بابەتتەندروستی

بۆ خواردنەوە ئەلکهولییەکان هیچ ئاستێکی سەلامەتی بوونی نییە

 

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ “خواردنەوەی ئەلکهول بە شێوەیەکی مامناوەندییانە لەوە زیانبەخشترە کە پێشتر بیری لێ دەکرایەوە”.

تەواوی توێژینەوەکە کە زانیاری ملیۆنان خەڵکی لە ٢٠٠ وڵاتی جیاوازەوە لێکدایەوە، ئەوەی دۆزییەوە ساڵانە ئەلکهول هۆکاری مردنی نزیک بە ٣ ملیۆن کەسە لە سەرتاسەری جیهاندا، هەروەها لەو کەسانەی تەمەنییان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٩ ساڵییە بە نزیکەیی مردنی هەر کەسێک لە دە کەس بە هۆکاری بەکارهێنانی ئەلکهولە”

لەوە زیاتر، هەر کاریگەرییەکی تەندروستیی پارێزی ئەلکهول پارسەنگ دەبێتەوە بە مەترسییەکانی خواردنەوەی ئەلکهول، لەو مەترسییانەش ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان خواردنەوەی ئەلکهول و مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجە و برینداربوون لە دەرەنجامی ڕووداوی هاتوچۆدا هەیە.

توێژەرەکان دەڵێن “ئەو تێڕوانینە بەرفراوانەی قسە لەسەر سوودەکانی ئەلکهول دەکات پێویستی بە پێداچوونەوەیە” هەروەها دەڵێن ” ئەنجامەکانمان ئەوە نیشان دەدەن کە سەلامەتترین ئاستی خواردنەوەی ئەلکهول یەکسانە بە سفر”

دۆزینەوەکان ناکۆکن لەگەڵ زۆربەی ئەو ئامۆژگارییە تەندرووستیانەی دەڵێن خواردنەوەی ئەلکهول بە شێوەیەکی مامناوەندی -نزیکەی یەکجار خواردنەوە بۆ ئافرەتان و دووجار بۆ پیاوان- سەلامەتە.

هەرچۆنێک بێت، لێکدانەوەی مەترسییەکانی ئەلکهول بۆ کەسێک کە پچڕ پچڕ -واتە ئەو کەسانەی ئەلکهول هەموو دوو هەفتەیەک جارێک- دەخۆنەوە گرانە، بۆیە ڕەنگە دۆزینەوەکان بەسەر ئەو کۆمەڵانە جێبەجێ نەبن. پرۆفیسۆر کیس هامفرەیز دەڵێت ” ئەوە مانای ئەوە نییە ئەگەر تۆ لە ڕۆژی لەدایکبوونت یان لە کریسمس خواردتەوە، ئەوا تۆ دەمری”

هامفرەیز دەشڵێت” بەڵکوو ئەو توێژینەوەیە زیاتر لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ دەبێت کە رۆژانە جارێک و زۆربەی رۆژەکانی هەفتەش دەخۆنەوە”. بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر دۆزراوەتەوە “ئەو جۆرە کەسانەی کە هەموو هەفتەیەک دەخۆنەوە، بەڵام هەرگیز بڕێکی زۆر ناخۆنەوە، ئەو کەسانە لە ڕاستیدا لەو کەسانە باشتر نین کە هەرگیز ناخۆنەوە”

ئاستی سەلامەت بوونی نییە

توێژەرەکان زانیاری نزیک بە ٧٠٠ توێژینەوەی پێشووتریان لێکدایەوە تا دەریبخەن خواردنەوەی ئەلکهول چەند بڵاوە لە جیهاندا، و هەستان بە لێکدانەوەی نزیک بە ٦٠٠ توێژینەوەی تر کە بە گشتی ٢٨ ملیۆن کەسی لە خۆگرتبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەو مەترسییە تەندروستییانەی بەستراون بە ئەلکهولەوە.

توێژەرەکان ئەوەیان دۆزییەوە لە جیهاندا لە هەر ٣ کەسێک کەسێکیان ئەلکهول دەخواتەوە (سەدا ٣٢،٥ی خەڵکی جیهان) کە ئەوەش یەکسانە بە ٤/٢ ملیارد کەس لە جیهاندا، سەدا ٣٩ی پیاوان و سەدا ٢٥ ژنان ئەلکهول دەنۆشن.

لە جیهاندا، خواردنەوەی ئەلکهول یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زوو مردن بووە لە ساڵی ٢٠١٦، بەرپرسیار بووە لە حاڵەتی مردنی سەتا ٢ی ژنان و سەتا ٧ی پیاوان. بۆ ئەوە کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٩ ساڵیدایە، خواردنەوەی ئەلکهول بەرپرسیار بووە لە حاڵەتی مردنی سەدا ٤ی ژنان و سەدا ١٢ی پیاوان لە ساڵی ٢٠١٦.

