بابەتتەکنەلۆجیا

ئەندازیاریی کارەبا

ئەندازیاریی کارەبا بوارێکی ئەندازیارییە کە بەگشتی لەگەڵ خوێندن و کەڵکەکانی کارەبا، ئلێکترۆنیک و کارۆموگناتیک سەروکاری هەیە. ئەم بوارە یەکەم جار، لە دوا نیوەی سەدەی ١٩یەم، دوای تیجاریبوونی تێلێگرافی کارەبایی،  تەلەفوون  و دابەشکردنی هێزی کارەبا و بەکارھێنانی، بوو بە پیشەیەکی بەرچاو.پاشان، بڵاوکاری و تۆماری میدیا،  ئلێکترۆنیکی کرد بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.

داهێنانی ترانزیستۆر و دوای ئەوە خولگە یەکخراوەکان، تێچووەکانی تا ئەو ئاستە هێنایە خوار کە ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێ کە لەم ئەمرازانە تا ڕادەیەکی زۆر لە هەموو شتومەکی ماڵ کەڵک وەربگیردرێ.

ئەندازیاریی کارەبا ئێستاکە دابەش بووە بەسەر ژێرلقگەلێکی زۆر بەربڵاو کە بریتین لە ئلێکترۆنیک،  ئەندازیاریی هێز، ئەندازیاریی پێوەندییەکان، سیستمگەلی کۆنتڕۆڵ،  ئەندازیاریی فرێکانسە ڕادیۆییەکان،  پەرداوتنی سیگناڵ،  ئینسترومێنتەیشن و میکرۆئلێکترۆنیک.

بواری ئەندازیاریی ئلێکترۆنیک زۆرجار وەک ژێرلقێکی خودی ئلێکتڕۆنیک ئەبیندرێ بەڵام لەگەڵ گشت ژێرلقەکانی تر وەکوو ئلێکترۆنیکی هێزی و ئەندازیاریی هێز هاوپۆشانی هەیە.

