بابەتپلاندانانی شاریتەکنەلۆجیا

پلاندانانی شاری

هادی سلێمانی

دوکتورای پلاندانانی شاری، زانکۆی خارەزمی ئێران

soleymani.h1368@yahoo.com

 

پلاندانانی شاری وەک زانستێکی فرەڕەهەندی نوێ، لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٩ی زایینییەوە دەرکەوت و پێشینەیەکی ئەوتۆی نییە. پێش لەمە پلاندانان بۆ شار پتر لە لایەن چەند بەش و لقی تر وەک نژیاروانی ئەنجام دەدرا. لە سەدەی نۆزدەوە بوو کە پلاندانانی شاری ڕێگەی خۆی لە نژیاروانی و ئەندازیاریی شارستانی جیا کردەوە و بەرەو دەرکەوتن لە چوارچێوە و بیچمی بەشێکی نوێی زانستی و ئەکادیمی هەنگاوی نا. بێگومان لەم گۆڕانکارییەدا کارەکانی لو پلای و جێگرەوەکانی لە مۆزەخانەی کۆمەڵایەتی فەڕەنسا و پاتریک گێدێس لە بەریتانیا کاریگەریی بنەڕەتییان بوو.

ساڵی ١٩٠٩ بۆ پلاندانانی شاری ساڵێکی گرنگە و لە ڕاستیدا ساڵی دەستپێکی فەرمیی بەشی پلاندانانی شاری بە شێوەی ئەکادیمی بوو کە لە زانکۆی ماساچووسیتس بنیات نرا. پاش ئەمە و لە ساڵانی ١٩٢٨ تا ١٩٥٧ی زایینی، بوو بە تەنیا بەشێک کە بە شێوەی هەمەلایەنە سەرقاڵی توێژینەوەی شارییە. بەم حاڵەشەوە لە ڕوانگەی ناوەرۆکەوە، پلاندانانی شاری لە ڕووی پێوەندی لەگەڵ جوگرافیای چالاکییە مرۆییەکان، ناوەرۆکێکی جوگرافی هەیە. شایانی باسە چەمکی پلاندانانی شاری لە سەرەتاوە و زۆر جاران بە واتای پلاندانانی بەکارهێنانی زەوی و پلاندانانی فیزیکی بەکار هاتووە کە ئەمیش لایەن و ناوەرۆکی جوگرافی هەیە. هەروەها بابەتی چڕی و کەڵەکەبوون لە ناوچە شارییەکان لە کردەوەی پلاندانانی شاری بابەتێکی بنەڕەتییە کە لایەنی جوگرافی هەیە و پلاندانانی شاری هەوڵی داوە بە پێوەندی لەگەڵ هەندێک چەمکی نژیاروانی و شارسازی بیچمێکی نوێی پێبدات.

بەڵام ئەمڕۆکە پلاندانانی شاری لە چوارچێوەی شیکاریی فیزیکی، ڕێکخستنی بەکارهێنانی زەوی و فیزیکی شار هاتووەتە دەر و جەخت لەسەر ڕۆڵی پلاندانەران لە هاوسەنگی و پەرەپێدان و بەردەوامیی شاری دەکات  و پلاندانەر وەک ناوبژیکەری نێوان بەرژەوەندیی گشتی و سەرمایە و دەسەڵات بۆ بەدەست هێنان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی دێتە ئەژمار و مەیدانی چالاکییەکەی بواری گشتییە. بە ڕای جۆن فریدمەن، پلاندانان پیشەیەکە لە پێوەندی نێوان شێوەکانی زانین لەگەڵ شێوەکانی کردەوە لە بواری گشتی دەگەڕێت و مۆدێلێکی نائوقلیدسی کە زانین دەکات بە کردەوە.

