بابەتتەکنەلۆجیا

بایکۆتی پەرەدانی ڕۆبۆتی بکوژ

پسپۆڕانی ژیریی دەستکرد بایکۆتی پەرەدانی ڕۆبۆتی بکوژ دەکەن
کۆمەڵەی پسپۆڕانی ژیریی دەستکرد پەیامێکی ڕوونیان بۆ توێژەران لە کۆریای باشوور هەیە: ڕۆبۆتی بکوژ دروست مەکەن!
نزیکەی ٦٠ پسپۆڕی ژیریی دەستکرد و ڕۆباتیکز لە ٣٠ وڵاتی جیهان نامەیەکی کراوەیان بە مەبەستی بایکۆت لە دژی زانکۆی KAIST لە کۆریای باشوور نووسیوە. ئەو زانکۆیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە پەرە بە تەکنۆلۆژیی ژیریی دەستکرد بۆ بەکارهێنانی لە چەکی سەربازیدا دەدات.
بەپێی نامەکە، پسپۆڕانی ژیریی دەستکرد نیگەرانیی خۆیان لەوە دەربڕیوە کە زانکۆکە ناوەندێکی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای چەکسازیی هانوا کردووەتەوە بە ناوی “ناوەندی توێژینەوە بۆ یەکخستنی بەرگریی نیشتمانی و ژیریی دەستکرد”.
بۆ پاشگەزکردنەوەی زانکۆکە توێژەران بایکۆتەکەیان درێژە دەدەن تاوەکوو سەرۆکی زانکۆکە بە ڕوونی نەڵێت کە “چەکی سەربەخۆ” پەرە نادەن و ئەو چەکانە کۆنترۆڵێکی ئەوتۆی مرۆڤیان بەسەرەوە نییە. بایکۆتەکە فرەلایەنەیە بۆ وێنە دەڵێن: سەردانی زانکۆکە ناکەن، لەو زانکۆیە میوان وەرناگرن و لە هیچ پڕۆژەیەکی توێژینەوەییدا لەگەڵ زانکۆکە هاوکاری ناکەن.
ئەگەر زانکۆکە درێژە بدات بە پەرەدانی چەکی سەربەخۆ، دەتوانێت ببێتە هۆی شۆڕشی سێهەم لە شەڕدا. ئەو چەکانە دەتوانرێت بۆ تیرۆر بە کار بهێنرێن. توێژەران دەڵێن تیرۆریستان دەتوانن ئەم چەکانە بە دژی خەڵکی مەدەنی بە کار بهێنن و ئەو سنووردارییە ئاکارییانەی کە شەڕکەرێکی ئاسایی هەیەتی لەو چەکانەدا نابێت.
کۆمپانیای هانوا کە لەم کارەدا لەگەڵ زانکۆی KAIST هاوکاری دەکات، تەقەمەنیی هێشوویی بە کار دەهێنێت کە لە لایەن پەیماننامە نێونەتەوەییەکانەوە قەدەغە کراوە، هەرچەندە کۆریای باشوور ئەو پەیماننامەی واژۆ نەکردووە.
توێژەران داوا لە زانکۆی KAIST دەکەن کە لەسەر پەرەدانی ئەو ئامێرانەی ژیریی دەستکرد کار بکەن کە ژیانی مرۆڤ باشتر دەکەن. پێشتریش توێژەران بە دژی ڕۆبۆتی بکوژ هۆشدارییان دابوو بۆ وێنە ئێلۆن ماسک و ستێفن هاوکینگ لەو کەسانە بوون.

وشەکان:
autonomous weapons چەکی سەربەخۆ
cluster munition تەقەمەنیی هێشوویی
Hanwha Systems
ئامادەکردنی: محەممەد محەممەدئەمینی
سەرچاوە:
https://www.livescience.com/62229-boycott-against-killer-robotics-lab.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button