بابەتگەردوونناسی

خەیاڵێک، خەون و پلانێکی زانستی، ئامادەکردنی ھەسارەی بارام (مەریخ) بۆ ژیان بە چەشنێک، ببێتە ماڵی دووھەمی مرۆڤایەتی.

خەیاڵێک، خەون و پلانێکی زانستی، ئامادەکردنی ھەسارەی بارام (مەریخ) بۆ ژیان بە چەشنێک، ببێتە ماڵی دووھەمی مرۆڤایەتی.

چۆن ئامادەکاری بۆ ئەمە دەکرێت؟

ھەندێک لە لایەنە خراپەانی ئەو ھەسارەیە بۆ لەئامێزگرتنی ئێمەی مرۆڤ؛
– بەرگەھەوایەکی فرە تەنکی ھەیە. بە ڕاددەیەک، یەک بە سەدی بەرگەھەوای زەوی تەنکترە.
– چ ئۆکسجینێکی بەرەڵا لە بەرگەھەواکەیدا نییە، بەڕێژەی 95% دوانەئۆکسیدی کاربۆن پێکی هێناوە.
– چون بەرگەھەوای تەنکە، تیشکە گەردوونییەکان بە ھاسانییەکی زۆر بە ڕووکاری ھەسارەکە دەگەن، بەمەیش چەند ھێندە پتر کاریگەر و کوشندەن.
– کەشوھەوایەکی ساردی ھەیە، بۆ ژینی مرۆڤ لەبار نییە.
– ئاوی پێویستی تێدا نییە. بەم دواییانە لە جەمسەرەکانیدا ئاو دۆزرایەوە، وەلێ بۆ پێویستیی مرۆڤ بەس نییە.
– خاکێکی بەفەڕی پێوە نییە، ھەربۆیە ڕووەکگەلی ئاسایی ناتوانن ژینی لەسەر بگوزەرێنن.

دەیان کێشەی گەورە و گچکەی دی.

ئەم کارە کاتێکی زۆر دەخوازێت، پتر لەوەی لە خەیاڵتدایە، ھەندێک لە زانایان دەڵێن؛ نزیکەی سەد ھەزار ساڵی گەرەکە بۆ ئەوەی بەر بە بەرگەھەوایەکەوە بدەین، کە مرۆڤ ھەناسەی پێبدات!

یەکەم؛ گەرمییەبۆمبە ناوکییەکان بە ڕووی ھەسارەکەدا دەتەقێنینەوە، بە ئارمانجی گەرمبوونەوەی.

دووھەم؛ دەست دەدەینە گۆڕینی کەشی ھەسارەکە و، قەتیسکردنی گەرمیی زیاتر بە ھۆی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنەوە.

سێھەم؛ ئامێری میساندەردەر* دادەبەزێنینە سەر ھەسارەکە و دەست بە کارەکانی دەکات، میسانیش بە وێنەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، بەشدارێکی کارایە لە قەتیسکردنی گەرمیدا (بە ھۆی دیاردەی ماڵە شووشەییەکانەوە).
گازی میسانیش لە ھەردوو ھەسارەی نیپتۆن و ئۆرانۆس، بە برێکی زۆر ھەن، ھەر ھەمان ھۆکاریشە شینباو چوونەتەوە.

– ئێستا ھەسارەکە گەرمتر داگەڕاوە.

چوارەم؛ سەھۆڵەکانی جەمسەر دەتوێنەوە و، ئەمێستا ئاویشمان چنگ خستووە، لێ ھێشتاکە بەس نییە، زیاترمان ئەوێت، ھەربۆیە؛

پێنجەم؛ بە بەردەبۆشایی و هەسارۆکەکان، بۆمبارانی دەکەین، چون ئەمانە، بڕێکی چاک سەھۆڵیان تێدا هەیە، ھەروەتر، وەختێک دەگەنە نێو بەرگەھەوا ڕووبەڕووی پاڵەپەستۆ و دژەھێزی تەنۆڵکەکانی بەرگەھەوا دەبنەوە، ئیدی بەشێکی زۆریان دەبنە ھەڵم و دەچنە نێو بەرگەھەوا.

– ئیتر، وا ھێدی ھێدی بەرگەھەوایەکی لەبار تەیار دەکەین.

شەشەم؛ ڕووەکگەلێکی بۆماوەگۆڕدراو** لەوێندەرێ دەچێنین، بۆ ئەوەی ئۆکسجین بەرھەم بھێنن و پاشتریش دەریدەنە نێو بەرگەھەواکەیەوە.

حەفتەم؛ پاشی ڕووەک، لە بەردەوامیی پڕۆسەی ئامادەکردن بۆ ژیان، وردەزیندەوەری بۆماوەگۆڕدراویش بۆ ئەوێ دەنێرین.

ھەشتەم؛ بە چاپکەری سێڕەھەندی، خانووی سێ‌ڕەھەندیی ‌چاپکراو دروست دەکەین. بەم ئامێرە سێڕەھەندییە چاپکەرانە، خۆ لە ماندووبوون و وزە بەفیڕۆدان دەبوێرین، ڕۆبۆتەکان لەبری ئێمە کارەکانمان ڕادەپەڕێنن.

بەم جۆرە، مرۆڤایەتی ماڵی دووەمی پێکدەنێت، ڕەنگە چەند ملیۆن ساڵێکی تر(ئەگەر قڕمان تێنەکەوت) نەوەکانی پاشتر، بەتەواوی بارگەوبنەیان لە زەوی ڕابگوێزن. کێ چوزانێ، ڕەنگە زانستی ئەو وەخت وا بخوازێ، نەک ڕووەو بارام، بەڵکە ڕووەو گەلەستێرەیەکی دی سەرھەڵبگرن!
__________
* ئامێری میساندەردەر، ئامێرێکە بە بەکاربردنی توخمگەلی دی، لەڕێگەی چەند کردارێکی کیمیاییەوە، بەر بە میسان ئەدات.

**بوونەوەری بۆماوەگۆڕدراو، لەڕێگەی ئەندازیاریی بۆماوەییەوە، پسپۆڕان دەستکاری کۆھێڵی بوونەوەرەکە دەکەن و، بە ویستی خۆیان بۆ دۆخگەلێکی تایبەتی دەیانسازێنن.

فەرھەنگۆک؛

بارام، مەریخ، مارس- mars
چاپکەری سێڕەھەندی- 3D printer
ئامادەکردن بۆ ژیان- terraform
گەرمییەبۆمبی ناوکی- heat nuclear bomb
میسان – methane
بۆماوەگۆڕدراو- genetically engineered
وردەبوونەوەر- microorganism
کۆھێڵ- genome

سەرچاوە:
https://www.space.com/16903-mars-atmosphere-climate-weather.html

ُئامادەکردنی: شەنیار جەلال

پۆستە هاوشێوەکان

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button