بابەتتەکنەلۆجیا

تۆڕی نۆرۆنیی دوانە: ژیریی دەستکرد دەتوانێت وەک مرۆڤ وێنا بکات، دەنگ و وێنەی کەسانێک دروست بکات کە بوونیان نییە.

تۆڕی نۆرۆنیی دوانە: ژیریی دەستکرد دەتوانێت وەک مرۆڤ وێنا بکات، دەنگ و وێنەی کەسانێک دروست بکات کە بوونیان نییە.

ژیریی دەستکرد لە ناسینەوەی شتەکاندا زۆر پێش کەوتووە: یەک ملیۆن وێنەی بدەرێ، دەتوانێت پێت بڵێت لە کام وێنەدا کەسێک خەریکی پەڕینەوە لە شەقامە. بەڵام ژیریی دەستکرد بۆخۆی ناتوانێت وێنەی کەسێک بەرهەم بهێنیت کە لە شەقام تێدەپەڕێت. ئەگەر بتوانێت وێنەی لەو شێوەیە بەرهەم بێنێت ئەو دەم ئۆتۆمبیلێکی خۆئاژۆ بەبێ ئەوەی پێویست بێت لەسەر شەقام ڕابێت، دەتوانێت بەو وێنانەی کە بەرهەمیان دەهێنێت خۆی ڕابهێنێت.
کێشەکە ئەوەیە کە دروستکردنی شتێکی تەواو نوێ پێویستی بە وێناکردنە، هەر بەم هۆیەشە کە تا ئێستا ژیریی دەستکرد لەم بوارەوە کێشەی هەیە.
چارەسەری ئەم کێشەیە یەکەم جار لە تێزی دوکتورای ئیان گودفیلەو لە زانکۆی مۆنتریال ڕووی دا. چارەسەکە بە تۆڕی دژبەرانەی بەرهەمهێنەر ناسراوە کە لە دوو تۆڕی نۆرۆنی پێکدێت. تۆڕی نۆرۆنی ئامانجیەتی کە لاسایی مێشکی مرۆڤ بکاتەوە لە فێربوون و ناسینەوەی شتەکاندا. لەم ڕێبازەدا پێشنیار کرا دوو تۆڕی نۆرۆنی لە هەمبەر یەکتر دانرێن وەک ئەوەی کە یاری مشک و پشیلە بکەن.
هەردوو تۆڕە نۆرۆنییەکە بە یەک دراوە ڕادێن، یەکەمیان بە بەرهەمهێنەر دەناسرێت کارەکەی ئەوەیە کە بە هەندێک جیاوازی لەو وێنانەی کە وەریگرتوون وێنەی دیکە دروست بکات، بۆ وێنە مرۆڤێک ساز بکات کە لە شەقامەوە تێدەپەڕێت و باڵێک یان قاچێکی زیادەی هەیە. تۆڕەکەی تر کە بە جیاکەرەوە دەناسرێت ئەرکی ئەوەیە دەستنیشانی بکات کە وێنەیەک لە هەمان جۆری ئەو وێنانەیە کە پێشتر دیتوونی یان ئەوەی کە لەلایەن بەرهەمهێنەرەو دروست کراوە؟
بە تێپەڕبوونی کات بەرهەمهێنەر ئەوەندە باش فێری دروستکردنی وێنەکان دەبێت کە جیاکەرەوە ناتوانێت دەستنیشانی بکات کە وێنەکان لە لایەن بەرهەمهێنەرەو ساز کراون یان وێنەی ڕاستەقینەن.
ئەم داهێنانە بووە یەکێک لە هیوابەخشترین داهێنانەکان لە بواری ژیریی دەستکرد لە دەیەی ڕابردوودا، ئەوەش توانایی ئەوە بە ماشینەکان دەدات کە شتگەلێک بەرهەم بهێنن کە تەنانەت بتوانن مرۆڤەکانی پێ بخەڵەتێنن.
تۆڕی دژبەرانەی بەرهەمهێن، بۆ بەرهەمهێنانی دەنگ و وێنە کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە نموونەیەکی ئاڵۆزدا، توێژەران لە Nvidia تۆڕەکەیان بە وێنەی کەسانی ناسراو ڕاهێنا و دواتر هەوڵیان دا کە وێنەی سەدان کەس بەرهەم بهێنن کە تەنانەت بوونیشیان نییە. لە توێژینەوەیەکی دیکەدا، توانییان تابلۆی کێشراوە بەرهەم بهێنن کە هاوشێوەی کارەکانی ڤان کۆخ بێت. لەمەش زیاتر، تۆڕی دژبەرانەی بەرهەمهێنەر دەتوانیت وێنەکان بە شێوەی جیاواز وێنا بکاتەوە، وا بکات کە شوێنێکی هەتاو وەک بەفر دەر بکەوێت یان ئەسپەکان بکاتە کەری کێوی.
تۆڕە دژبەرەکان هەمیشە بەو شێوەیە بێکێشە نین: لەوانەیە ئەم تۆڕانە پاسکیلێک بە شاخەکانی پێشەوەی، بە هەڵە وەک دەموچاوی مرۆڤ و برۆکانی بناسنەوە! بەڵام چونکە وێنەکان و دەنگەکان زۆربەی کات زۆر لە ڕاستەقینە دەچن، هەندێک لە پسپۆڕان پێیان وایە کە ئەم تۆڕانە تەنانەت دەتوانن لە پێکهاتەی پشتەوەی ئەو شتەی دەیبنن یان دەیبیستن، تێبگەن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە ژیریی دەستکرد دەبێتە خاونی توانایی وێناکردن. تواناییەکی سەربەخۆ بۆ تێگەیشتن لە جیهان!
وشەکان:
Generative adverbial network تۆڕی دژبەرانەی بەرهەمهێن
Generator بەرهەمهێنەر
Discriminator جیاکەرەوە
Imagination وێناکردن
ئامادەکردنی:
محەممەد محەممەدئەمینی

سەرچاوە:
https://www.technologyreview.com/lists/technologies/2018/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button