوە و زمان، جلوبەرگ، پێگەی کۆمەڵایەتی و هتد. بۆیە منداڵان بە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە بەو جۆرەی کە هەن، ڕێز بۆ خۆیان و دەوروبەریان دادەنێن و ڕێز دادەنێن بۆ بایەخ و جیاوازییەکان. مەک کی تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی سەبارەت بە ئێلمێر و هاوڕێکانی بڵاو کردووەتەوە. بەرهەمەکانی ئێلمێر بە زیاتر لە ٥٠ زمان وەرگێڕاونەتەوە و یەکێکن لە چیرۆکە بەناوبانگ و خۆشەکانی منداڵان لە سەرانسەری دنیادا. ئەنیمەیشنەکان، کەرەستەگەلی یاری و زۆر بەرهەمی دیکە وەکوو جلوبەرگی منداڵانە بە پێی ئەم کتێبە و کەسایەتیی سەرەکیی ئەم کتێبە بەرهەم هاتووە. دونیا بە بوونی «ئێلمێر» جێگایەکی باشترە بۆ ژیان. ئێلمێر لەگەڵ فیلەکانی دیکە جیاواز بوو. ئێلمێر ڕەنگاوڕەنگ بوو. ئێلمێر زەرد و پرتەقاڵی و سوور و سوورەتی و بنەوش و سەوز و ڕەش و سپی بوو. ئێلمێر ڕەنگی وەکوو فیلەکان نەبوو…»

ئامادەکردنی: ئارەش مێهرەبان

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button