بابەتزانستە بنەماییەکان

پەرەسەندنی مرۆڤ

پەرەسەندنی مرۆڤ
مرۆڤ، ئامۆزای شامپانزە و ئامۆزازای گوریلا؟

ئایا مرۆڤ هەمیشە یەک جۆر بووە؟ لە چەند دەیەی ڕابردوودا باڵای مرۆڤەکان بە گشتی بەرزتر بووە. ئەگەر زیاتر لە مێژوودا بگەڕێینەوە دواوە، بەر لە باڵا چ شتانێکی تر تووشی گۆڕانکاری بوون؟ مرۆڤی ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر چۆن بووە؟ کاسەسەری چۆن بووە؟ دەست و لاقی چۆن بوون؟ ئەی مرۆڤی یەک ملیۆن ساڵ لەمەوبەر چ تایبەتمەندییەکی هەبووە؟

هەندێک ئێسکەپەیکەر و کاسەسەر دۆزراونەتەوە کە بۆ بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە یارمەتیمان دەدەن، تاکوو مرۆڤەکانی ڕۆژانی دوور باشتر بناسین. لەگەڵ دۆزینەوەی هەر ئێسکەپەیکەر یان کاسەسەرێک دەکرێت بە شێوازگەلی زانستی، وەک تەمەنپێویی کەربۆنی، تەمەنی ئێسکەکە بخەمڵێنرێت. دۆزینەوەکانی تا ئەمڕۆی زانستمەندان توانیویەتی تا قۆناغێک بچێتە دواوە کە دەکرێت شێوازی پەرەسەندنی مرۆڤ تا ڕادەیەک دەربخرێت. ئەم دۆزینەوانە ئێمەیان لە مێژوودا بردووەتەوە دواوە تا جێگەیەک کە ئیتر سنووری نێوان گوریلاکان و شامپانزەکان و مرۆڤ تەواو لێڵ دەبێت و دیار نییە کە ئەو ئێسکەپەیکەرە مرۆڤە یان مەیموون! بۆیە زانستمەندان بڕوایان وایە کە مرۆڤ لەگەڵ شامپانزەکان لە یەک خێڵن و لەگەڵ گوریلاکان لە یەک ژێربنەماڵە. بە کورتی و بە پوختی، بە پێی کۆتایین توێژینەوەکان ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ شامپانزەکان بە زمانێکی سادە ئامۆزاین و لەگەڵ گوریلاکان ئامۆزازا!

لە چەند پۆستی داهاتوودا لەگەڵمان بن تاکوو وێنەی کۆنترین کاسەسەر و ئێسکەپەیکەرە دۆزراوەکانی مرۆڤەکان پێش پەیدابوونی مرۆڤە عاقڵەکان (هۆمۆ-سەیپیەنەکان) کە مرۆڤی ئەم سەردەمەن نیشانتان بدەین. ئایا ئێوەش بە دیتنی ئەم کاسەسەرانە هەست بە هەبوونی جۆرێک لە پەرەسەندنی مرۆڤ دەکەن؟

شایەنی باسە کە پۆلێنبەندیی جۆرە جیاجیاکانی جنسی مرۆڤ و مرۆڤاساکان، باسێکی زیندووی زانستییە و لەوانەیە هەموو زانستمەندەکان هاوڕا نەبن لەسەر یەک جۆر دەستەبەندی. بە تایبەت بۆ کاسەسەرە کۆنترەکان سنووری نێوان جنسی مرۆڤ (هۆمۆ) و جنسی شامپانزە (پان) و جنسی گوریلا لێڵتر دەبێتەوە. تویژینەوەکان بەردەوامن…

