بابەتگەردوونناسی

دەرکەوتنی سێ شت سەبارەت بە کەیوان لە دوائەرکی کاسینیدا

دەرکەوتنی سێ شت سەبارەت بە کەیوان لە دوائەرکی کاسینیدا

پێش ئەوەی بۆشاییگەڕی (کاسینی) بۆ ھەمیشە ڕۆبچێتە ھەسارەی کەیوانەوە، سێ سەمەرەی ئەو ھەسارەیەی بۆ ئاشکرا کردین.

مانگی سێپتەمبەری بوری، پێش ئەوەی کاسینی بۆشاییگەڕ نوقمی ھەسارەی کەیوان ببێت و ئیدی ببێتە خۆڵەمێش، 22 سووڕی کۆتایی بەدەوری ھەسارەکەدا لێدا. لە ئەرکێکدا کە نێوی لێنرابوو(دووماھیی مەزن) کە ئەویش پێش ڕۆچوونی کۆتایی، بە نێوان کۆھسارەکە و ئەڵقەکانیدا چەندین جار دیواودیوی کرد. ئێستا لێکۆڵەران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی داتاکانی ئەو ئەرکەی کاسینین و ھەندێ سەمەرەیان لەمەڕ ھەسارەکە چنگ کەوتووە.

بواری موگناتیسی کەیوان، بەشێوەیەکی سەیر پانبووەتەوە

بواری موگناتیسی ھەموی ھەسارەکانی کۆمەڵەی خۆری خۆمان، ھەر یەکە و بەڕادەیەک لاربووەتەوە، بۆنموونە بوارە موگناتیسییەکەی نێپتون، 47 پلە لار بووەتەوە. بەڵام بواری موگناتیسیی کەیوان، ڕاست و قیت بووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە، ئەو بیردۆزانەی ئەمێستامان پێمان دەڵێن؛ بوونی ئەم چەشنە بوارە، ئاستەمە.
میشێڵ دۆگھەتی لە کۆلێجی شاھانەی لەندەنەوە دەڵێت: “ئەگەر ھەسارەیەک بوارەکەی لاربوونەوەی نەبێت، ئەوە پێشبینی ئەوەی لێبکە ھێدی ھێدی بوارەکەی کەم ببێتەوە تاوەکوو لەکۆتاییدا لەبەین دەچێت،
بەڵام لە ئەرکی (دووماھیی مەزن)دا شتگەلی زۆرمان چنگ کەوت و بۆمان دەرکەوت وەھا نییە!”
ئەمە دەکرێت واتای ئەوە بێت، کەیوان جیاواز لە ھەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆری ئێمە، بوارەکەی دروست دەکات. ڕەنگە بوارەکەی لەڕێگەی چەندەھا چینە تەنۆلکەوە- ھاوشێوەی پاژەکانی پیاز- بەرھەم بھێنێت، لەبری ئەوەی لە دروستکردنیدا، تەنھا یەک ناوچەی دیاریکراو وەکار ببات.

لە نێوان ئەڵقەکانی کەیواندا، شتگەلی زۆر ڕوو دەدەن.

تەنانەت لە نێو ئەو مەودا شێوەبۆشەی نێوان ڕووی ھەسارەی کەیوان و ئەڵقەکانیدا ھەیە، ڕووداوی فرە ھەن. دۆگھەتی دەڵێت: “لە نێوان ئەڵقەکان و سەرەوەی بەرگەھەواکەی چەشنێک پەیوەندی ھەیە، خۆی تەنیا ئەوەیە، پێمان وانەبوو شتێکی وەھا لەوێدا ڕەگی داکوتا بێت، ھەر بۆیە ئەمە تەواو تووشی سەرسوڕمانی کردین.”
ئەو پەیوەندییەش، لەشێوەی لێشاوێکی ئەلێکترۆندایە، لەنێوان ئەڵقەکان و بەشی سەرەوەی بەرگەھەواکەیدا. دۆگھەتی وتی: “بۆمان ڕوون نییە ھۆکاری بوونیان لەوێدا چییە یاخود بۆچی لەوێن، بەڵام بەئومێدەوەین لەڕێگەی وێکخستنەوەی داتاکانی ئامێرە جوداکانی کاسینییەوە، وەڵامێکمان چنگ بکەوێت.”

