بابەتزانستە بنەماییەکان

کردەی ئەخلاقیی پێنج ئاژەڵ

کردەی ئەخلاقیی پێنج ئاژەڵ

لە سەدەی ١٦، فەیلەسووف و بیکاریزان ڕێنە دیکارت پێی وابوو ئاژەڵان تەنھا مەکینەیەکی خۆبزوێنن: ماشێنێکی خوێن سوورن و بێ ھیچ بیرکردنەوە و ئارەزوویەکن. ھەتاکوو دواتر زاناکانی ڕەوشتناسیی ئاژەڵ بۆیان دەرکەوت برا توکنەکانمان “ئاژەڵەکان” ژیانێکی پڕ سۆز دەژین و ھەستێکی سەرەتاییشیان بۆ جیاکردنەوەی چاک و خراپ ھەیە.
ھەر لە نەریت و ڕێورەسمی فیلەکان بۆ تەرمی مردووەکانیان تاوەکوو ڕەوشتی بەدی شینەباڵندە خیانەتکارەکانەوە. ئەوانە ھەندێک کاری سەرسوڕھێنەری ئەم ئاژەڵانەن کە ئێمەی مرۆڤ بە شتێکی ڕەوشتییانەیان لێک دەدەینەوە:

یادکردنەوەی فیلەکان
لەنێو ھەموو ئاژەڵاندا فیلەکان ھەندێک رێورەسم و نەریتی زۆر ئاڵۆزیان ھەیە. کاتێک ئەندامێکی خۆشەویستی خێزانی فیلەکان دەمرێت، فیلەکانی تر داخ و پەژارەیەکی زۆر بۆ لە دەستدانی دەخۆن و لاشەکە لە ژێر گەڵا و گیادا دەشارنەوە بۆ ماوەی یەک ھەفتە بە دیار لاشەکە شەونخونی دەکەن. ھەروەکوو مرۆڤ، فیلەکان بۆ ماوەیەکی درێژ سەردانی گۆڕی ئازیزەکانیان دەکەن و بۆ چەندین ساڵ سەردانی ئێسکوپروسکی فیلە مردووەکانیان دەکەن.

جرجە بەسۆزەکان
جرج کە ئاژەڵێکی چڵکن دیارە و بەردەوام لەسەر قوڕ و لیتەی ڕێڕەوەی شەمەندەفەرەکان دێت و دەڕوات، بەڵام سۆز و بەزەییان بۆ یەکتری ھەیە. لە تاقیکردنەوەیەکی بەناوبانگدا ساڵی ١٩٥٨، جرجە برسییەکان تەنھا بەوە تێریان دەخوارد ئەگەر پارچە توڵێکییان لەسەر رێگەی ھاوڕێ بچوکەکانییان لادابایە بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە ئەوە بکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت جرجەکان ھەستی سۆز و بەزەییان بۆ ھاوڕێکانییان ھەیە. لە ساڵی ٢٠٠٦، توێژینەوەیەکی تر ئەوەی دەرخست مشکەکان کاتێک کەسێکی نزیک و ناسراویان لە ئازاردا بێت خەمگین و مڕومۆچ دەبن.

باڵندە خیانەتکارەکان
مرۆڤەکان تاکە بوونەوەر نین دڵپیسی لە خێزانەکانیان بکەن. لەو کاتەی نێرەی شینەباڵندە بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ دروستکردنی ھێلانە لە دەرەوە دەبێت ئەوا ڕەنگە خێزانەکانیان لەگەڵ نێرەی تر بچنە دەرەوە. نێرە خیانەتلێکراوەکان لە خێزانە ونبووەکانیان دەدەن کاتێ دەگەڕێنەوە، ھەروەھا پەڕوباڵیان دەتاشن و دەنووکیشیان دەشکێنن.

ھاوڕێیەتی دۆلفینەکان
دۆلفینەکان خۆشەویستی بۆ جۆری تری گیانەوەر جیا لە خۆیان دەردەبڕن. جۆرەھا دۆلفین کاری میھرەبانانەی وەک ڕزگارکردنی مەلەوانەکانییان لە دەست قرشە سەر چەکوشەکان ئەنجام داوە. ھەندێک دۆلفینی بەخشندە ڕێنمایی نەھەنگەکانیان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ دەریا. بەڵام زۆربەی شیردەرە ئاوییەکان نیازپاکییان بەرامبەر ئەوانی تر بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردێنن- ھەروەکوو مرۆڤ کە بنەمای ئەخلاقی “تۆ پشتی من بخورێنە منیش ھی تۆ دەخورێنم” بە کار دێنێت کە تەنھا پێویستی بە میھرەبانی و بەخشندەییەکی سادە و ڕۆتینی ھەیە.

ئایا سەگەکان ھەست بە پەشیمانی دەکەن؟
لە کاتێکدا ھاوسۆزی و بەخشندەیی شتێکی باوە لەناو ئاژەڵاندا، ھەستکردن بە تاوان ڕەنگە تایبەت بێت بە مرۆڤ. بەپێی توێژینەوەیەک ھەست بە تاوانکردن لای سەگەکان ئاماژە بە پەشیمانی سەگەکە ناکات.
لە توێژینەوەکەدا سەگە ماڵییەکان لە شوێنێکدا کۆ کرانەوە و بە خاوەنەکانیان گوترا کەوا سەگەکان خواردنێکی قەدەغەکراویان خواردووە. لەگەڵ ئەوەی تەنھا بەشێکی سەگەکان خواردنەکەیان خواردبوو، بەڵام ھەموو سەگەکان خەمبار بوون و وا دەردەکەوتن خۆیان بە تاوانبار بزانن ئەمەش تەنھا کاردانەوەیەک بۆ توڕەبوونی خاوەنەکانییان، نەوەک ھەستکردن بە پەشیمانی.

ئامادەکردن: عەبدوڕەحمان ئەبووبەکر

وشەکان:
Bluebird: شینەباڵندە
hammerhead shark:قرشی سەر چەکوش
cetaceans: شیردەرە ئاوییەکان

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/24800-animals-emotions-morality.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button