بابەتمێشک

ئایا مێشکی من و تۆ دنیا یەکسان دەبینێت؟

ئایا مێشکی من و تۆ دنیا یەکسان دەبینێت؟

ئایا تا ئێستا بۆنی دەنگتان کردووە؟ دەنگتان دیوە؟ بە کورتی ئایا تا ئێستا هەستی دیتن، بیستن، بۆنکردن و هتد لە مێشکتاندا تێکەڵ بووە؟

ئەمانە وەهم و خەیاڵ نین، بەڵکوو لە هەر دوو هەزار کەسدا حاڵەتێک لەم ناسازییە هەیە. ئەم ناسازییە پێی دەوترێت #سینێستێزیا (تێکەڵیی هەست)، کە لە یۆنانیدا واتە پێکەوە-هەستکردن!

لە ناسازیی تێکەڵیی هەستدا، ئەو بەشەی مێشک کە کاری ناسینەوەی هەستەکان ئەنجام دەدات ناتوانێت کارەکەی بە دروستی جێبەجێ بکات و هەستەکان تێکەڵ دەکات. بۆیە لەوانەیە لە کاتی بیستنی دەنگێکدا، بۆنێک هەست بکەن. یان لە کاتی بیستنی دەنگێکدا، تامێک بچێژن یان خود ڕەنگێک ببینن. یان لە کاتی هەستکردنی ئێشدا، ڕەنگێک ببینن.

لە دنیادا لە هەر دووهەزار کەس، یەک نەفەر ئەم ناسازییەی هەیە؛ بە تایبەت لە نێوان هونەرمەنداندا ئەم ناسازییە زۆرتر باوە. هەندێک هونەرمەندی بەناوبانگ ئەم ناسازییەیان هەیە. هەروەها دەوترێت کە ڕیچارد فاینمەن، فیزیکزانی بەناوبانگیش، ئەم ناسازییەی بووە.
زیاتر لە ٦٠ جۆری جیاواز لەم ناسازییە بەدی کراوە. باوترینیان ئەوەیە کە پیتەکان یان ژمارەکانی سەر لاپەڕەیەک لە مێشکدا ڕەنگاوڕەنگ ببینرێن.

هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەرنەخراوە بەڵام چەند تیۆرییەک هەیە. بۆ نموونە دەوترێت کە پەرەسەندنی لەڕادەبەدەری نۆرۆنەکان لە مێشکدا دەتوانێت ببێتە هۆی تێکەڵبوونی هەستەکان.

تێکەڵیی هەست بۆمان دەردەخات کە ئێمە وەک مرۆڤ، چۆن دنیا جۆراوجۆر دەبینین. واتە حاڵیبوونی ئێمە لە دنیا چەندە دەتوانێت جیاواز بێت!

لە زنجیرەی #داستانی_مێشک ١
ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

وشەکان:
Synesthesia تێکەڵیی هەست
Disorder ناسازی
Richard Feynman ڕیچارد فاینمەن

 

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/60707-what-is-synesthesia.html
David Eagleman, The Brain, Canongate Books, 2016

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button