بابەتمێشک

گۆڕانی بڕواکانمان پەیوەندی بە ئاستی دۆپامین لەناو مێشکدا هەیە

گۆڕانی بڕواکانمان پەیوەندی بە ئاستی دۆپامین لەناو مێشکدا هەیە
پرسیارێکی زۆر جدی ئەوەیە کە کاتێک ئێمە بڕوامان بە شتێک هەیە ئایا ئەو بڕوایە کاریگەریی فیزیۆلۆژیکی هەیە یان نا؟ ئایا دەستکاریی تایبەتمەندییە فیزیۆلۆژیکییەکانمان تا چ ڕادەیەک دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی بڕواکانمان؟!
بۆ یەکەم جار، زانایان توانییان لە کاتی گۆڕانی بڕواکان لە ماوەیەکی کورتدا، وێنەگری لە چالاکی مێشک بکەن و لە ئاکامدا بەوە گەیشتن کە گۆڕانی بڕواکان پەیوەندی بە ئەرکی دۆپامینەوە هەیە. زانایانی بریتانیایی چاودێریی چالاکیی مێشکیان کرد لە کاتێکدا کەسانێک بڕواکانیان لەسەر هۆکاری دەرک و تێگەیشتن دەگۆڕی، ئەنجامەکانی ئەم تویژینەوەیە دەتوانێت زانیاریمان بداتێ کە چۆن مێشک دەبێتە هۆی پێکهاتنی بڕواکان.
یەکێک لە ئاستەمترین پرسەکان کە مێشک چارەسەری دەکات ئەوەیە کە ژینگەی دەرەوە لەناو مێشکدا بنوێنێت و کاتێک گۆڕانێک لە ژینگەی دەرەوەدا پێک دێت مێشکیش چۆنیەتیی نواندنی ئەو زانیارییانە لەناو خۆیدا نوێ بکاتەوە. توێژینەوەکانی پێشوو لە قرتێنەرەکاندا دەریانخستبوو دۆپامینی دەمارەگەیەنەرەکان، پەیوەندی بە چۆنیەتیی جێبەجێبوونی ئەم کارەوە هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە بۆ مرۆڤەکان لەبەر دەستدا نەبوو.
گرووپێک توێژەری بریتانیایی داوایان لە گرووپێک لە کەسانی خۆبەخش کرد کە بڕواکانیان لەسەر ژینگەی دەورەبەر بگۆڕن و لەو کاتەدا وێنەیان لە مێشکیان گرت. مەتیۆ نۆور بەڕێوەبەری توێژینەوەکە دەڵێت “بڕواکانی ئێمە سەبارەت بە دنیا لەسەر زانیارییەکەوە دروست دەبن کە لە هەستەکانمان وەریدەگرین. کاتێک هەستەکانمان تووشی سەرسووڕمانمان دەکەن، لەوانەیە واتای ئەوە بێت کە گۆڕانێک لە دەرەوە ڕووی داوە و دەبێت بڕواکانمان نوێ بکەینەوە. بۆ وینە ئەگەر پێمان وترابێت لە دەرەوە خۆرەتاوە، پاشان گوێمان لە خوڕەی باران بێت، بڕواکەمان دەگۆڕین.”
لەم توێژینەوەیەدا داوا لە بەشداربووان کرا کە کاردانەوەیان بەرامبەر بە کۆمەڵێک دەنگ و وێنە هەبێت کە هەندیک جار دەبوونە هۆی سەرسووڕمان و گۆڕانی بڕوای بەشداربووان لەسەر ژینگەی دەرەوە. لە ڕێگەی fMRI چاودێریی چالاکیی مێشکی بەشداربووانیان دەکرد و لە ڕێگەی سکەنی PET چاودێریی سیستمی دۆپامینیان دەکرد کە لە ئاکامدا بەوە گەیشتن پەیوەندییەک لە نێوان چالاکیی مێشک و ئەرکی دۆپامیندا بوونی هەیە.
لە کاتێکدا توێژینەوەکانی پێشوو پەیوەندیی نێوان ئەرکی دۆپامین و فێربوون لە کاتی پاداشت وەرگرتنیان دۆزیبۆوە، ئەم توێژینەوە نوێیە یەکەم توێژینەوەیە کە پێمان دەڵێت لەوانەیە دۆپامین ئەرکێکی زیاتری هەبێت لە نوێبوونەوەی بڕواکانی مرۆڤدا.

وشەکان:
Dopamine دۆپامین
Belief بڕوا
Perception دەرک
Represent نواندن
fMRI وێنەگریی زرنگانەوەی موگناتیسیی ئەرکی
(PET) Positron Emission Tomography

سەرچاوە:
https://medicalxpress.com/news/2018-10-scientists-beliefs-dopamine-brain.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button