ویڵیەم کەرس لەزانکۆی لۆواوە دەڵێت:” بە تەنیا ئەو لێشاوانە باسەکە نین، بەڵکوو پشتێنەیەکی تیشکاوەرییشی لەتەکدایە، کە لەو تەنۆلکە بەوزانەوە سەرچاوە دەگرێت، وا لەنێوان ئەڵقەکان و ھەسارەکەدا قەتیس ماون. ئەم پشتێنە، ھاوشێوەی پشتێنەکانی ڤان ئاڵەنی* زەویین کە بۆ ئەو کەشتیوان و کەشتییە ئاسمانییانەی بەنێویدا ڕادەبوورن، مەترسیدارە.”
کەرس درێژەی دەداتێ و دەڵێت: ” چون کەیوان لە سیستەمەئەڵقەییەکەی ئاڵۆز ساز بووە، ڕوون نییە ئەم تەنۆلکانە چۆن بەوێدا گەییشتوون، خۆ ناشتوانن لە دەرەوەی ئەم ھێڵەوە تەنۆلکەی بەوزە دەست بخەن، ھەر بۆیە تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەم پشتێنەیە دروست بووە، لە تێگەیشتن لە ناوچەگەلی تیشکاوەری ھاوشێوەی ئەمە لەسەر ھەسارەکانی تر ھاوکارمان دەبێت.”

ئەڵقەکانی کەیوان، ھاوتای 1800 ترۆمبێل لە خولەکێکدا، دادەبارێنە نێو ھەسارەکەوە.

لەنێوان دیوی ناوەوەی ئەڵقەکانی کەیوان و ترۆپکی بەرگەھەواکەیدا، سێڵاوێکی بەخوڕی وردەتەنۆلکەی داباریو ھەیە بۆ نێو ھەسارەکە بەنێوی؛ ئەڵقەباران. کاسینی دۆزییەوە کە لە ھێڵی کەمەرەیدا، ئەڵقەکە بەڕاژەی 45 ھەزار کیلۆگرام لە ھەر چرکەیەکدا تۆز، سەھۆڵ و گاز بۆ نێو ھەسارەکە دادەبارێنێت.
ئەمەش دروست بەرانبەر بە دابارینی 1800 تڕۆمبێلە بۆ نێو ھەسارەکە لە ھەر خولەکێکدا. ئەم داڕژانەی ئەڵقەکە بۆ ناو کۆھسارەکە، مانای ئەوەیە ئەڵقەکانی کەیوان خێراتر لەوەی بیرمان لێدەکردەوە، ون دەبن.

ھەنتەر وایت لە پەیمانگای توێژینەوەی باشوری ڕۆژئاوا لە تێکساس دەڵێت: “ھەرچەندە کە ئەڵقەکان بەزۆری لە بەفری ئاو پێکھاتوون، بەڵام بارانەکە زۆر ھەمەچەشنترە، ئامۆنیا، نایترۆجین، میسان و بگرە تەنۆلکەی ئەندامی ئاڵۆزتریشیان تێدایە. بەمەش دەکرێت بەسەر پێکھاتەی کیمیایی چینە بەرزەکانی کەیوانەوە، کاریگەریی ھەبێت.”
ھۆکاری ئەوەی لەوەپێش ئەو دابارینە بەخوڕە دیار نەبووە، ئەوەیە؛ بەسەر ناوچەیەکی فراواندا دادەبارێت، و لەڕاستیدا ئەمە پتر لە تەمومژێکی تەنکۆڵە ئەچێت وەک لە بارانبارین، تەمومژێک کە ھێندە تەنۆلکەکانی بچوکن، ھەر ناشتوانی بیانبینیت. لەو باوەڕەدا نیم گەر بچیتە ئەوێ و دروست بەسەریشتدا دابارن، هیچ ھەستیان پێبکەیت!”

__________
*پشتێنەی ڤان ئاڵەن – van allen belt؛ ناوچەیەکی تژیی لە تەنۆلکەی بەوزە و بارگاوییە، کە زۆرینەیان سەرچاوەکەیان خۆرەبایە، ئیدی کێشەھێزی ئەو کۆھسارانە، ئەم تەنۆلکانە بەدەوروبەری خۆیاندا دەھێڵنەوە و قەتیس دەمێنن.

فەرھەنگۆک؛

کەیوان، زوحەل-saturn
کاسینی- cassini
دووماھیی مەزن- grand finale
بواری موگناتیسی- magnetic field
ئەڵقەباران- ring rain
ستێرکەڕەشەبا، خۆرەبا-solar wind

ژێدەر؛
https://www.newscientist.com/article/2181614-cassini-revealed-three-big-surprises-before-diving-into-saturn/?cmpid=ILC|NSNS|2018_webpush&utm_medium=ILC&utm_source=NSNS&utm_campaign=webpush-Roost-cassinisurprises

شەنیار جەلال

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button