ئەندازیارانی کارەبا بەگشتی بڕوانامەیان لە ئەندازیاری کارەبا یان ئەندازیاری ئلێکترۆنیک هەیە. ئەندازیارانی چالاک دەتوانن بڕوانامەی پرۆفێشناڵیان ھەبێ و ئەندامی ڕێکخراوەیەکی پرۆفێشناڵ بن. ئەو ڕێکخراوانە بریتین لە ڕێکخراوەی ئەندازیارانی کارەبا و ئلێکترۆنیک (IEEE)  و ڕێکخراوی ئەندازیاری و تکنۆلۆجی (IET). ئەندازیارانی کارەبا لە بەستێنێکی زۆر بەرینی پیشەیی کار دەکەن و شارەزاییە پێویستەکانیشیان جۆراوجۆرن. ئەم بەستێنە بەربڵاوە هەر لە بیردۆزی بنەڕەتی خولگەوە هەیە هەتا شارەزاییە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پێویست بۆ بەڕێوەبەری پڕۆژە. ھەروەھا کەرەستە و ئامێرگەلێ کە لەوانەیە تاکە ئەندازیارێ پێویستی بێ، بەربڵاوە و ئەمەش ھەر لە ڤۆڵتپێوێکی سەرەتاییەوە بیگرە هەتا شیکاریگەرێکی پێشکەوتوو بۆ داڕشتنی ئاڵۆز و نەرمامێری دروستکەر دەگرێتەوە.ئەندازیاریی ھێز لەگەڵ دروستکردن، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و ھەروەھا شێوەکاری بازنەیەک لە ئامێرە پەیوەندیدارەکان سەروکاری ھەیە. ئەمانە بریتین لە کارەباگۆڕ(ترانسفۆرماتۆر)، ژێنێراتۆری کارەبا، مۆتۆری کارەبایی، ئەندازیاریی ڤۆلتاژی بەرز و ئلێکترۆنیکی هێز. لە زۆر دەڤەری جیھاندا، دەوڵەتەکان ئاگاداری و پارێزەری لە تۆڕێکی کارەبایی بەناو تۆڕی ھێز دەکەن کە ژێنێراتۆرە جۆراوجۆرەکان و بەکارھێنەرانی وزە، پێکەوە پەیوەندی دەدا. بەکارهێنەران، وزەی ئلێکتریکی لەو توڕه دەكڕن بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرهەمهێنانی گرانی وزەی کارەبا دوور بخەنەوە. ئەندازیارانی ھێز لەسەر داڕشتن و پارێزگاری تۆڕی ھێز و ھەروەھا سیستمگەلێک کە پێیەوە دەلکێن کار دەکەن. ئەم جۆر سیستمانە بە سیستمگەلی سەر-تۆڕ (on-grid) ناو دەبرێن و دەکرێ ھێزی فراوانتر بە تۆڕی ھێز بدەن،  یان ھێزی لێ وەرگرن یان ھەردوو. ھەروەھا، ئەندازیارانی کارەبا دەکرێ لە سەر سیستمگەلێک کار بکەن کە بە تۆڕی ھێز نەلکاون و بە سیستمگەلی ھێزی دەر-تۆڕ (off-grid) ناو دەبرێن کە جاروبار تەنانەت لە سیستمگەلە سەر-تۆڕەکانیش پەسەندترن. لە داھاتوودا سیستمگەلێکی ھێزی دێنە بەر کار کە بە سەتەلایت چاودێری دەکرێن و بۆ بەرگری لە شەپۆلە بەھێزەکان (وەک ھەورەتریشقە) و کوژانەوەی گشتی، کاردانەوەی ڕاستەوخۆ (feedback in real) یان دەبێ.ئەندازیارانی ئلێکترۆنیک لەگەڵ داڕشتن و تاقیکردنی خولگەگەلێکی ئلێکترۆنیکی تێوەدەگلێن کە لە تایبەتمەندییەکانی پێکھاتگەلێک وەک بەرگر، بارگەگر، ھاندەر، دیۆد و ترانزیستۆر بۆ بەدەستھێنانی کەڵکی تایبەت سوود وەردەگرن.  بۆ نموونە خولگەی زرنگانەوە کە دەرفەت بە بەکارھێنەری ڕادیۆ دەدات کە ھەموو (سیگناڵەکانی) وێستگە ڕادیوێیەکان جگە لە وێستگەیەکی تایبەت بپاڵێوێت، تەنیا نموونەیەکە لەو جۆر خولگانە. بەر لە شەڕی جیھانی دوەم، بابەتەکە بەگشتی بە ناوی ئەندازیاریی ڕادیۆ دەناسرا و بە شێوەیەکی سەرەکی سنووردار کرابوو بە لایەنەکانی پێوەندی، ڕادار، ڕادیۆ بازرگانییەکان و تەلەفزیۆنە سەرەتاییەکان. دواتر لە ساڵەکانی پاش شەڕ، بە پێی پەرەسەندنی ئامێرە کارەبایییەکان، بوارەکە گەشەی کرد و تەلەفزیۆنە مۆدێرنەکان، سیستمە دەنگییەکان، کۆمپیوتەرەکان و مایکرۆپەرداوتەگەرەکانی لە خۆ گرت. لە ساڵەکانی ناوەراست تا ئاخری 1950کان، دەستەواژەی ئەندازیاریی ڕادیۆ وردە وردە ڕێی بۆ ناوی ئەندازیاری ئلێکترۆنیک چۆڵ کرد.

