بابەتگەردوونناسی

بۆچی ڕۆژی هەینی درێژترین مانگگیرانی سەدەی بیست و یەک ڕوو دەدات؟!

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی جولای، درێژترین مانگگیرانی سەدەی بیست و یەک ڕوو دەدات. ئەم مانگگیرانە لە ئەفریقا، ئاسیای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیكەی ١ كاتژمێر و ٤٣ خولەك درێژە دەکێشێت، هەروەها نزیكەی چوار كاتژمێری پێدەچێت تا بە تەواوەتی مانگگیرانەکە دەڕەوێتەوە.

لە بەروارد بە مانگگیرانی دواتر کە ٢١ی ژانویەی ٢٠١٩ لە ئەمریکای باکوور دەبینرێت و تەنیا ٢ خولەکی پێدەچێت ئەم مانگگیرانە کاتێکی زۆر دەخایەنێت. هەروەها خۆرگیرانی ١٤ی ئۆگۆست کە لە ١٤ ویلایەتی ئەمریکا بینرا، تەنیا ٢ خولەک و ٤٠ چرکە درێژەی هەبوو.

 

هۆکاری ئەم جیاوازییە زۆرە لە نێوان درێژەکێشانی خۆرگیران و مانگگیرانەکاندا چییە؟!

 

بە گشتی خۆرگیران لە مانگ گیران کەمتر دەخایەنێت. کایسا یانگ لە زانکۆی ویلایەتیی نیکۆڵای لە لویزیانا دەڵیت کە هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ سێبەرێک کە مانگ کاتی خۆرگیران لەسەر زەوی دروستی دەکات. مانگ لە هەمبەر زەویدا بچوکە و ئەو سێبەری کە لەسەر هەسارەیەکی گەورەی وەک زەوی دروستی دەکات، کەمترە لە حاڵەتی پێچەوانەکەی. واتە چونکە زەوی گەورەترە، کاتێکی زیاتر پێویستە تاوەکوو مانگ لە سێبەری زەوی تێپەڕ بێت.

 

لە نێوان خودی مانگگیران و خۆرگیرانەکانیشدا جیاوازی هەیە، هۆکاری ئەم جیاوازییە چییە؟!

 

مانگ و خۆر و زەوی بە ڕێکی لەسەر هێڵێک هەڵنەکەوتوون. سووڕانەوەی مانگ نزیکەی ٥ پلە لاری هەیە  و لە هەر ٢٧ ڕۆژێکدا یەکجار لە پەڕەیەکەوە تێدەپەڕێت کە زەوی و خۆر لەسەری هەڵدەکەون. هەر یازدە مانگ، یەک جار تێپەڕبوونەکان بە شێوەیەکن کە مانگ و خۆر و زەوی لەسەر یەک هێڵ هەڵبکەون و ئەگەر مانگ لە نێوان زەوی و خۆردا بێت دەبێتە هۆی خۆرگیران و ئەگەر زەوی لە نێوان مانگ و خۆردا بێت مانگگیران ڕوو دەدات.

هەر بەم هۆکارە خۆر و مانگگیران بە ماوەی دوو هەفتە دوورتر لە یەک ڕوو دەدەن و لە ساڵێکی ئاساییدا چوار جار مانگ و خۆرگیرانی تەواوەتی ڕوو دەدات.

بەڵام هەموو چوونە سەر یەک هێڵەکان، وەک یەک نین، چونکە ئەو سووڕی یازدە مانگە سەقامگیر و ڕێک نییە. هەندێک جار کەوتنە سەر یەک هێڵ تەواو نییە و تەنیا سێبەری بەشێک لە مانگ یان زەوی دەکەوێتە سەر ئەوەی تر.

هەندیک جار ئەو چوونە سەر یەک هێڵە بە تەواوەتی ڕوو دەدات و مانگ لە ناوەڕاستی زەوییەوە لە نزیکەی هێڵی ئوستوا تێپەڕ دەبێت و ئەو مانگگیرانانە ماوەکەیان درێژترە.

دوا هۆکار کە لەسەر درێژەکێشانی مانگ گیرانەکە کاریگەری هەیە، ئەو وەرزەیە کە مانگگیران ڕوو دەدات. لە جولایدا، زەوی دەگاتە دوورترین خاڵ لە خۆر و خۆر لە ئاسماندا لە چاو وەرزەکانی دیکەی ساڵ بچوکتر دێتە بەرچاو. ئەمەش واتا هەردووکی زەوی و مانگ سێبەرێکی گەورەتر دروست دەکەن و تێپەڕبوون لەو سێبەرە کاتێکی زیاتری پێدەچێت. لە مانگی ژانویەدا، خۆر لە ئاسماندا لە هەموو کاتەکانی دیکە گەورەتر دێتە بەرچاو و سێبەرەکەی لەو مانگەدا بچوکترە. بەم هۆکارە، مانگگیرانی هاوینان لە نیوەگۆی سەرەوەی زەویدا زیاتر دەخایەنێت لە مانگگیران لە وەزی زستاندا.

 

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/63101-why-longest-lunar-eclipse.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button