بابەتتەکنەلۆجیا

توێژینەوەیەک لەسەر ئۆتۆمبیلە خۆئاژۆکان دەریدەخات کە بڕیارە ئاکارییەکانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا وەک یەک نین

توێژینەوەیەک لەسەر ئۆتۆمبیلە خۆئاژۆکان دەریدەخات کە بڕیارە ئاکارییەکانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا وەک یەک نین
کاتێک کەسێک بە شێوەی نایاسایی لە شەقامەوە تێدەپەڕێت و شۆفیرێک بۆ ئەوەی لێی نەدات، پێ دەخاتە سەر ڕاگری ئۆتۆمبیلەکەی، بڕیارێکی ئاکاری دەدات. ئۆتۆمبیلە خۆئاژۆکان کە بەمزووانە دەبنە بەشێک لە ژیانی ئێمە، دەبێت ڕۆژانە سەدان بڕیاری لەو شێوەیە بدەن، بەڵام پرسیارێکی گرینگ هەیە ئەویش ئەوەی کە ئایا بڕیارە ئاکارییەکانی ئەم ئۆتۆمبیلانە دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا یەکسان بن؟
لە ڕاپرسییەکدا کە ٢.٣ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا تێیدا بەشدار بوون و گەورەترین ڕاپرسیی ئاکارناسیی ماشینەکانە تا ئێستا، دەرکەوت کە بڕیارە ئاکارییەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە زۆر جیاوازن. بۆ وێنە لە سیناریۆیەکدا کە ئەگەری ئەوە هەیە چەند کەسی سەرنشین و ڕاگوزەر بمرن، خەڵکی وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمتر نیگەرانی کەسە ڕاگوزەرەکانن کە بە شێوەی نایاسایی هاتوونەتە ناو شەقامەوە.
ئیاد ڕاوان هانووسەری توێژینەوەکە و زانای کۆمپیوتەر لە زانکۆی ئێم.ئای.تی دەڵێت “ئەو کەسانەی کە لەسەر ئاکاری ماشین بیر دەکەنەوە، پێیان وایە کە دەکرێت کۆمەڵێک یاسای بێكێشە و تەواو بدەین بە ڕۆبۆتەکان، بەڵام ئێمە پیشانمان داوە کە ئەم یاسا ئاکارییانە بۆ سەرانسەری جیهان وەک یەک نین”
لە ڕاپرسییەکەدا ١٣ سیناریۆ هەبوون کە لە هەر کامیاندا حەتمەن کەسانێک دەمردن. داوا لە بەشداربووان کرا کە ئەگەر ناچار بن لە پاراستنی کەسەکاندا گروپێک هەڵبژێرن کام گرووپ هەڵدەبژێرین بۆ وێنە کەسەکان بەتەمەن یان لاو بن، دەوڵەمەند یان هەژار بن، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەگەری مردنیان هەیە زۆرتر بێت یان کەمتر.
بەبێ جیاوازیی تەمەن لە سەرانسەر دنیادا هەموو پاراستنی مرۆڤەکانیان لە ئاژەڵەکان و پاراستنی گرووپێکیان لە پاراستنی کەسێک بۆ گرینگتر بوو. بەڵام تەنیا لەسەر ئەوەندە هاوڕایی هەبووە!
توێژەران خەڵکی وڵاتەکانیان دابەش کردە سەر سێ گرووپ: گرووپی یەکەم وڵاتانی ئەمریکای باکوور و چەند وڵاتی ئەورووپایی کە تێیاندا مەسیحیەت ئایینی زاڵە؛ گرووپی دووهەم وڵاتی ژاپۆن و ئەندۆنیزیا و پاکستان کە ئیسلام و میراتی ئایینی کۆنفسیۆسی باوە؛ گرووپی سێهەم ئەمریکای باشوور، فەڕانسە و کۆڵۆنییەکانی پێشووتری فەڕانسە. گرووپی یەکەم بە ڕادەیەکی بەرچاو پاراستنی کەسانی لاویان لە کەسانی بە تەمەن بۆ گرینگتر بوو.
توێژەران هەروەها لە نێوان هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیشدا پەیوەندییان دۆزییەوە. بۆ وێنە ئەو وڵاتانەی کە ژێرخانی حکومەتیی پتەویان هەیە وەک ژاپۆن و فینلاند، کەمتر نیگەرانی ئەو کەسانە بوون کە بە شێوەی نایاسایی بە شەقامدا تێدەپەڕن.
لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی جیاوازیی چینایەتی کەمە بۆ وێنە فینلاند، بەشداربووان گرینگییەکی ئەوتۆیان بەوە نەدا کە قوربانییەکە باری ئابووری چۆنە، بەڵام لەو وڵاتانەدا کە جیاوازیی چینایەتی زۆرە بۆ وێنە کۆڵۆمبیا، ئەگەری هەڵبژاردنی قوربانییەک لە چینێکی هەژاری کۆمەڵگا زیاترە.
لەم وێنەیەدا کورتەیەک لە ئەنجامی توێژینەوەکە دەبینن:

ئێوە کام پێوەرتان بۆ گرینگە؟ ڕەگەز، چینی کۆمەڵایەتی، ژمارەی قوربانیان، ڕەنگی پێست، ئایین، تەمەن، باری تەندروستیی کەسەکان؟

سەرچاوە:
https://www.nature.com/articles/d41586-018-07135-0

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button