بابەتزانستە بنەماییەکان

کۆچی دواییی مریەمی میرزاخانی

بێ‌ده‌ربایستبوون به بیرکاری ڕه‌نگه‌ وابکات که سارد و بێکه‌ڵک بێته‌ به‌رچاوتان، به‌ڵام بیرکاری جوانیی خۆی ته‌نیا بۆ خوێندکارانی خۆڕاگر ده‌رده‌خات. به نرخترین به‌ش، کاتێکه‌ که ئێژی: ئاها!

مریه‌می میرزاخانی له ١٣ی گوڵانی ساڵی ١٣٥٦ی هه‌تاوی له شاری تاران لە دایک بوو. دوای کۆتایی هاتنی قۆناخه‌کانی سه‌ره‌تایی توانی بچێته قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندیی فه‌رزانه‌گانی تاران که سه‌ر به ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ په‌ره‌ی به‌هره ناوازه‌کانه .
له ساڵه‌کانی ٧٣ و ٧٤ی هه‌تاوی نیشانی زێڕی ئۆله‌‌مپیادی بیرکاریی ئێرانی مسۆگه‌ر کرد. له ساڵی ١٩٩٤ی زایینی به‌ تۆمارکردنی ٤١ له ٤٢ خاڵ، توانی نیشانی زێڕی ئۆله‌‌مپیادی جیهانی بیرکاریی هۆنگ کۆنگ بگرێت. له ساڵی دوایی واته ١٩٩٥ی زایینی له ئۆله‌‌مپیادی جیهانی بیرکاریی که‌نه‌دا، به‌ تۆمارکردنی ٤٢ له ٤٢ خاڵ، توانی نیشانی زێڕی جیهانی وه‌ربگرێت.
یه‌که‌مین که‌نیشکێک بوو که توانی بچێته تیمی ئۆله‌‌مپیادی بیرکاریی ئێران و هه‌روه‌ها یه‌که‌مین که‌نیشکێک بوو که توانی نیشانی زێڕی ئۆله‌‌مپیادی ئێران وه‌ربگرێت. یه‌که‌مین که‌س بوو که توانی بۆ دوو ساڵی دوابه‌دوای یه‌ک نیشانی زێڕ وەربگرێت و گشت خاڵه‌کانی ئۆله‌‌مپیادی بیرکاری به‌ده‌ست بهێنێت.
خوێندنی کارناسی لە زانستگای سه‌نعه‌تی شه‌ریف و خوێندنی دوکتورای له ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی له زانستگای هاروارد ته‌واو کردووه‌.
دوکتور مریه‌می میرزاخانی یه‌کێک له مامۆستایان و لێکۆڵه‌ره‌کانی زانستگای سته‌نفۆرد بوو و له زانستگاکانی هاروارد و پرینستۆن وانه‌ی وتووه. له ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی بوو به پڕۆفیسۆر له‌ زانستگای سته‌نفۆرد.
گشت لێکۆڵینه‌وه‌کانی بیرکاریی دوکتور میرزاخانی نوێ بوون و بە پێوەندی به‌ لقه‌ جیاوازەکانی بیرکاری، توانی کۆمەڵە پێشکه‌وتنێکی فره گرینگ له بواری “فه‌زاکانی مادوولی ڕووه‌کانی ڕیمان*” به‌دی بهێنێت. ئه‌و هه‌روه‌ها توانی لقه‌کانی ئه‌ندازه‌ی هایپێربۆلیک، ئه‌ندازه‌ی ئاوێته†، تۆپۆلۆژی، سیستمگه‌لی داینامیکی و ئه‌ندازه‌ی جه‌بری ژماره‌یی به‌ یه‌که‌وه‌ گرێ بدات.
دوکتور میرزاخانی توانی “ئێرگۆدیک-بوونی لێشاوی بوومه‌له‌رزه‌ی سورستون‡” بسه‌لمێنێت و پاشان له کارێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێسکین (و هه‌روه‌ها له به‌شێکی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌میری محه‌مه‌دی هاوبه‌ش بوون) توانییان بیردۆزیی ڕاتنێر په‌ره بده‌ن و ئەنجامی جیاوازی لێ وه‌ربگرن. ئه‌م کاره بوو به هۆی ئه‌وه که له ساڵی ٢٠١٤ خه‌ڵاتی فیڵدز§ (کە بە نۆبێلی بیرکاری دەناسرێت) له لایه‌ن کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بدرێت به دوکتور میرزاخانی، تا ببێت به یه‌که‌مین ژن و یه‌که‌مین ئێرانی که ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێ به‌خشراوه‌.
دوکتور میرزاخانی که له وڵاتی ئامریکا ده‌ژییا له ساڵی ٢٠١٣ی زایینی تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک هات و دوای چوار ساڵ زانستی پزیشکی نه‌یتوانی فریای زانستی بیرکاری که‌وێت و ئه‌م ژن، دایک و مامۆستا مه‌زنه له ڕۆژی ٢٤ی مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٩٦ی هه‌تاوی ماڵئاوایی له ژیان کرد.
مکموڵین که مامۆستای دوکتور میرزاخانی بوو، ئێژێت:
مریه‌م وه‌ک کۆمپیووتەرێکی پێشکه‌وتووه که هه‌ست ده‌کات، پێده‌که‌نێت و دونیای خۆش گه‌ره‌که و خۆشه‌ویستانه یارمه‌تی مرۆڤه‌کان ده‌‌دات.
کۆکردنەوە: ئەیوب مەجیدی، ماستێری ئەندازە، زانستگای تەورێز، ئێران.
* Moduli Spaces of Riemann Surfaces
† Symplectic geometry
‡ Ergodicity of William Thurston’s earthquake flow
§ Fields Medal

پۆستە هاوشێوەکان

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button