بابەتتەندروستی

♫ مافی ئاو

مافی ئاو

نووسەر: مەهدی سەربازی

سەدان ملیۆن کەس لەم جیھانەدا دەستیان ناگاتە ئاوی خاوێن و ھەروەھا ئاوەڕۆشیان نییە. لە زۆر یەک لە ناوچەکانی جیھانیدا بەدەستهێنانی ئاو بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانە کات و ھەوڵێکی زۆری پێویستە و لەوەش زیاتر تینویەتی و کەمھێنانی توانا زیانی زۆری بۆ تەندروستیی تاکەکان ھەیە. ئاوی پیس دەتوانێت ئەنگەلەکان و ڤایرۆسەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا بگوازێتەوە. بەو شێوەش تەندروستیی چەندین ملیۆن کەس بخاتە مەترسیی گەورەوە و هەروەها کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کەسی لە جیھاندا بەدواوەیە. کێشەی جیھانیی ئاو لە شەڕ و زۆر یەک لە چەکەکان کوشەندەترە. بە شێوەیەکی گشتی لەبەردەست نەبوونی ئاو مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی.

دەستخستنی ئاوی خاوێن لە لایەن زۆر یەک لە کۆمپانیاکان خراوەتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستخستنی ئاو، مافێکی مرۆیی بۆ ھەموو لایەن و چین و توێژێکی کۆمەڵگایە.

ئەگەر دەستخستنی ئاو مافێکی مرۆییە ئایا ھەر مرۆڤێک دەتوانێت تا ئەو شوێنەی وا حەز دەکات ئاو بەکار بێنێت بێ ئەوەی کات و شوێن لەبەرچاو بگرێت؟ ئایا ئەمە بە ھۆی ھەلومەرجی جیاوازەوە ڕوو دەدات؟ کێ بەرپرسیارە بۆ ئەوەی ئاو بۆ بەکارھێنەرانی خۆی بەدەست بخات؟ بە چ نرخێک ئەو بەرپرسیارییە ئەنجام دەدات؟ چۆن کێشەی جیاوازیی بەکارھێنەرانی جۆربەجۆری ئاو چارەسەر دەکرێت؟ چۆن بۆ بەکارھێنانی ئاو ھاندەدرێن کە لە ئاو بە شێوەیەکی گونجاو کەڵک وەربگرن؟

فرۆشتنی ئاو وەک خزمەتگوزارێکی گشتی و مافێکی ڕەوای ھەر مرۆڤێک لە دەستخستنی ئاودا، بە چەندین ھۆکار لە لایەن کەرتی تایبەتەوە کارێکی ھەڵەیە، ھۆکارەکان ئەمانەن:

۱- خزمەتگوزاری بە ئێوە خراپتر دەبێت:

کۆمپانیا تایبەتەکان لە ڕوانگەی قانوونیەوە دەبێ لە خزمەت پشكدارانی خۆیاندا بن. ئەمەش وا دەگەیێنێت کە پێش لە ھەر شتێک قازانجکردن بۆیان گرینگە. ئەوەش گرینگی نەدان بە شتە بچووکەکان یا کەمکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لێ دەکەوێتەوە. بەوە لە جیاتی وەبەرھێنان لە ژێرخانەکان، پاش ئەوەی كە کۆمپانیاکان دەستبەکار دەبن تەندروستی دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە. ھەروەھا ئەوان زانیارییەکانیان دەشارنەوە لەیەک و بەوەش کارەکان ئەستەمتر دەبێتەوە تا بە شێوەیەکی ھاوبەش پێکەوە کار بکەن.

۲- خەرجیی تاکەکان زیاد دەکات:

دەبێت دوو جار لەمەولا پارە بدەیت. جارێک وەک باجدەرێک بۆ خزمەتگوزاریی گشتی و جارێکیش بۆ کڕینی ڕاستەوخۆی خزمەتگوزاریی گشتیی ئاو. بەھای پارەش نزم دەبێتەوە، بەو ھۆکارەی کە دەبێ قازانجێک بۆ پشکدارانی کۆمپانیا بێتە ئاراوە و ھەروەھا بەڕێوەبەرانی پلەبەرز دەبێ پارەی زیاتر وەربگرن ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ئێمە وەک خەڵکی ئاسایی یا دەوڵەت یا ھەردوو پارەیەکی زۆرتر دەبێ دابنێین بۆ ئەو کارە.

۳- کۆمپانیا تایبەتییەکان جوابگۆ نابن:

ئەگەر لە لایەن سیستمێکی شەوڕاییەوە (یان دەوڵەتی) بە شێوەیەکی ھاوبەش کارەکان جێبەجێ بکرێت تۆ شوێنێکت ھەیە تا بە شێوازی دێمۆکراتیک جوابگۆی خواستەکانت بێت بەڵام کۆمپانیایەکی تایبەتی دەتوانێت خۆی لە خواستەکان بدزێتەوە. ئەو کات ئەستەمترە ناڕەزایەتی نیشان بدەیت و دەنگی خۆت ھەبێت.

۴- ھەلومەرجی کار سەختتر دەبێت

ئەگەر لە خزمەتگوزارییەکی گشتیدا کار بکەن، تایبەتیکردنی ئەو کارە ھەلومەرجی کار ئەستەمتر دەکات لێکۆڵینەوەیەک لە ئاستی ئەوروپادا ئەوەی دەرخستووە ھەلوومەرجی کار لە کاتی تایبەتیکردن ئەستەمتر دەبێت. کەسانێک کە توانایی کاریان ھەیە لەگەڵ کەسانێک کە کاری نافەرمی و جارجارەکی دەکەن جێیان دەگۆڕێت تا پارەیەکی کەمتریان پێ بدرێت و ھەلومەرجی کارکردنیان ئەستەمتر دەبێتەوە.

۵- کارێکی مەترسیدارە و ئەستەمە تا بگەڕێتەوە سەر باری پێشوو:

پێداچوونەوەیەک بۆ تایبەتیکردنی فرۆشتنی ئاو ئەوە نیشان دەدات کە وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەدەستهێنانی قازانجکردن لەو کارەدا نەسەلمێندراوە و مەترسیی گەورەش بۆ ئەو کارە پێشبینی دەکرێت. ھەروەھا گەڕانەوەیان بۆ باری ئاسایی خۆی ئەستەمە و ناتوانی بە ئاسانی پشت بکەی لەو خزمەتگوزاریانە. ھەروەھا بەھۆی ئەوەی کە لە کەرتی تایبەت خوازیاری بۆ قۆرخکردن ھەیە کەوایە کێبڕکێ بۆ پێشکەوتنی خزمەتگوزاییەکان کەمتر دەبینرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بژاردەیەکی زۆر بۆ بەکارھێنەران بوونی نابێت.
سەرچاوە:
Is Water a Human Right?, Kendra Okonski (http://www.thenewatlantis.com/publications/is-water-a-human-right)
5 reasons why privatisation is bad for you (http://weownit.org.uk/privatisation)

پۆستە هاوشێوەکان

Back to top button