بابەتتەندروستی

کەوتنە بەر ڕووناکیی ڕەنگی شین لە ئێواراندا لێهاتوویی وەرزشیی مرۆڤەکان زیا دەکات!

توێژینەوەیەکی نوێ لە دێپاڕتمانی وەرزش لە زانستگەی بازێلی وڵاتی سویس نیشانی داوە کە بەر ڕووناکیی ڕەنگی شین کەوتن لە ئێوارەدا دەبێتە هۆی ئەوەیکە وەرزشوانان نواندنێکی باشتریان هەبێت. هۆکاری سەرەکی ئەم توێژینەوە ئەوەیە کە زۆربەی کێبڕکێیەکان لە ئێواراندا ئەنجام دەدرێت (لەبەر ئەوەی خەڵک بتوانن سەیری یارییەکان بکەن). ئەم تاقیکردنەوەیە لەسەر ۷٤ دووچەرخەسواری نێرینەی گەنج و لە سێ دەستەدا ئەنجام دراوە. دەستەی یەکەمیان بەر ڕووناکیی ڕەنگی شین خستووە، دەستەی دووهەمیان بەر ڕووناکیی ڕەنگی سپی خستووە و دەستەی سێهەمیان بەر ڕووناکیی کونتڕۆڵکراو (واتە ڕەنگی ڕووناکییەکە کونترۆڵ دەکرێت) و ئەمجار لە دەورەیەکی ۱۲ خولەکیدا کێبڕکێیەکیان بۆ داناون. لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوتووە کە دەستەی یەکەم کە بەر ڕووناکیی ڕەنگی شین کەوتوون لە ئاخری کێبڕکێکەدا نواندنێکی باشتریان بووە لە چاو دەستەی دووهەم و سێهەمدا. هۆکاری ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە ڕەنگی شین بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی خەو بە ناوی مێلاتۆنین کەمدەکاتەوە و توێژەرەکان ئەم گریمانەیان بەم چەشنەی کە پێشتر باسی کرا، سەلماند کە سەرکوتکردنی هۆڕمۆنی خەو خۆڕاگریی وەرزشوانەکان (Athletes Endurance) لە دەورەیەکی کێبڕکێی ۱۲ خوڵەکیدا باشتر دەکات.

کۆکردنەوە: کامران قادری
سەرچاوە:
http://www.photonics.com/Article.aspx?AID=62066&refer=weeklyNewsletter&utm_source=weeklyNewsletter_2017_06_01&utm_medium=email&utm_campaign=weeklyNewsletter&PID=6

پۆستە هاوشێوەکان

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button