بابەتتەندروستی

کاریگەریی کاری شەوانە و شێوەژیانی ناتەندروست لەسەر شەکرە

کاریگەریی کاری شەوانە و شێوەژیانی ناتەندروست لەسەر شەکرە

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، ئەو ژنانەی که شیفتی کاری شەوانەی نۆرەکی و پچڕپچڕیان هەیە و هەروەها شێوەژیانێکی ناتەندروستیان هەیە، ڕووبەڕووی مەترسیی لە ڕادەبەدەری تووشبوون بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە دەبنەوە.
ئەوەی که شێوەژیانی ناتەندروست وەکوو سیگارکێشان، خواردنی کەمبژوێن و وەرزشی کەم، و هەروەها قەڵەوبوون ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە دەباتە سەر، شتێکی سەلمێندراوە.
شیفتی کاری، بەتایبەت شیفتی کاری شەوانەش پێوەندی هەیە بە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە.
بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە لە توێژینەوەیەکدا، کاریگەریی هەردوو هۆکاری شێوەژیانی ناتەندروست و شیفتی کاری پچڕپچڕی شەوانە پێکەوە هەڵدەسەنگێندرێت. ئاکامی توێژینەوەکە نیشان دەدات که کاتێک کە ئەو دوو هۆکارە پێکەوە هەبن، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە، زۆر زیاترە لە کۆی کاریگەریی هەر دووک هۆکار بەجیا.
توێژینەوەکە لەسەر بنەمای زانیاریی زیاتر لە ١٤٣ هەزار پەرستار ٸەنجام دراوە که لە سەرەتادا تووشی نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە، نەخۆشی دڵ و دەماری، و شێرپەنجە نەبوون و بەردەوام لە ماوەیەکی زۆر درێژخایەندا ڕاپرسیان لێ کراوە لەسەر شێوەژیان و دۆخی تەندروستیان.
پەرستاری پیشەیەکە کە پێویستی بە کاری ٢٤ سەعاتییە. واتە، پەرستارەکان دەبێت تێکەڵێک لە ڕۆژ، ئێوارە و شەو کار بکەن که ئەمەش دەتوانێت تێکدەری کارە ڕۆتینە تاکەکەسییەکان و ڕیتمی بیۆلۆجیکی بێت.
شێوەژیانی ناتەندروست لە توێژینەوەکەدا بەم ٤ پێوەرەوە هەڵسەنگێندرابوو: کێشی زۆر (نوانەی بارستایی جەستەی سەروو ٢٥)، جگەرەکێشان، وەرزشی ڕۆژانەی کەمتر لە ٣٠ خولەک، و خواردنی کەمبژوێن (کەم له میوە، سەوزی، فندق، تەواودەنک و زۆر لە گۆشتی پەرداوتەکراو، چەوریی ترانس، شەکر و خوێ).
دوای ٢٢ تا ٢٤ ساڵ لێپرسینەوەی بەردەوام، نزیک ١١ هەزار لەو ١٤٣ هەزار پەرستارە، وتیان که تووشی نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە بوون.
بۆ هەر ٥ ساڵێک کە پەرستارەکان نۆرەکی شیفتی شەوانە بوون، نزیک ٣١% زیاتر تووشی نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە بوون. هەرکام لەو ٤ پێوەرە بۆ شێوەژیانی نادروست، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە زیاتر لە دوو بەرانبەری کردووە. ئەو کەسانەی که یەکێک لەو ٤ پێوەرەی ژیانی نادروستییان هەبووە و شیفتی کاریی نۆرەکی شەوانەشیان بووە نزیک ٣ بەرانبەر ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە بەرز بووەتەوە.
توێژەران ئەم بەرزبوونەوەی مەترسییە بە تێکدرانی خەو و سەعاتی بیۆلۆجیکی جەستە کە دەبێتە هۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکان، ڕێبازە مێتابۆلیکییەکان و هاوسەنگیی باکتریاکانی ناو هەناو لێک دەدەنەەوە.
توێژەران جەختیان کردووەتەوە کە ئاکامی ئەم توێژینەوە سەلمێنەر نییە و بۆ وڵامی سەلمێنەرتر پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.
کەواتە بۆ ٸەم پەرستارانەی کە شیفتی نۆرەکیی شەوانەیان هەیە، شێوەژیانی ناتەندروست زۆر مەترسیدارترە لە تووشبوونیان بە نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە! خەبەری خۆش ئەوەیە کە زۆربەی ئەم مەترسییانە بە هەبوونی ژیانێکی تەندروست زۆر کەم دەبێتەوە.

ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
وشەکان:
Life style شێوەژیان
Type 2 Diabetes
نەخۆشیی جۆری ٢ی شەکرە
Poor diet خواردنی کەمبژوێن
Nurse پەرستار
Cardiovascular دڵ و دەماری
Biological rythm ڕیتمی بیۆلۆجیکی
Body mass index نوانەی بارستایی جەستە
Nut فندق
Whole grain تەواودەنک
Trans fat چەوریی ترانس
Processed پەرداوتەکراو
Circadian rythm سەعاتی بیۆلۆجیکیی جەستە
Metabolic pathway ڕێبازی مێتابۆلیکی
Gut هەناو

سەرچاوە:
https://m.medicalxpress.com/news/2018-11-night-shifts-unhealthy-lifestyle-linked.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button