بابەتگەردوونناسی

لە هەر کوێ هەین، بڕوانینە جوانییەکانی ئاسمان

لە هەر کوێ هەین، بڕوانینە جوانییەکانی ئاسمان

ڕەنگە تامەزرۆیی دیتنی کاتژمێرەکەی لەندەن، بورجەکەی ئیفلی پاریس، تاڤگەکەی نیاگارای کانادا، دیوارەکەی چین، دارستانە چڕەکەی ئامازۆن، ‌هێرەمەکانی میسر و هەزاران شوێنەواری سەرنجڕاکێشی سەر زەوی، هەمیشە لە دڵماندا بمێنێتەوە؛ چونکە بۆ بینینیان دەبێت سەدان و هەزاران کیلۆمەتر ڕێگا ببڕین. هەروەها دەبێت پارەی تێچووی گەشتیاری و ڤیزای گەیشتن بەو شوێنانەمان هەبێت. بەڵام دیتنی جوانییەکانی سروشتی ئاسمان و گەردوون پێویستی بە جموجۆڵێکی ئەوتۆ نییە. سەربەرزانە سەر بەرزکەوە و لێیان بڕوانە! گۆی زەوی بە سووڕانی لەجێوە و گەڕانی بە دەوری ڕۆژدا دەرفەت و بواری بینینی زۆربەی هەرە زۆری دیمەنە ڕازاوەوەکانی ئاسمانی باکووری، بۆ ئێمە ڕەخساندووە. جا ئەگەر ئێمە بۆخۆمان لە بێبەشکردنی ئەودا کەمتەرخەمی دەنوێنین، ئەوە هیچ فڕی بەسەر ڕۆژگار و دەسەڵات و دواکەوتوییەوە نییە و تاوانی ناچێتە ئۆباڵی کەسێکەوە، جگە لە خۆمان نەبێت!
ئاسمانی زستان، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە پاش بارینی بەفر و باران، ساو و بێگەرد دەبێت؛ یەکێکە لە دیمەنە سروشتییەکان، کە لە جوانی و ڕازاوەییدا بێهاوتایە. ئەگەر لە درەوشانەوەی چەتری ڕووناکیی شارەکان، کە بە هۆی ئاییسانی گڵۆپە دەستکردەکانەوە پێکهاتووە، کەمێک دوورکەوینەوە ئەو جوانییانە زۆرتر دێنە بەرچاو.
شیوەگەردونییەکانی مانگا (بە حەوتەوانەوە)، دووهەڤاڵ، ‌ڕاوچی، سەگی گەورە (لەگەڵ ئەستێرەی گەلاوێژ) و چکۆلە، کەروێشک، کۆتر، عارەبەوان وهتد؛ لە شەوانی زستاندا بە چاو دیارن و بە ملیۆنان شتی جوانی دیکەی تێدا هەیە کە بە تێلێسکۆپ و ئامێرەکانی ئەستێرەناسی دەتوانین لێیان بڕوانین.
ئەو وێنەیەی کە دەیبینن، بە کامێرایەکی وێنەهەڵگری لە شاری مەهاباد گیراوە. مەبەستی سەرەکیی کێشانی وێنەکە ئەوەیە کە بتوانین سەرنجی جەماوەر بۆ لای ئاسمانی سەر سەرمان ڕابکێشین و دەلاقەیەکی زانستی و هونەری بە ڕوویاندا بکەینەوە.

 

ئامادەکردنی: ئەنوەر ئیسماعیلپووری
ئەنجوومەنی ئەستێرەناسیی پەژووهێشسەرای مەهاباد
شیوەگەردونییەکان Constellations
گا Taurus
حەوتەوانە (Pleiades star cluster (M45
دووهەڤاڵ Gemini
‌ڕاوچی Orion
سەگی گەورە (Canis Major (Greater Dog
گەلاوێژ Sirius
سەگی چکۆلە Canis Minor
کەروێشک Lepus
کۆتر Columba
عارەبەوان- عارەبەچی Auriga

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button