توێژینەوەکە ئەوەی دۆزییەوە کە خواردنەوەی ئەلکهول بە شێوەیەکی مامناوەندییانە، لە ڕاستیدا، پارێزەرە بۆ نەخۆشی گیرانی خوێنبەری دڵ، بەڵام ئەم سوودە پارسەنگ دەبێتەوە بە کاریگەرییە تەندروستییە خراپەکانی خواردنەوەی ئەلکهول.

بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژانە جارێک ئەلکهول دەخۆنەوە، بە درێژایی ساڵێک مەترسی توشبوون بە یەکێک لەو ٢٣ نەخۆشییەی بە ئەلکهولەوە گرێ دراوە زیاد دەبێت بەڕێژەی سەدا ٠،٥ ، بە بەراورد بەو کەسانەی ئەلکهول ناخۆنەوە.

بەڵام ئەو مەترسییە بە خێرایی زیاد دەکات تا خەڵک زیاتر ئەلکهول بخواتەوە. بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژانە دوو جار ئەلکهول دەخۆنەوە ئەوا مەترسیی توشبوون بەو نەخۆشییانەی کە بە ئەلکهولەوە گرێ دراون بە ڕێژەی سەدا ٧ زیاد دەکات بە درێژایی ساڵێک، و بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژانە پێنج جار دەخۆنەوە ئەوا ڕێژەکە بۆ یەک ساڵ لە سەدا ٣٧ زیاد دەکات.

لە لێدوانێکیدا ئیمانوێلا ژاکیدۆ پڕۆفیسۆڕی تەندروستیی جیهانی لە زانکۆی واشنتۆن وتی”لەمڕۆدا بە نەبوونی ڕێگەچارەی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەلکهول، ئەلکهول ئاکامێکی بە ئازار لەسەر داهاتووی تەندروستیی دانیشتووان دروست دەکات”

توێژەرەکان دەڵێن، بە پشتبەستن بەو ئەنجامانەی دەستیان کەوتووە، دەبێت کەمپینەکانی تەندروستیی گشتی، کەمپینێکیش بۆ خۆگرتنەوە لە ئەلکهول ڕەچاو بکەن.

خۆگرتنەوە لە ئەلکهول؟

هامفرەیس بەو جۆرە وەسفی کارەکە دەکات “پێشکەوتووترین توێژینەوەی جیهانی لەبارەی کاریگەریی ئەلکهول لەسەر تەندروستیی مرۆڤ ئەنجام دراوە”

هامفرەیز دەڵێت “توێژینەوەکە ئەو پشتڕاست دەکاتەوە کە خواردنەوەی ئەلکهول یەکێکە لە هۆکارە جیهانییەکانی توشبوون بە پەککەوتن، نەخۆشی، مردن”

هەرچۆنێک بێت، دەربارەی خۆگرتنەوە و وازهێنان لە ئەلکهول هامفرەیز دەڵێت گەیاندنی پەیامێکی لەو جۆرە سەخت دەبێت، لە سەرێکەوە لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەلکهول دەخۆنەوە و لەبەر کاریگەری ئەو بازرگانییە بەهێزەی لە بازاڕی ئەلکهولدا هەیە. هامفرەیز دەڵێت “من ناڵێم ئەو بیرۆکەیە کارەساتە” بەڵام “ململانێیەکی سەخت و ماندووکەر دەبێت”.

لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕەچاوکردنی خۆگرتنەوە لە ئەلکهولیش، توێژەرەکان هەندێ ڕێگەچارەی تر پێشنیار دەکەن کە تیشکدەخاتە سەر کەمکردنەوەی ئەلکهول لەلایەن دانیشتووانەوە، وەکو زیاد کردنی باجەکانی سەر ئەلکهول، کۆنترۆڵکردنی بەردەستبوونی ئەلکهول و ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی کە تیایدا دەفرۆشرێت، هەروەها ڕێکخستنی ڕیکلام بۆ ئەلکهول. ژاکیدۆ دەڵێت ” هەریەک لەو ڕێگەچارەیانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئەلکهول لەلایەن دانیشتووانەوە، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی زیانە تەندروستییەکان بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکهول”

وشەکان

ischaemic heart disease: نەخۆشی گیرانی خوێنبەری دڵ
alcohol: ئەلکهول
alcohol taxes: باجی سەر ئەلکهول
global health: تەندروستی جیهانیی

سەرچاوە:

www.livescience.com/63420-alcohol-no-safe-level.html

ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button