بابەتمێشک

نەهێشتنی زمانی دایکی بۆ فێربوون لە زانستی زمانناسیدا پێی دەوترێت: خنکاندن!

نەهێشتنی زمانی دایکی بۆ فێربوون لە زانستی زمانناسیدا پێی دەوترێت: خنکاندن!
هاوکات لەگەڵ هەبوونی چەندین فاکتۆری دیکە بۆ کوالێتیی فێرکردن لە پۆلەکاندا، زمان سەرەکیترین ئامرازی پەیوەندی و تێگەیشتنە. لە زۆربەی وڵاتاندا تەنیا یەک زمان وەک زمانی زاڵ بۆ فێرکاری بە کار دەهێنرێت. فێرکردن بە زمانێک کە فێرخواز تێی ناگات پێی دەوترێت “خنکاندن”، چونکە هاوشێوەی ئەوەیە کە فێرخوازەکان ببەیتە ژێر ئاو بەبێ ئەوەی مەلە بزانن. ئەم کێشەیە بە تایبەت کاتێک زۆر جدیتر دەبێتەوە کە کەرەستەی فێرکاریی زمانەکە گونجاو نەبێت و کاتێک کە زمانەکە بۆ هەردووکی مامۆستا و قوتابی زمانێکی بێگانەیە، ئەم کێشەیە دەگاتە لوتکە.
جیا لەم سیستمە، سیستمێکی دیکەی فێرکاری بە ناوی “سیستمی دووزمانە لەسەر بنەمای زمانی دایک” بوونی هەیە کە لەم سیستمەدا سەرەتا فێرخواز سەرجەم تواناییەکانی خوێندنەوە و نووسین و خودی بابەتەکان بە زمانی دایکی فێر دەبێت. زمانی دووهەم تەواو سیستماتیک فێر دەکرێت و فێرخواز دەتوانێت ئەزموونەکان لە زمانی دایکییەوە بگوازێتەوە بۆ زمانە بێگانەکە. ئەم سیستمەش چەندین جۆری هەیە بەڵام لە هەرهەموویاندا لایکەمی لە ساڵانی یەکەمدا سەوادی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکی فێر دەکرێت.
سیستمی دووزمانە لەهەمبەر سیستمی یەک زمانەدا چەندین قازانجی هەن کە بەردوام لە توێژینەوە ئەکادیمیکییەکاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە.
بەکارهێنانی زمانێک کە فێرخواز دەیزانێت، تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەنگەکان دەبن بە هێمای نووسراوە، سادەتر دەکاتەوە. خوێندنەوە بۆ ئەو قوتابییانەی زمانەکە دەزانن زۆر سادەترە و خوێندکار ستراتیجییەکانی حەدس لێدانی دەروون-زمانناسی بۆ خوێندنەوە بە کار دەهێنێت، هەر بەم شێوەیە، لەگەڵ فێربوونی ڕێنووس، خوێندکار زۆر بە سادەیی لە ڕێگەی نووسینەوە پەیوەندی ساز دەکات. بە پێچەوانە لە سیستمی “خنکاندن”دا، ڕەنگە بکرێت کە خوێندکار فێر بکرێت چۆن وشەکان دیکۆد بکات بەڵام چەندین ساڵی پێدەچێت تا بزانێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە چ واتایەکی هەیە.
بەکارهێنانی زمانی دایک دەبێتە هۆی بەهێزبوونی خوێندکارەکە لە باری شوناس، بڕوابەخۆیی و سۆزدارییەوە، ئەمەش وا دەکات کە داهێنەرێتی زیاد بکات و خوێندکارەکە زیاتر هان دەدات. بەکارهێنانی زمانی دایک ڕێگە بە پێچەوانەی سیستمی خنکاندن ڕێگە دەدات کە منداڵەکان خۆیان بن و کەسایەتیشیان وەک توانایی فێربوونیان گەشە دەکات.لە سیستمی خنکاندندا، منداڵەکان ناچار دەبن بێدەنگ دانیشن یان بە شێوەی میکانیکی دووپات بکەنەوە، ئەوەش بێهوایان دەکات و تەنیا خەریکی دووپاتکردنەوە دەبن و لە کۆتاییشدا دەگەنە شکست.
سیستمی دووزمانە توانایی زیاتر دەدات بە منداڵەکان و دەتوانن لە کۆتاییدا بە زیاتر لە زمانێک بخوێنن، بنووسن، و تێبگەن. بە پێچەوانەوە سیستمی خنکاندن، هەوڵ دەدات ئەم شارەزاییانە بۆ زمانێکی نوێ فێری قوتابی بکات و لە زمانێک کە دەیزانێت ئەمانەی لێ بستێنێتەوە کە لە ئاکامدا دەتوانێت لە فێربوونی هەردووکیاندا بە زیانی خوێندکار تەواو ببێت.
سەرچاوە:
Carole Benson,2004, The importance of mother tongue-based schooling for educational quality, Background paper prepared for the Education for All Global Monitoring Report The Quality Imperative

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button