بابەتتەندروستی

کاتێک باوکان وەرزش دەکەن، لەوانەیە منداڵەکانیشیان لێی سوومەند بن

کاتێک باوکان وەرزش دەکەن، لەوانەیە منداڵەکانیشیان لێی سوومەند بن
بەپێی توێژینەویەکی نوێ، ئەو مشکە نێرانەی زۆر جموجۆڵیان هەیە، بێچووەکانیان تەندروستترن، هەرچەند هێشتا دڵنیا نین کە ئەم ئەنجامە بۆ مرۆڤیش دروست بێت.
پێشتر زانایان ئەویان دەزانی کە وەرزشکردنی خراپ یان عادەتی خواردنی خراپ، دەتوانێت کاریگەری لەسەر منداڵەکانیان دابنێت. ئەو دایکانەی کە لە کاتی دووگیانیدا قەڵەون، ئەگەری ئەوەی کە منداڵەکەیان قەڵەو بێت زۆرترە و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی مێتابۆلیک زیاترە. توێژینەوەیەکی دیکە ئاشکرای کردووە ئەو جرجانەی کە خواردنی بە چەوریی بەرز زۆر دەخۆن، بێچووەکانیان بە شێوەی ئاسایی وەڵامی گلوکۆزیان نەداوەتەوە کە هێمای شەکرەی جۆری ٢ە.
بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێچەوانەکەشی دروستە، کریستین ستانفۆرد، پسپۆڕی فیزیۆلۆژی لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ و هاوکارەکانی، بۆ ماوەی ٣ هەفتە خواردنی دەوڵەمەند بە چەورییان دا بە کۆمەڵێک مشک. گرووپێک لە مشکەکان دەستیان بە جۆرێک چەرخ ڕادەگەیشت کە شەوانە بەشێوەی مامناوەندی نزیکەی ٦ کیلۆمەتر ڕایان دەکرد لەسەری، بەڵام ئەوانی تر خەریکی کرتاندنی پەتاتە بوون. دواتر نموونەیان لە سپێرمی کرتێنەرەکان هەڵگرت و پاشان ڕێگەیان دان کە لەگەڵ مشکە مێیەکان جووت ببن.
ستانفۆرد و هاوکارەکانی بۆ ماوەی ساڵێک بەدواداچوونیان بۆ دۆخی بێچووەکانیان کرد کە دەکاتە نزیکەی نیوەی تەمەنی مشکێک. سەرەڕای ئەوەی کە باوکی مشکەکان هەردووکیان یەک جۆر خواردنی پڕچەورییان خواردبوو، بەڵام مێتابۆلیسمی باوکیان بە میرات بۆ مابۆوە. ئەوانەی باوکیان وەرزشی کردبوو وەڵامدانەوەیان بە زیادبوونی گلۆکۆزی خوێن باشتر بوو و ئاستی ئینسولینیان کەمتر بوو کە هەردووکی ئەمانە هێمای مێتابۆلیسمێکی باشن.
هێشتا توێژەران دڵنیا نین کە هەمان ئەنجام بۆ مرۆڤیش دەست دەکەوێت، هێشتا زووە بۆ ئەوەی باوکان خۆیان ئامادە بکەن بۆ ماراتۆن، بەڵام هیوای ئەوە هەیە ئەگەر پیاوان وەزش بکەن منداڵەکانیان تەندروستتر بن.

وشەکان:
Metabolism مێتابۆلیسم
Insulin ئینسولین

سەرچاوە:
http://www.sciencemag.org/news/2018/10/when-fathers-exercise-their-future-offspring-may-benefit-mouse-study-suggests

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button