هەر کام لەم کاسەسەر یان ئێسکەپەیکەرانە ئی جۆرێکی تایبەت لە جنسی مرۆڤ یان شامپانزەن کە لەوانەیە ناوێکی تایبەتیشیان ببێت.
شێوازی ناولێنانی جۆرەکان دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیان، شوێنی دۆزینەوە یان باڵای ئێسکەپەیکەرەکان. بۆ نموونە بڕێک لە جۆرەکانی مرۆڤ بریتین لە مرۆڤی عاقڵ، مرۆڤی نیاندرتاڵ، مرۆڤی ڕاستەباڵا، مرۆڤی زەبەردەست، مرۆڤی عەرزی و هتد. ئێستا تەواوی ئەو جۆرە مرۆڤانە لە ناو چوون و تەنیا مرۆڤە عاقڵەکان کە ئێمەین ماوینەوە! بەڵام زانستمەندەکان لەو بڕوایەدان کە لە ڕابردوودا چەند جۆری مرۆڤ هاوکات بوونیان هەبووە و تەنانەت تێکەڵیشیان هەبووە. بۆ نموونە مرۆڤە نیاندرتاڵەکان لەگەڵ مرۆڤە عاقڵەکان تێکەڵاوییان هەبووە. ئەوەی کە چی بەسەر جۆرەکانی تری مرۆڤی بەر لە ئێمە هاتووە، نهێنییەکی زانستییە. ئایا مرۆڤە عاقڵەکان بوونە هۆی لەناوچوونی هەموو جۆرەکانی تر؟ ئایا شەڕێک ڕووی داوە؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە زانستمەندان پیویستیان بە بەڵگەی زیاترە…

ئەم وێنانە لە مووزەی فیلێتیکی شاری یێنای ئاڵمان گیراوە و مافی کۆپیی بۆ هۆژان پارێزراوە.
ئامادەکردن: ئ. ڕەحیمزادەگان
Evolution پەرەسەندن
Species جۆر
Genus جنس
Tribe خێڵ
Subfamily ژێربنەماڵە
Homo Sapiens مرۆڤە عاقڵەکان
Homo erectus مرۆڤی ڕاستەباڵا
Homo habilis مرۆڤی زەبەردەست
Homo Neanderthal مرۆڤی نیاندرتاڵ

 Phyletisches Museum

وێنە:
بەستەرHomo Neanderthal vs Homo sapiens

‎وێنەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی مۆدیڕن (مرۆڤی عاقڵ) (ڕاست) و هۆمۆ نیاندرتاڵ (چەپ). ئێسکەپەیکەری نیاندرتاڵەکە لە فەڕانسە دۆزراوەتەوە و ٥٠ هەزار ساڵ تەمەنییەتی.


Homo heidelbergensis

‎تەکمیلترین کاسەسەری ئەم جۆرەی مرۆڤە. ناوی میگوێلۆنە (دۆزەرەوەکەی) و تەمەنی بۆ ٤٠٠ هەزار ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە. زیاتر لە ٥هەزار کاسەسەری لەم جۆرە لە سپانیا دۆزراونەتەوە.


Homo erectus

‎مرۆڤی ڕاستەباڵا یەکەم جۆری مرۆڤە کە ئاناتۆمییەکەی زۆر لە مرۆڤی مۆدێرن دەچێت. تەمەنی ئەم کاسەسەرە بۆ ١.٨ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە گورجستان دۆزراوەتەوە.


Homo erectus

‎ کوڕی تورکانا، تەکمیلترین ئێسکەپەیکەری دۆزراوە لە جۆری مرۆڤی ڕاستەباڵایە. تەمەنی بە ١.٥ ملیۆن ساڵ دەخەمڵێنرێت. ئەم ئێسکە لە نزیک دەریاچەی تورکانا لە کێنیا دۆزراوەتەوە.


Homo habilis

لە وڵاتی تانزانیا دۆزراوەتەوە و تەمەنی بۆ  ١.٩ملیۆن ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. بڕوا وایە یەکەم جار ئەم جۆرە مرۆڤە بوو کە لەگەڵ ئاسن کاری کردووە، بۆیە بە هابیلیس، مرۆڤی زەبەردەست، ناسراوە.

پۆستە هاوشێوەکان

2 کۆمێنت

  1. پەرەسەندن بوونی نییە مرۆڤیش وەک ئاژەڵان جۆراوجۆرە مەرج نییە گشتی چوونیەک بێت بۆ نمونە پشیلە چەندان جۆری هەیە وە ماسی ، پڵنگ، باڵندە….هتد یان بۆ نمونە مرۆڤی کورد جیاوازە لە ڕووس لە کۆری لە هندی خودا مرۆڤەکانی بە جیاوازی دروست کردووە تا بناسرێنەوە ئیتر ئەم چەندان چەندان…مرۆڤە ئەگەر جیاواز بێت بێگومان هەنێکی شێوەی ئاژەڵی جۆراوجۆریش ئەدات…
    سوپاستان ئەکەم بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە?

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button