بە گشتی پلاندانانی شاری بەپێی پێناسەی ئەم بەشە و بەکارهێنانی هەنووکەی، سێ پێودانگی سەرەکی ڕەچاو دەکات؛ یەکەم کۆمەڵێک لە زانینی تیۆری و کارامەیی کە تەکنیکەکانی پلاندانانی شاری لەخۆ دەگرێت، دووهەم سیستەمێکی ڕاهێنان کە ڕێگە بە گواستنەوەی ئەم زانین و ڕاهێنانە کارامەیییانە دەدات، و سێهەم ڕێکخراوەیەکی پیشەیی کە لە جێبەجێ کردنی ئەم زانینە و کار بۆ بە فەرمی ناساندنی پلاندانانی شاری بەرپرسیارە. بەم پێیە پلاندانانی شاری سێ پێودانگی سەرەکی زانین، پیشە و ڕێکخراوە لەخۆ دەگرێت. لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین هەنووکە پلاندانانی شاری ڕۆڵی پیشە و پسپۆڕییەکی ڕێکخەر لە ناو بەشەکانی تری پێوەندیدار بە بابەتە شارییەکانەوە (جوگرافیا، ئابووری، کۆمەڵناسی، نژیاروانی و هەتد) دەگێڕێت تا ئەوەی وەک زانینێکی سەربەخۆ بێتە ئەژمار و زانینێکی فرەڕەهەندە.

ئەرکی پلاندانەری شار

پلاندانەری شار کەسایەتییەکی پیشەییە کە لە بواری پلاندانانی شاری بە مەبەستی باشینەکردنی کاریگەری بەکارهێنانی زەوی و ژێرخانەکان وەک نوێنەری کۆمەڵگە، کار دەکات. ئەو پلان بۆ پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی شار و ناوچە شارییەکان دادەڕێژێت و بەگشتی شیکاری گونجان و لەباربوونی بەکارهێنانی زەوی و هەروەها ڕەوشی ئابوری، ژینگە و باری کۆمەڵایەتی دەکات. لە پلاندانان بۆ کۆمەڵگەیەک(چ بازرگانی، نیشتەنی، کشتوکاڵی، سروشتی یا بۆ ڕابواردن و سەیران)، پلاندانەرانی شار دەبێت ئاراستەیەکی بەربڵاو لە بابەتەکان وەک بەردەوامی، لەوتاندنی هەوا، چڕی ترافیک و هاتوچوو، تاوان و کوشتوبڕ، نرخی زەوی، یاسا و ناوچەبەندی ڕەچاو بکەن. گرنگی هەبوونی پلاندانانی شار لە سەدەی ٢١ لە هەڵکشان و بەرزبوونەوە دایە؛ چونکە کۆمەڵگەی مۆدێرن بەردەوام ڕووبەڕووی بابەت و کێشەگەلێک وەک بەرزبوونەوەی گەشەی دانیشتووان، گۆڕانی ئاووهەوا و پەرەسەندنی نابەردەوام دەبێتەوە.

سەرچاوە:

Fainstein, Susan S., Campbell, Scott (2011)(Ed). Readings in Planning Theory , 3rd Edition, Wiley-Blackwell, London.

Pinson, Daniel(2004),urban Planning un Disciplined diciplin?, futures, No 36, 503-513.

Pitzl, Gerald R. (2004). Encyclopedia of Human Geography, Greenwood

PublishingGroup, United States of America.

Warf, Barney(2006)(Ed). Encyclopedia of human geography, SAGE Publications,London.

 

. Urban Planning

. City

. Le Play

. Musée Social

. Patrick Geddes

. Land-use Planning

. Physical Planning

. Density

. Agglomeration

. Urban Zone

. Planners

. Equilibrium

. Development

. Urban sustainability

. Public interests

. Public sphere

. John Friedman

. knowledge

. Action

. Non-Euclidean

. Know-how

. Professional

. Optimization

. Residential

. Pollution

.Zoning

. Population growth

. Climate change

پۆستە هاوشێوەکان

Back to top button