بەر لە داھێنانی خولگە یەکخراوەکان لە 1959دا، خولگە ئلێکترۆنیکییەکان لە پێکھاتگەلی دابڕاو (جودا) ساز دەبوون کە مڕۆڤ بە ویستی خۆی دەستکاری دەکردن. ئەم خولگە دابڕاوانە شوێن و ھێزێکی زۆر بەکار دەبن و خێراییەکەیان سنووردارە، ھەرچەند بۆ کۆمەڵێک بەکارھێنان ھێشتا ھەر باون. بە پێچەوانەوە، خولگە یەکخراوەکان ژمارەیەکی زۆر، زۆر جار چەن ملوێن، لە پێکھاتە کارەباییە بچکۆلەکان، زۆرتر ترانزیستۆر، لە ناو پارچەیەکی بچووک بە قەبارەی قەرەپووڵێک کۆ دەکەنەوە. ئەمە دەرفەتی بۆ سازکردنی کۆمپیوتەر و ئامێرە کارەباییە بەتواناکانی تر کە ئەمڕۆ دەیانبینین پێک ھێنا.ئەندازیاریی مایکرۆئلێکترۆنیک لەگەڵ داڕشتن و دروستکردنی پێکھاتە زۆر بچووکەکانی خولگە ئلێکترۆنیکییەکان سەروکاری ھەیە بۆ ئەوەی لە خولگە یەکخراوەکان و ھەندێ جاریش بۆ خۆیان وەکوو پێکھاتێکی ئلێکترۆنیکی گشتی بە کار بھێندرێن. ئەگەرچی دەکرێ ھەموو پێکھاتە ئلێکترۆنیکییە سەرەکییەکانیش (بەرگر، بارگەگر و ھتد) لە ئاستی مایکرۆسکۆپیک ساز کرێن، بەڵام باوترین پێکھاتی مایکرۆئلێکترۆنیکی ترانزیستۆرە نیوەگەیێنەرەکانن. نانۆئلێکترۆنیک داھاتووی چکۆلەکراوی ئامێرەکان تا قەبارەی نانۆمیترە. ئامێرە مۆدێرنەکان ھەر ئێستاش لە قەبارەی نانۆمیتردا ھەن و لە ساڵی 2002 بەم لاوە چوونە ژێر 100 نانۆمەتریشە.

پێکھاتە مایکرۆئلێکترۆنیکییەکان بە مەبەستی ڕاگواستنی خوازراوی باری ئلێکترۆنیکی و کۆنتڕۆڵی تەزوو بە نیوەگەیێنەرگەلێکی سیلیکۆنی تەنک بە ناوی وەیفر (wafer) کە بە شێوەی کیمیایی ساز کراون (لە فرێکانسە بەرزترەکاندا، نیوگەیێنەرگەلێکی تێکەڵ وەکوو گالیۆم ئارسنایک و ئیندیوم فۆسفاید)، دروست دەکرێن. بواری مایکرۆئلێکترۆنیک تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ زانستی کیمیا و ماک تێکەڵە و ئەندازیارێکی ئلێکترۆنیک کە لەو بوارەدا کار دەکا پێویستە زانیارییەکی زۆر چڕی لەسەر کاریگەرییەکانی میکانیکی کوانتۆم ھەبێت.پەرداوتنی سیگناڵ گیرۆدەی شیکاری و دەستکاریکردنی سیگناڵە. سیگناڵ ھەم دەتوانێ ئانالۆگ بێت کە لەم دۆخەدا، سیگناڵ بە بەردەوامی بە پێی زانیارییەکان دەگۆڕدرێت، ھەم دەتوانێ دیجیتاڵ بێت کە لەم دۆخەدا، سیگناڵ بە پێی زنجیرەیەک لە نرخە دابڕاوەکان کە نوێنەری زانیارین، دەگۆڕدرێت. بۆ پەرداوتنی سیگناڵی ئانالۆگ، لەوانەیە پێویستی بە بەھێزکردن (amplification) و پاڵاوتنی سیگناڵی دەنگی بۆ ئامێرە دەنگییەکان، یان لە ئەندازیاریی پێوەندیدا بە مۆدولاسیون و دیمۆدولاسیونی سیگناڵ ببێ. بۆ پەرداوتنی سیگناڵی دیجیتاڵ، لەوانەیە پێویستی بە پەستاندن، دۆزینەوەی ھەڵە و ڕاستکردنەوەی ھەڵەی سیگناڵی نموونەگیراوی دیجیتاڵی ببێ.

