بابەتگەردوونناسی

سەرەتا چۆن ئاو لەسەر زەوی دروست بوو؟

سەرەتا چۆن ئاو لەسەر زەوی دروست بوو؟
بەشە پێکهێنەرەکانی ئاوی زەوی لە کوێوە هاتوون؟ بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، لایکەمی بەشێکی پێکهێنەرەکانی ئاو لە هەورێکی گازی و تەپوتۆزێک پێکهاتوون کە بە دەوری خۆردا سووڕاوەتەوە. ئاو لە دوو ئەتۆمی هایدرۆجین و ئەتۆمێکی ئۆکسیجن پێکهاتووە و بە ئەگەری زۆر، زۆربەی هایدرۆجینی زەوی چەند ملیارد ساڵ لەمەوبەر لە ئەستێرۆکە بەردینەکانەوە هاتووە.
توێژەران لە توێژینەوە نوێیەکەدا دەڵێن “نزیکەی یەک لە سەدی مولکولەکانی ئاوی زەوی لە هەورێکی خۆرییەوە هاتوون.”
لە سەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆردا، ئەم هەورە –ماددەیەک کە پاش پێکهاتنی خۆر بەجێ ماوە- بڕێکی زۆر هایدرۆجینی تێدا بووە. تا پێش ئەم توێژینەوەیە، توێژەران لەسەر ئەو ڕایە نەبوون کە وەها هەورێک هایدرۆجینی زەوی پێک هێنابێت.
بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئاوی زەوی لە کوێوە هاتووە، زانایان لە ڕێژەی ئیزۆتۆپەکانی هایدرۆجینیان ڕوانی –ئەو جۆرانەی هایدرۆجین کە ژمارەی نیۆترۆنەکانیان جیاوازە کە لە ئاکامدا بارستایی ئەتۆمەکانیان جیاواز دەبێت.
ڕێژەی هایدرۆجینی ئاسایی و دیوتێریۆمی –ئیزۆتۆپێکی قورستر- ئاوی ئۆقیانووسەکان، لەگەڵ ڕێژەی ئەوەی ئاوی ئەستێرۆکەکان یەکسانە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئاوی زەوی لە ئەستێرۆکەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت.بەڵام هایدرۆجینی ناو زەوی شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت، ئاوی قووڵایی زەوی، لە شوێنی پێکگەیشتنی کەوڵ و ناوەکی زەوی، لە بەراورد بە ئاوی ئۆقیانووس، ڕێژەی دیۆتریۆمەکەی لە هایدرۆجینەکەی کەمترە.
بەپێی مۆدێلە نوێیەکە، کاتێک کە چەند ملیارد ساڵ لەمەوبەر ئەستێرۆکە بچووکەکان بەر یەک کەوتن و پارچەیەکی گەورەتر واتە زەوییان پێکهێنا، هایدرۆجینی هەورەکە تێکەڵ بە زەوی بووە کە ئەو کات زەوی ماگمایەکی تواوە بووە و هایدرۆجینەکە بەرەو ناوکە موگناتیسییەکەی ڕۆیشتووە. لە هەمان کاتدا، هایدرۆجینی ئەستێرۆکەکان، تێکەڵ بە ئەو بەشەی زەوی بوو کە ئێستا بە کەوڵی زەوی دەناسرێت.
زانایان دەڵێن، بڕە ئاوێکی زۆر لەناو هەسارەکەماندا شاراوەتەوە، “دوو ئۆقیانووس لە کەوڵی زەوی و چوار بۆ پێنج دانە لە ناوەکی زەویدا”. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ئاو لە هەسارەکانی دیکەشدا چۆن پێک دێت.

وشەکان:
Mantle کەوڵی زەوی
Core ناوەکی زەوی
Deuterium دیوتێریۆم
Isotope ئیزۆتۆپ
Asteroid ئەستێرۆکە
Solar nebula هەوری خۆری

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/64051-earth-water-came-from-sun.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button