بابەتتەکنەلۆجیا

بەر لەوەی بمرم چی لە دراوە دیجیتاڵییەکانم بکەم؟

بەر لەوەی بمرم چی لە دراوە دیجیتاڵییەکانم بکەم؟
لە پاش مەرگم چی بەسەر دراوە دیجیتاڵییەکانم دێت؟ ئایا شتێک بڵاو دەبێتەوە کە من حەزی پێناکەم؟ ئایا ئەوەی کە دەبێت بگاتە میراتگرەکانم دەگات؟ زۆربەی کاتەکان ئەو کەسانەی لە دوامان بە جێ دەمێنن ڕێگەیەکی ڕوون و ڕێکوپێکیان لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەوەی بگەنە زانیارییە دیجیتاڵییەکانمان. چەند کاری باش کە بەر لە مردنمان دەتوانین بیکەین لێرەدا باس دەکەین:
1. دەرگایەکی پشتەوە دروست بکە
تا پازدە ساڵ لەمەوبەر ئەگەر لەپتابێکتان لە پاش بەجێ بمایە، هەرکەس دەستی بە لەپتابەکە ڕابگەیشتایە بە ئەگەری زۆر دەستی بە دراوەکانیش ڕادەگەیشت. ساڵی ٢٠٠٣ ئەپڵ شێوازێکی بۆ نهێنینووسیی هەموو دراوەکانی سەر هاردەکانی خستە بەر دەست و کۆمپانیاکانی تریش وەک مایکرۆسۆفت ئەو کارەیان کردووە. پارەی دیجیتاڵیش هەر لە نهێنینووسی کەڵک وەردەگرن و هەمان کێشەیان هەیە. ئێستا کۆمپانیاکان لە بیری ئەوەدان ڕێگەیەکی تر بدۆزنەوە کە کاتێک بە شێوەی یاسایی داوا دراوەکان کرا، دەستیان پێی ڕابگات. بەڵام بۆخۆتان دەتوانن ئەو کارە بکەن، تێپەڕوشە پێویستەکان بنووسن و بیدەنە ئەو کەسەی کە دوای مردنتان دەبێت دەستی بە زانیارییەکان ڕابگات.
2. لە بەڕێوەبەرێکی هەژماری ناچالاکدا ناونووسی بکەن
ئەگەر لە جیمەیڵ کەڵک وەردەگرن، بەڕێوەبەری هەژماری ناچالاک بە کار بهێنن. ئەگەر سێ مانگ هەژمارەکەتان بە کار نەهێنا، واتا ناچالاک بوون، گووگڵ ڕێگەی ئەوە دەدات بە کەسانی جێمتمانەی خۆتان کە دەستی بە زانیارییەکان ڕابگات.
3. تۆمارە پزیشکییەکانتان دابگرن
ئەگەر لەو وڵاتەی لێی دەژین، تۆماری ئەلەکترۆنیکی هەیە بۆ زانیارییە پزیشکییەکانتان، باش وایە دایبگرن و خۆشتان ڕوونووسێکتان لێی هەبێت. ئەوە تەنانەت یارمەتیتان دەدات هەر کات سەردانی پزیشکتان کرد و پەیوەندی ئینتەرنێت لەبەر دەستدا نەبوو، پزیشکەکەتان لە ڕووی ئەو ڕوونووسەوە زانیارییەکانتان ببینێت.
4. بەڕێوەبەری تێپەڕوشە بە کار بهێنن
دەتوانن بەڕێوەبەرێکی تێپەڕوشە وەک 1Password یان LastPass بە کار بهێنن. هاوسەرەکەتان، پارێزەر، منداڵەکانتان یان دایک و باوکتان لەم ڕێگەیەوە دەتوانن بە شێوەیەک دەستیان بە هەژمارەکانتان ڕابگات.
5. سەرنجی سیاسەتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدەن
هەر کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دوای مەرگی بەکارهێنەران کۆمەڵێک سیاسەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. باش وایە سەرنجی ئەو سیاسەتانە بدەن. کۆمپانیای فەیسبووک دوای مەرگی کەسێک و بەپێی داواکاری بەجێماوەکانی هەژماری مردووەکە یان لا دەبات یان وەک یادگار دەیهێڵێتەوە. ئەگەر وەک یادگارییەک بمێنێتەوە، کەسانی دوای خۆتان ناتوانن پۆستەکانی پێشووتان لاببەن یان پەیامەکانتان بخوێننەوە. تویتەریش سیاسەتێکی هاوشێوەی فەیسبووکی هەیە. ئەگەر زانیارییەکی گرینگ لەسەر هەژمارەکانتان هەیە باش وایە بە بەردەوامی دایگرن و لە شوێنیکی دیکەدا پاشەکەوتی بکەن.

وشەکان:
Password تێپەڕوشە
Data دراوە
Cryptography نهێنینووسی

سەرچاوە:
https://www.technologyreview.com/s/612283/six-things-to-do-with-your-data-before-you-die/

ئامادەکردنی: محەممەد محەممەدئەمینی

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button