پەرداوتنی سیگناڵ بوارێکی چڕوپڕە کە زۆر بەرەو بیرکاری دەچێت و کاکڵی پەرداوتنی سیگناڵی دیجیتاڵی پێک دەھێنێت. ئەم بوارە بە ھۆی بەرھەمە نوێکانی، لە تەواوی لقەکانی ئەندازیاریی کارەبا وەک پێوەندی، کۆنتڕۆڵ، ڕادار، ئەندازیاریی دەنگ، ئەندازیاریی پەخش، ئلێکترۆنیکی ھێز و ئەندازیاریی بیۆمێدیکاڵدا (bio-medical) بەخێرایی خەریکی پەرەساندنە. پەرداوتنی سیگناڵی ئانالۆگ ھێشتا لە داڕشتنی زۆر یەک لە سیستێمە کۆنترۆلییەکاندا گرنگە. خولگە یەکخراوەکانی (ICs) پەرداوتنی سیگناڵی دیجیتاڵ لە ھەموو جۆرە سیستم و بەرھەمە کارەبایییە مۆدێرنەکاندا پەیدا دەبن، وەکوو: تەلەفزیۆنگەلی کواڵیتی ئاسایی و کواڵیتی بەرز (SDTV | HDTV)، رادیۆ و ئامێرە پەیوەندییە گەڕۆکەکان (وەک مۆبایل)، کەرەستە دەنگییە کەیفیەت بەرزەکان (Hi-Fi)، ئالگۆریتمەکانی کەمکردنەوەی خشەخشی (noise) Dolby، تەلەفۆنە مۆبایلەکانی سیستمی پەیوەندی جیھانی (GSM)، پلێیەری فرەمیدیای MP3، کامکۆردێر (camcorder) و کامێرا دیجیتاڵەکان، سیستمگەلی کۆنتڕۆڵی ماشین، ھێدفۆنە (headphone) خشەگرەکان، شیکارگەرە شەبەنگە دیجیتاڵییەکان، ڕێنوێنەری مووشەکە ھۆشمەندەکان، ڕادار، سیستمگەلی کۆنتڕۆڵی گەشت (cruise) لەسەر بنەمای سیستمی شوێندۆزی جیھانی (GPS)، و تەواوی سیستمە جۆراوجۆرەکانی پەرداوتنی وێنە، پەرداوتنی ڤیدیۆ، پەرداوتنی دەنگ و پەرداوتنی ئاخاوتن.ھەوڵی زۆرتری ئەندازیاریی پێوەندی، گواستنەوەی زانیارییە لەسەر کاناڵێک وەک کابلی کواکس (coaxial cable)، ڕیسەی ڕووناکی (optical fiber) یان فەزای ئازاد. بۆ گواستنەوەی زانیاری لەڕێی فەزای ئازادەوە،  پێویستە زانیاری لەسەر شەپۆلێکی هەڵگر (carrier wave) کۆد بکردرێ. ئەمە بە مەبەستی گۆڕینی فرێکانسی زانیاری بە فرێکانسێکی هەڵگری گونجاو بۆ گواستنەوەیە. ئەم کارە پێی دەگوترێ مۆدولاسیۆن. تەکنیکە باوەکانی مۆدولاسیۆنی ئانالۆگ بریتین لە مۆدولاسیۆنی بەرزی (AM) و مۆدولاسیۆنی فرێکانس (FM). بژاردەی مۆدولاسیۆن، کاریگەری دەبێ لەسەر کارامەیی و تێچووی سیستم. ئەم دوو ھاوکۆڵکەیە دەبێ لە لایەن ئەندازیارەوە بە وردی ھەڵسەنگێندرێ. ئەو کاتەی تایبەتمەندییەکانی گواستنەوەیی سیستمێک دیاری کران، ئەندازیارانی پێوەندی، ڕاگوێزەر (transmitter) و وەرگرە (receiver) پێویستەکان بۆ ئەو سیستمانە دادەڕێژن. ئەم دوانە جارجار یەک‌دەخرێن و پێکەوە ئامێرێکی پێوەندی دوولایەنە بەناوی ڕاگوێزەرگر (transceiver) دروست دەکەن.

