بابەتگەردوونناسی

دیمانەی مانگێکی دەگمەن

دیمانەی مانگێکی دەگمەن لە ١١ی ڕێبەنداندا کە زیاتر لە ۱٥۰ ساڵە هاوشێوەکەی نەدیتراوە

ڕۆژی ۳۱ی ژانویەی (کانوونی دووەم) ۲۰۱٨ بەرامبەر بە ۱۱ی ڕێبەندانی ۲۷۱۷ی کوردی لە کاتی نیوەشەودا مانگ نە تەنیا پڕ و گەورەمانگە، بەڵکوو هاوکات مانگی شین (درێژخایەن) و خوێنینە.
گەورەمانگ کاتێک پێش دێت کە مانگ لە خولانەوەکەیدا نزیکترین مەودای لە گۆی زەوی هەبێت. به‌ هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی خولگه‌ی مانگ له‌ گۆی زه‌وی، مانگ 14% گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی ئاسایی خۆی ده‌رده‌كه‌وێت و ڕووناكییه‌كه‌ی 30% زیاد ده‌بێت.
کاتێک کە لە ماوەی30 ڕۆژدا (واتا مانگێکی زایینی) دوو جار مانگ پڕ دەبێت ئەو دیاردەیە ڕوودەدات. “مانگی شین” هەر دوو ساڵ و نیو (واتا 30 مانگ) جارێک ڕوودەدات و بۆیە دەڵێن: “دەگمەنە “.
وەک “گوڵە گەزیزە” کە ساڵێک دەخایەنێت تاوەکوو دەربکەوێتەوە، ئەوەش دیارده‌یه‌كی درێژخایەنترە و “مانگی شین” دەستەواژەیەکە کە ئاماژە بە دەگمەنبوونی دیاردەکە دەکات و هیچ پەیوەندیی بە ڕەنگی شين نيیە.
هەر دوو پێشهاتەی ئاسمانییە واتا “گەوره مانگی” و”مانگی شین”، هاوکاتن لەگەڵ “مانگ گیرانی تەواو و گشتی”. لەو کاتەدا گۆی زەوی ڕێک لە نێوان خۆر و مانگدا هەڵدەکەوێت، بۆیە تیشکی خۆر ناچارە بە نێوان تەوشکی زەویدا تێپەڕێت. تەوشک ڕووناکیی شین بۆ وەنەوش زۆرتر پڕژ و بڵاو دەکاتەوە لە هەمبەر ڕووناکیی سوور. له ئاکامدا ڕۆشنایی سوور زۆرتر دەگاته مانگ، بۆیە مانگ سوور دەردەکەوێت واتا “مانگ خوێنین” دەبینرێت.
ئەوانە سێ پێشهاتەی مانگن لە شەوێکی شکۆدار بۆ بینەرانی ئاسمانی شەو.
بە گۆێرەی هەواڵی space.com باشترین شوێن بۆ دیتنی هەموو ئەوانە بریتین لە: ئاسیای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئیندونێزی، نیوزیلاند و ئوستڕاڵیا.
پتر لە ۱٥۰ ساڵ لەمەوبەر، دوایین جار بوو کە هەر سێ پێشهاتەکە بەو شێوازە هاوکات ڕوویان دا.
بەپێی پێڕستی فەرمیی مانگ گیران، دوایین جار کە مرۆڤ مانگ گیرانی گشتیی درێژخایەنی بینیوە دەگەڕێتەوە بۆ ۳۱ی ماڕسی ساڵی ۱٨٦٦ زایینی.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی ئەو دیمەنە جوانە، بەو مەرجەی کە مانگ گیران زۆر لە شوێنی مانگ نزیک بێت، بە تەواوەتی لە کیس دەچێت.
ئێوە لە وێنەی ژێرەوەدا گشت ئەو شوێنانەتان بۆ دەردەکەوێت کە لەوێدا مانگ گیران دێتە ئاراوە.
دەتوانن کاتەکانی مانگ گیران لە نیوەگۆی باکووری زەوی لە ماڵپەڕی space.com بدۆزنەوە. بۆ وێنە لە ئۆستڕاڵیا شوێنی گەورەترین مانگ گیران نزیک سەعات ۲۳:۳۰ ڕوو دەدات و سەرجەم مانگ گیرانەکە نزیکەی ۱ سەعات و ۱٦ خولەک دەخایەنێت.
هەروەها ئەم دیاردەیە پەیوەندیی بە کوردستانەوە هەیە و لە کوردستانیش دەبینرێت. نیو سەعات بەر لە ڕۆژئاوابوون هەڵاتنی مانگ هاوکاتە لەگەڵ گیرانی تەواوەتی مانگ و لە درێژەدا مانگ گیرانی بەشەکی دەبینرێت.

ئامادەکردنی: سولەیمان ڕەسووڵی
خوێندکاری دوکتورای فیزیکی ناوەکی، زانکۆی پەیامی نوور، ناوەندی تایبەتی خۆێندنی باڵا، تاران، ئێران.
Soleiman Rasouli, PhD Candidate of Nuclear Physics, Payame Noor University , Tehran, Iran.
زاراوەکان:
full moon مانگی پڕ
Super Moon گەورەمانگ
Blue Moon مانگی شین
blood moon مانگی خوێنین
total lunar eclipse مانگ گیرانی تەواو
atmosphere تەوشک

سەرچاوە:
http://www.sciencealert.com/rare-moon-lunar-eclipse-first-time-in-150-years
https://www.nasa.gov/feature/super-blue-blood-moon-coming-jan-31
https://www.jpl.nasa.gov/edu/news/2017/11/15/whats-a-supermoon-and-just-how-super-is-it/

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button