تێبینییەکی هەرەگرنگ لە داڕشتنی ڕاگوێزەر، ئاستی بەکارھێنانی وزەیە؛ چون ئەمە پێوەندی پتەوی بە ئاستی توندیی ئەو سیگناڵەوە ھەیە کە دەینێرێ. ئەگەر توندیی سیگناڵی ڕاگوێزەر کەم بێ، ئەوە زانیاریی ناو سیگناڵەکە بە خشەخش خراپ دەبێ.ئەندازیاریی ئینسترومێنتەیشن لەگەڵ داڕشتنی کەرەستەگەلێک بۆ پێوانی کۆمەڵێک چەندێتی فیزیکی وەک پەستان، لێشاو و پلەی گەرمی سەروکاری ھەیە. داڕشتنی ئەو جۆر ئامێرانە پێویستی بە تێگەیشتن لە فیزیا ھەیە و لە بیردۆزی کارۆموگناتیک بەربڵاوترە. بۆ وێنە ئامێرەکانی فڕین، بگۆڕگەلێک (variable) وەک خێرایی با و بەرزی (لە ئاستی دەریا) دەپێون کە توانایی کۆنتڕۆڵی فڕۆکە بە شێوەیەکی شیکارانە بە فڕۆکەوان دەدات.  بە ھەمان شێوە، تێرمۆکووپلەکان بۆ پێوانی جیاوازی پلەی گەرما لەنێوان دوو خاڵدا لە شوێنکاری پێڵتیەر-سیبێک (Peltier-Seebeck effect) سوود وەردەگرن.

زۆرجار ئینسترومێنتەیشن بۆ خۆی بە کار نایات، بەڵکوو لە بری ئەوە، وەک ھەستەوەر (sensors) لە سیستمە کارەباییە گەورەترەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. بۆ نموونە، تێرمۆکووپلێک لەوانەیە بۆ دڵنیایی لە نەگۆڕانی پلەی گەرمای کوورەیەک سوودی لێ وەرگیرێت.لە بەر ئەم ھۆکارەیە کە ئەندازیاری ئینسترومێنتەیشن زۆرجار وەک ھاوشانێکی ئەندازیاریی کۆنتڕۆڵ چاوی لێ دەکرێت.ئەندازیاریی کۆمپیوتەر گیرۆدەی داڕشتنی کۆمپیوتەر و سیستمگەلی کۆمپیوتەرییە. ئەم بوارە لەوانەیە لەسەر داڕشتنی سەختامێری (hardware) نوێ، یاوەرە دیجیتاڵە تایبەتییەکان (PDA)، تەبلێتەکان (tablet) و سووپەرکۆمپیوتەرەکان یان لە سەر کەڵکی کۆمپیوتەر بۆ کۆنتڕۆڵی کارخانەیەکی پیشەسازیی ھەڵسوکەوت بکات. ئەندازیارانی کۆمپیوتەر ھەروەھا لەوانەیە لەسەر نەرمامێری سیستمەکان توێژینەوە بکەن. ھەرچەند، زۆرجار داڕشتنی سیستمگەلی نەرمامێریی ئاڵۆز دەکەوێتە بواری ئەندازیاریی نەرمامێرەوە، کە زۆربەی کات بە بابەتێکی جیاواز ڕەچاو دەکرێت.کۆمپیوتەرە ڕوومێزەکان بەشێکی زۆر بچووک لەو ئامێرانە پیشان دەدەن کە ئەندازیارێکی کۆمپیوتەر دەکرێ لە سەریان توێژێتەوە بکات، ھەر وەھا لەمڕۆدا، تەلارسازیی کۆمپیوتەرئاسا (computer-like architectures) لە بازنەیەک  لە ئامێرەکان وەک تەختەکلیلی یاریی ڤیدیۆیی و پلێیەری دی­ڤی­دی دەدۆزرێتەوە.

پۆستە هاوشێوەکان

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button